حزبی نوێ و بانگەشەی ھەڵبژاردن

حزبی نوێ و بانگەشەی ھەڵبژاردن
لە سەدەی رابردوودا، جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان، بە ئامانجی ئازادکردنی کوردستان لە ژێر چنگی رژێمی داگیرکەری بەعس بەرپاکرا، دوای خەباتێکی زۆر لەو پێناوەدا، دواجار لە بەھاری ١٩٩١ دا، کورد بە بەشێک لە مافەکانی شاد بوو، ساڵێک دوای ئەوە، پەرلەمان و حکوومەت دامەزرا، دوای دروست بوونی پەرلەمان و حکوومەتیش دەرفەت بۆ فرەیی سیاسی و بیروڕای ئازاد دروست بوو، ھەر بۆیە لە دوای ڕاپەرینەوە، زۆر حزبی سیاسی لە باشووری کوردستان دروست کران، بەردەوام جولانەوە، بزووتنەوەی سیاسی، حزبی نوێ دروست بووە.
حزب گردبوونەوەیەکی سیاسییە و بە مەبەستی گرتنەدەستی دەسەڵات دادەمەزرێت، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین، ئەو پارتانەی کە "دوای ڕاپەڕین تا ھەنووکە" بە ھەر ھۆکارێک لە ھۆکارەکان دروست بوونە زۆر بە کەمی پابەندی ئەخلاقی سیاسی بوونە، حزبی وا ھەیە بانگەشەی دادپەروەری دەکات، کەچی خۆی دادپەروەری پێشێل دەکات! بانگەشەی دیموکراتیەت دەکات، بۆ خۆی دژی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنە! دروشمی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرزکردووەتەوە، کەچی کار بۆ لەباربردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات! لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی، پێویستە بەر لە ھەموو شتێک حزبە نوێیەکان خۆیان بەدوور بگرن لە گوتاری ناشیرین و ڕەشکردنی خەباتی لایەنە سیاسییەکانی دیکە.
یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەشداریکردنی سیاسیە، ھەر بۆیە کاتێک لە ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، پێویستە تاک خەبات و بەرنامە و ستراتیژی ھەر یەک لە حزبەکان بە وردی شرۆڤە بکات، ئەوکات بە ویژدانەوە، لە پێناو داھاتووێکی گەش بۆ کوردستانیان باشترین حزب و لەناو ئەو حزبەشدا، باشترین کاندید بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیار ھەڵبژێرێت.
بیرمەندی فەڕەنسی جۆرج بیردۆ دەڵێت: "حزبی سیاسی ئامرازێکە، مومارەسەکردنی ئەو ئامرازەش جەماوەرە و ناکرێت کاریگەرییەکانی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگە پشتگوێ بخرێت." بە سەرنجدان لەوەی ئێستا لەسەر گۆرەپانی ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بەشێک لە حزبەکان نەیانتوانی ھیوا و خواستی خەڵک بەدی بێنن، بەڵکو لەپێناو خۆ ئامادەکردن بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ، لە بەرپرسیاریەتی ڕایان کرد و بایکۆتی حکوومەتیان کرد، لە کاتێکدا، حزب دەبێت ئامرازی خۆشبەختی و ئارامی بێت بۆ کۆمەڵگە.

Top