كورد كاڵایەكی گرانبەهای ناوچەكە
January 29, 2018
وتار و بیروڕا
دەبێ ئەمەریكا و دەوڵەتانی دی، ئەوەمان بۆ ساغ بكەنەوە، ئێمە تەنیا بۆ شەڕ بەكاردێنن، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكەشدا بەشی ئێمەی تێدانابێ و بە شایان نازاندرێین بەشمان هەبێ؟ لە هاوكێشەكاندا كورد كاڵایەكی زۆر گرانە، لە مامەڵەی نێوان بازرگاناندا بەكاردەهێندرێ، ئەوەتا ئەمەریكا و رووسیا لە ئاست كوشتاری خەڵكی عەفرین، نەك بێدەنگییان هەڵبژارد، بەڵكو رۆڵیان لە كارەساتەكەدا هەیە، رووسیا هێزەكانی لە عەفرین كێشایەوە، ئەمەریكاش گوتی هێزی كوردی لە عەفرین سەر بەو هێزە نییە كە كار لەگەڵ ئێمە دەكەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ توركیا.
توركیاش چاوی لەوەیە وەك عەبادی پەلاماردانی كورد بكاتە دەسكەوت و لە هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی دەنگیشدا سوودی لێ ببینێ، ئێستا نەژادپەرست و ئاكپارتی دەیانەوێ بەو پەلامارە دەسكەوت بچننەوە، ئیدی دۆخێكیان خوڵقاندووە، جەهەپەش خۆی وەك پشتیوان پیشان دەدات، لە ناوخۆی توركیا و عێراق و ئێران و سوریا، پەلاماردانی كورد ئامرازێكی گرنگی خۆنوێكردنەوەی هەستی نەتەوەیی هەرسێ نەتەوەی سەردەستە.
لە ئاستی پەیوەندیی دەوڵەتانی ناوچەكە و ئەوروپا و ئەمەریكا و رووسیاشەوە، دیسان كورد وەك كاڵایەكی گرانبەها سەیر دەكرێت، هەموو ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەكەدا دەستیان دەڕوات، خاڵی لاوازی ئەردۆغانیان دۆزیوەتەوە، ئەویش بریتییە لە دژایەتیكردنی كورد، هەر دەوڵەتێك دژایەتی كورد بكات، توركیا تەنازولی بۆ دەكات، ئەوەتا بۆ رووسیا و ئێران دەیكات، ئەمەریكاش ئەو خاڵە لاوازەی توركیا بەكاردێنێ و پەیامی خۆی لەو بارەیەوە لەكاتی پێویست بە ئەنكارا دەگەیەنێت.
كورد كاڵایەكی گرنگە لە ناوچەكەدا، بەڵام لە ناوخۆیدا قیمەتی نییە، چونكە پەرتەوازەیە، بەداخەوە ئەو كاڵایە لە ناوخۆی كوردستان وەبەرناهێندرێ، حزبەكان بەسەر جەستەی كورددا دەڕۆن و لە پێناوی بەزەویدا خستنی بەرامبەر نیشتمان هەڕاج دەكرێ، وەك لە 16 ی ئۆكتۆبەر بەسەر كەركووك هێندرا، لێ لە بازاڕی نێوان دەوڵەتاندا رەواجێكی باشی هەیە، كورد هەتك دەكرێ، كۆمەڵكوژ دەكرێ، كەچی سەیری ئەو دیمەنە دەكەین و چاومان لەوەیە بەو هۆیەوە حزبی بەرامبەر تێكبشكێ، ئای لەو چاو قایمی و شەرمەزارییە.