پارتی وەک حزبی تاقانە

پارتی وەک حزبی تاقانە
ھەموومان ئەوە دەزانین تاقانەکان لە کۆمەڵگای ئێمە بێ نەواترین کەسن ھەڵبەتە ئەگەر کەسێک نەبوو پشتگیری تەواوی بکات، ھەمیشە مافەکانی لە ژێر ھەڕەشەدایە و سەرکۆنەدەکرێت بەناحەق سەرەنجام ھەستێکی نامۆی پێ دەبەخشێت، بەڵام زۆرینەی جار دۆست و ھاوڕێی واھەن کە کەسە تاقانەکە ھەست بە ئاسودەیی دەکات بەجۆرێک واھەست دەکات بوونی ئەو جۆرە کەسانە نزیکترین کەسی ئەون کە پشتگیری دەکەن.
باروودۆخەی ئەمرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژیانی کەسێکی تاقانە دەچێت کە ھەموو دۆست و ھاورێکانی جێی دێڵن و پشتی تێدەکەن ئەوە بەتەنیا نا، بەڵکو گەلە کۆمەکی لێدەکەن و دەیانەوێت پشتی لە زەوی بدەن، چونکە ھەست ئەکەن ئەوەی پارتی بەدی دەھێنێت سەرووەریەکە بەتەنھا بۆ پارتی و پارتیەکان دەبێت ئەمەش ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بێ ئاگان لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کات دەسکەوت و سودەکانی بەتەنھا بۆخۆی نەوویستووە و بۆ ئەوەش خەباتی نەکردووە، بە پێچەوانەوە زۆربەی جار شایستە و ماف و دەسکەوتەکان کە حەقی ڕەوای پارتی بوونە ئەو پێشکەشی حزب و لایەنەکانی تری کردووە باشترین بەڵگەش لەم بارەیەوە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان و عێراق بوو تەنھا بۆ ئەوەی کۆدەنگی و یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی بێتەدی، بەڵام جێگای داخە ئەوانەی وەک دڵسۆز لە پارتی دێنەپێشەوە و خۆیان وەک لایەنی چاکەخواز نیشان ئەدەن، بەڵام واقیعی حاڵیان شتێکی ترە ئەمانە نەک دۆست نین، بەڵکو لە دوژمن و نەیار زیاتر وەک سەگی ھار گاز لە جەستەی پارتی دەگرن کە زۆرجار دوژمن و نەیاری نەتەوەی ناتوانن ھەڵسن بەو کارە.
ساتە وەختێک پارتی ھاتە مەیدانەکە تاقانەترین حزب بوو لە باشوری کورستان بە سەرکردایەتی باوکی روحی نەتەوەی کورد (بارزانی نەمر)،ئەو کاتەی بەیداخی شۆڕش و بەرخودانی ھەڵگرت دژ بە جەورو ستەمی سەرانی عێراق ھەر تاقانە بوو، پاشان دەسکەوت و قازانجەکانی خۆی بەسەر ئەوانی تر دابەشکرد ھەر تاقانەبوو لە رۆژگاری ئەمرۆش دا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرژەووەندی نیشتمانی و نەتەوەیی ئامادەیە قوربانی بەخۆی و ھێزە سیاسیەکەی بدات وەک ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بە چاوی خۆمان بینیمان لەمەشدا ھەر تاقانەیە، چونکە لایەنەکانی تر شکۆمەندیان لەدەست نایەت، ئەگەر وانیە بۆ لەکاتی داگیرکردنی کەرکوکی دڵی کوردستان و ھەڕەشە بۆ سەرخاکی پیرۆزی کوردستان، جگە لەپارتی ھیچ حزبێکی تر بە شێوازێکی کرداری نەھاتە دەنگ بۆ ئەوەی بەرگری لە کوردستان و شکۆی تاکی کورد بکات، ئێمە ھەرچی بڵێین دەربارەی تاقانەیی پارتی ھیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە، چونکە تاقانەکان لە کاتێکدا سەردەکەون کە بڕوایان بە خودی خۆیان ئامانجەکەیان ھەبێت لەوەشەدا پارتی دەسبەرداری متمانە و بیروباوەڕی کەسیەتی خۆی بۆ بەرژەوەندیە باڵاکان نەبووە و ھیچ کاتێکش لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان درێغی نەرکردووە، ھەر بۆیە سەرکەوتن و چوونە پێشەوە بۆ پارتی و پارتیەکانە، لەبەرئەوەی جەماوەر دۆستی پارتیە، ئەمەش تاکە ھێزی ڕاستەقینەی ھەر حزبێکی سیاسیە بۆگەیشتن بەلوتکەو بەدیھێنانی ئامانجە ڕەواکان.

Top