عەفرین و سوڕەتی ئەلفەتح

عەفرین و سوڕەتی ئەلفەتح
رووداوی هێڕش بۆ سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركیا، یەكێكە لەو كردەوە و هەنگاوە ستەمكارییانە، كە بووە ئەڵقەیەكی تر لە زنجیرەی ئەو ستەم و سەركوتكارییانەی لە رابردوو بە دەستی تورك بەسەر گەلی كورد هێنراون.
شوومە بۆ دەوڵەتێك بە بڕوای خۆی ئیدیعای ئیسلام و دیموكراسیەت بكات و لاف و گەزافی خیلافەتی ئیسلامی لێ بدات، كەچی بەو شێوە دڕندانە هێڕش بكاتە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی عەفرین و خاك و خەڵكی بكاتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بێ گوێدانە بەها ئەخلاقی و ئینسانییەكان!
ئەو هێرشە وەنەبێ بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆرو تێكشاندنی ئیڕهاب و نەهێشتنی ستەمی دەوڵەتی سووریا بێت بەرامبەر رۆڵەكانی! بەڵكو هێرشە بۆ لەباربردنی كۆی ئاوات و خەون و هەنگاوەكانی كورد لە پرۆسەی نەتەوەیی و سیاسیی ناوچەكە.
ئەمە لە كاتێكدا كورد داوای مافی خۆی دەكات، نەك پیادەی ستەم و مەترسی بێت بۆ سەر ئارامی وڵاتانی دەوروبەر، بۆیە ئەوەی دەرهەق بە كورد كرا لە رۆژئاوا بە دەستی رژێمی سووریاو دواجار رێككەوتنی چوار لایەنەی نێوان عێراق و توركیا و ئێران و سووریا بۆ لێدان و خستنی عەفرین و دوورخستنەوەی كورد لە گەیشتنی بە ئاواتەكان، وێڕای ئەوەی ستەمێكی گەورەیەو لەژێر هیچ دەقێكی قورئانی جێی نابێتەوەو پاساو هەڵناگرێ، لەهەمان كاتدا جێی تێڕامان و هەڵوەستەیە لەبەر سێ هۆ:
یەكەم: قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستی ئەو وڵاتانەو دان نەنان بە جگە لە خۆیان و شەرعیەتدان بە كوشتن و قڕكردن.
دووەم: بەكارهێنانی دین و بڵندگۆی مزگەوت و پیاوانی ئایینی و ناوەندە ئایینییەكان بۆ شەرعیەتدان بەو كردە نامرۆڤانەیە.
سێیەم: بێ هەڵوێستی و دوفاقیەتی ئەوانەی ئیدیعای دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ دەكەن! بەتایبەت لە جیهانی ئیسلامیدا.
هەڵوەستەكە بۆ ئێمەمانان، گەلی كوردی موسڵمان گرنگە، چونكە توركیای دوای ئەتاتورك هێندەی لە بەرگێكی ئیسلامی خۆی نمایش دەكا، هێندە ناپڕژێتە سەر لاپەڕەكانی سەردەمی عەلمانیەت، كەچی لە ستەمێكی وەك ئۆپەراسیۆنی عەفرین یەكانگیر دەبنەوەو جیاوازییەكی ئەوتۆیان لێ بەدی ناكرێ.
ئەو هەنگاوە ئەوە نیشان دەدات توركیا دین بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی بەكار دێنێ، نەك خزمەتی ئیسلام و ئۆمەی ئیسلامی، ئەمەش نەك تەنیا پێچەوانەی ویژدان و لۆژیكە، بەڵكو ناچێتە چوارچێوەی دۆخی پاراستنی ئەمنی و ئایندەی دینداری گەلی توركیاشەوە، لەوە خراپتر نییە بۆ وەها هێرش و داگیركارییەك بەرگی ئایینی دەكاتە بەرو دەیشەرعێنێ و دەزگاو پیاوانی ئایینی رادەسپێرێ بۆ خوێندنی سوڕەتی ئەلفەتح لە بڵندگۆی مزگەوتەكان بە مەبەستی پشتگیری و پشتیوانی مەعنەوی بۆ رەوایەتی هێرشەكەو داگیركردنی عەفرین و رەشبكوژی و ئاوارەكردنی هەزارەها خەڵكی سنوورەكە.
تەجرەبەی ئەو بەكارهێنانەی دین بۆ لێدان و لەناوبردنی كورد بۆ ئێمە شتێكی تازە نییە، بەڵكو بەعس بە ناوی ئەنفال و داعش بەناوی جیهادو ئێران بەناوی ئەلفەجرو سەئرولحوسەین دەمێكە تاقیان كردۆتەوەو لەو پەنایەو بەناوی ئیسلامەوە نەهامەتی زۆریان بەسەر هێناین.
