کێ هاوپەیمانی پارتییە؟

کێ هاوپەیمانی پارتییە؟
گرفتی کوردستان دابەش بوونییەتی بەسەر دوو زۆن، ئەو کاتەی ئاسەواری شەڕی ناخۆ لە کوردستان نەما، یان (پارتی و یەکێتی) رێککەوتن لەسەر راوەستانی شەڕ، و بریاردرا کە حکوومەت و ئیدارە تێکەڵ بکرێنەوە، دەبوو هەر ئەو کات سەرۆک(بارزانی و تاڵەبانی)، کۆمەڵێک پرسیان ببڕیایەتەوە، لەوانە پرسی دەزگای ئەمنیی و هێزی پێشمەرگە، چونکە گرفتی بەردەم کوردستان ئەوەیە کە هێشتا هێزی چەکدار تەحەدا بە سیاسەتەوە دەکات!، ئەگەرنا دەبوو ئێستا بەپێی پێوەری کورسی و سەنگی سیاسی بێت، لەجیاتی یەکێتی هێزێکی دیکە ئەو رۆڵەی بگێڕیایە، بەڵام یەکێتی هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی هەیە، بەناچاری دەبێت پارتی مامەڵەی لەگەڵ بکات، چونکە دواجار ئەوەی لە زۆنی سەوز و نیلی ڕوودەدات، گرفتی بۆ هاوپەیمانی پارتی دروستکردووە، لە ساڵی (٢٠١٣) پارتی هاوپەیمانی لەگەڵ (بزووتنەوەی گۆڕان) تاقیکردەوە، بەڵام نەک مۆفەق نەبوو، بەڵکو دواجار گۆڕان لە توندوتیژیەکانی سلێمانی و سوتانی بارەگاگانی پارتی لەو سنوورە کۆتایی ئەو هاوپەیمانییەی راگەیاند، ئیتر ئەوەی لە مەیدانەکە مایەوە حزبە ئیسلامییەکان بوون، کە جگە لە چەمکی راگەیاند لە فەزای سیاسی ڕۆڵیان نییە ، لەبەرێوەبردنی زۆنەکانیش بەھەمان شێوە، بۆیە پارتی ناچار کرا بگەڕێتەوە بۆ ھاوپەیمانی یەکێتی.
ئەوەی سەرەوە، هاوکێشەیەکی سیاسی کوردستان بوو، کە تاچەند بەرچاومان ڕوون بێت بۆ داهاتووی کوردستان و هاوپەیمانی؟ هەمووچاوەکان لەسەر پارتییە، لە هەڵبژاردنی داهاتوو چی دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ دەرەوەی پارتییەکان زۆر جیاوازە، لەوەی پارتی دەیزانێت؟ چونکە ئەگەر پارتی هەر هاوپەیمانییەک بکات، دەبێت بیر لە زۆنی سلێمانی بکاتەوە، کە لەراستیدا ئەو زۆنە وەک جاران نامێنێت، رەنگە ئەم جارە ببێتە زۆنی، (سەوز و نیلی و هاوپەیمانی)کە گرفت لەوەدایە، پارتی دەبێت لەگەڵ حزبێک لەو زۆرنە مامەڵە بکات کە دواجار بتوانێت باڵانسی سیاسی رابگرێت، پارتی گرفتی لەگەڵ حزبی تازە دروستکراو هەیە، چونکە لێگەیشتنیان بۆ داهاتووی کوردستان جیاوازە، بۆیە ئەو حزبانەی تازە دروست بوون، مۆفەق نەبوون لە سیاسەتکردن و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی، رەنگە ئەوان باڵانسیان لەسەر ئەوەبێت کە ئاراستەی دژە حکوومەت و پارتی وەربگرن کە ئەمەش پارتی نیگەران کردووە.
ئەوەی ماوەتەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، یەکێتی خراپترین هاوپەیمانی پارتی و ناچارترین هاوپەیمانەکە لە پرسە جیاوازەکان لەگەلی بووە، پارتی رابردوویەکی ناخۆشی لە گەل هاوپەیمانی یەکێتی هەیە، رەنگە سەرکردایەتی پارتی لە پێناوی هەندێک پرسی نەتەوەیی چاوپۆشی لە یەکێتی بکەن، بەڵام باوەڕ ناکەم کادیرانی پارتی ئەم جارە خیانەتی ١٦ی ئۆکۆتبەری گروپێکی ناو یەکێتیان بیربچێتەوە کە دواجار هاوپەیمانی هەردوولای هاوکێشە سفرکردووە.
پارتی تووشی ناچاری هاوپەیمانی سیاسی بووە، خۆ ئەگەر هاتوو لە داهاتوو پارتی هاوپەیمانی لە دەرەوەی یەکێتی بکات و یەکێتی لە دەرەوەی هاوکیشەی حکوومەت بێت، چی ڕوودەدات؟ لێشاوێک چەکدار و پێشمەرگەی حزبی چەندین دامەزراوەی ئەمنی حزبی لە دەرەوەی حکوومەت دەتوانن بمێننەوە؟ بێ گومان نەخێر، چونکە دۆخی کوردستان ئەوە قبوڵ ناکات، دواجار هەندێک پرسیش هەیە بەیەکێتی نەبێت کۆنترۆڵ ناکرێت. چونکە هیچ نەبێت یەکێتی لە مەترسی سەر سلێمانی دێتە سەرخەت، بەتایبەت لە کۆنترۆڵکردنی توندوزتیژی خۆپیشاندان.

دوای ئەو هەموو بۆچوونە، دەبێت پارتی لەگەڵ کێ هاوپەیمانی بکات؟ لەراستیدا قسەیەکی (مەلا بەختیار) کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەلێت: "یەکێتی چ یەک کورسی و چ ١٠٠ کورسی بهێنێت هەریەکێتییە" واتە هاوکێشەی سیاسی کوردستان بەلای یەکێتییەوە بریتیە لە (مەنتقی هێز) بۆیە پەیامێک بوو بۆ پارتی کە دەبێت لەگەڵ ئەو هاوکیشە بێت، بەڵام ئەم جارە پارتی بەسانانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پابەند نەبوونی جەماوەری یەکێتی و یەکێتی بۆ ڕیفراندۆم بیر ناچێتەوە و ئاستەمە بەسانایی رازی بێت، تەنیا یەک رێگا چارە هەیە، ئەویش یەکێتی سزای ئەو گروپە بدات کەدەستیان لەو خیانەتە هەبووە بەس پرسیار ئەویە کێ دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات؟."
Top