ژیان و بەختەوەری

ژیان و بەختەوەری
ژیان و بەختەوەری لە دیدی بیرمەنداندا، ناونیشانی کتێبێکی خاتوو"ڕێزان ساڵح بارزانی"یە، لە بەرگێکی قەشەنگ و جواندا، لە دووتوێی ٢٠٤ لاپەڕەدا ئاشنامان دەکات بە وتەی زانایان دەربارەی ژیان و بە کورتی ئاماژەی بە ژیاننامەی پەنجا بیرمەند کردووە.
ھەوڵدەدەم بە کورتی لەسەر کتێبەکە بوەستم، ئەوەی بە لامەوە گرنگە تیشکی بخەمە سەر، ئازادی و بەختەوەر بوونی گەلانە بەھۆی کاریزما و سەرکردە بەناوبانگەکانەوە.
جیڤارا و فیدڵ کاسترۆ بۆ یەکەم جار لە قاوەخانەیەک، لە ئەرجەنتین یەکتر دەبینن و دەکەونە قسە، جیڤارا لە کاسترۆ دەپرسێت تۆ بە نیازی چیت؟
کاسترۆ دەڵێت: دەمەوێت کوبا ڕزگار بکەم، جیڤارا زەردەخەنەیەک دەکات، کاسترۆ دەڵێت بۆ زەردەخەنە دەکەیت؟ ئەی تۆ بەتەمای چیت؟ جیڤارا دەڵێت: دەمەوێت جیھان لە ژێردەستەیی ڕزگار بکەم. کاسترۆش پێدەکەنێت، ھەم کاسترۆ کوبای ڕزگار کرد، ھەم جیڤارا شۆڕشی دژی ژێردەستەیی و چەوسانەوە بەرپاکردوو بوو بە ھێَمایەکی جیھانی. ئەمە خەونی ئەو مرۆڤانەیە کە بە بڕواوە تێدەکۆشن بۆ ئەو ئامانجەی کە ھەیانە.
ژیان ھەمووی وانەیە، ئەوەی ئامانجەکەی مەزن نەبێت و خاوەنی خۆی نەبێت تەنیا تەمەن بە نائومێدی بەسەر دەبات! بەگوێرەی زانستی مێژوو ھەر نەتەوە و گەل و کۆمەڵێک لە قۆناغێکی دیاریکراودا خاوەنی کەسایەتیەکی گەورەی خۆیەتی. ھەڵبەت بێ بوونی خەسڵەتگەلێک ئەستەمە کاریزما دروست ببێت. گرنگترینی ئەو خەسڵەتانەش "ئازایەتی، بوێری، لێھاتوویی، خۆنەویستی، بەخشندەیی و لێبوردەیی)ـین. ئاخر ھەموو ئەو خەسڵەتانە کەسایەتی دروست دەکەن، کە دەکرێت نازناوی (کاریزما)ـی بەسەردا ببرێت، چونکە خەسڵەتەکانی کاریزمابوونی تێدا کۆ بووەتەوە و ئەو خەسڵەتانەش لە ھەموو تاکێکدا کۆ نابنەوە.
ھەروەک چۆن لە سەدەی بیستەمدا "مەھاتما گاندی" بۆ ھیندییەکان و "دیگۆل" بۆ فەڕەنسییەکان و "ماوتسی یۆنگ" بۆ چینییەکان و " لینین" بۆ ڕووسیا، بوونە کاریزمای سەدەی بیستەمی نەتەوە و گەل و وڵاتی خۆیان، لە پەراوێزی وەھا ڕاستییەکدا دەگەینە ئەوەی، کە "مستەفا بارزانی"ـیش وەک کاریزمای سەدەی بیستەمی کورد دەرکەوت، بە دەرکەوتنی بارزانی نەمر کورد لە ڕووی داواکردن و خەباتکردن بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی بەرەو بەختەوەری سیاسی چوو.

Top