كە ئەمە وێڕای ئەوەی پێچەوانەی هەموو بنەماكانی ئیسلام و شەریعەتە، لەهەمان كات هەنگاوێكی مەترسیدارە بۆ عاقیبەتی خۆیان (ولا یحیق المكر السیء إلا بأهله).
ئەو دوژمنكاری و ستەمە بەناوی دین بۆ وڵاتانی ئیسلامی، كە تا ئێستا لێی بێدەنگن جێی شەرمەزارییەكی گەورەیە، چونكە ئەوەی شارەزای ئەلف و بێی دین بێ، دەزانێ ئیسلام بۆ بیناكردنی ئینسانە نەك لێ سەندنەوەی ژیان.
لە ئیسلامدا قەتل تاوانێكی یەكجار گەورەیە، تەنانەت لەدیدی شەریعەتەوە رووخاندن و تێكدانی كەعبەی پیرۆز كە رووگەو قیبلەی ئۆمەتی ئیسلامە ئاسانترو ئەهوەنترە لە كوشتنی كەسێكی موسڵمان بە ناهەق! و لەناوبردنی كەسێك بە زوڵم و بێتاوان وەك ئەوە وایە تەواوی مرۆڤایەتی لەناو ببردرێت!
دەی ئەگەر كارێكی وا بەناوی ئیسلام و سوڕەتی قوڕئانەوە بێت، چ كارەساتێكە؟ ئەگەر بەزاندنی سنوورو داگیركردنی خاك و وێرانكردنی ئاوەدانی و رەشبكوژی و شاربەدەرو ئاوارەكردن بێت چ تاوانێكە؟
هەموو ئەوانەی دەوڵەتی توركیا دەیكات، بە تایبەت بەكارهێنانی ئیسلام لەو مەسەلەدا، بۆ شاردنەوەی گەورەیی تاوانەكەو بۆیاغی جورمەكەو دروستنەبوونی پەڵەی رەشە بەنێوچاوانی سوڵتان و گەوجاندنی گەلی توركیاو تەشجیعكردنی هێزو دەزگا ئەمنییەكانە، ئەگەرنا چ رەوای هەقە فرمێسكی تیمساحی بۆ بۆڕماو قودس بڕێژێ، لێرەش قەتل و عام بكات و سوڕەتی بۆ بخوێنێ؟! چ رەوای هەقە قورئان بەرز بكاتەوە، كەچی پێچەوانەی ناوەڕۆكەكەی عەمەل بكات؟ مەگەر كورد مرۆڤ نییە؟ موسڵمان نییە؟!
خۆ كێشە شەڕی كوفرو ئیمان نییە، تا ئیسلامی بۆ بەكار بێنی، یاخود بۆ ئەوە نییە داخۆ عەفرینییەكان نوێژ دەكەن، یان نا، بەڵكو كێشە تەنیا كوردبوون و نەتەوەیی و سیاسییە، قسەی ئێمەش لەسەر زوڵمە كە هەر كەس بیكات هەر تاوانە، ئەو كردەش داگیركاری و كوشتوبڕە بەناوی ئیسلام و سوڕەتی قوڕئانەوە، لێرەوەیە توركیا هەڵەی كردووە.
ئەو ستەمە گەورە بەو ناوە پیرۆزە لەعەقڵی سیاسەتی توركیا، زیاتر بۆ گەمارۆی پرۆسەی چالاكییە سیاسییەكان و لاوازكردن و لەباربردنی سەرچاوەی وزەو گۆڕینی جوگرافیای سنوورەكەو تێكشاندنی هەر هەنگاوێكی كوردە، كە ئەگەری بەرەو پێشچوون و گەیشتن بە مافەكانی لێ بكرێت، چ جای هەنگاوێك ئاماژەی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی لێ بەدی بكرێت.
دژایەتی مافی رەوای كورد وەك نەتەوەیەك، كە خوای گەورە بە كوردی دروستی كردووە، لە ئەسڵدا دژایەتیكردنی ویستی خوایە، چونكە هەموو نەتەوەكان لە چوارچێوەی ئیسلام و پەیامی ئاسمانی خاوەنی مافن، چما گەلی كورد لێی حەڕام بێت؟!
ئەوەی كراو دەكرێ جێی نیگەرانی و داخە، وەلێ داخی لەوە گەورەتر ئەوەیە وڵاتانی ئیسلامی و ناوەندو مەرجەعە ئایینیەكان تا ئێستاش ئیدانەی ئەو هەنگاوە ستەمكاریەیان نەكردووەو لە ئاستی ئەو تاوانە بێ هەڵوێستن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەر لێ گەڕێ.!
* ماستەر لە یاسای ئیسلامی

Top