گەلی ئێڕان لە نێوان شاو خامنەییدا.

گەلی ئێڕان لە نێوان شاو خامنەییدا.
لە ساڵی ۱۹۷۹ گەلانی ئێران بە ئەنجامدانی شۆڕشێکی فرە لایەن و تۆکمەوە توانیان کۆتایی بە حوکمی پاشایەتی لەو ووڵاتە بهێنن و محمد ڕەزا شا (۱۹٤۲ ـ۱۹۷۹) لە دەسەڵات دوور بخەنەوە کە دەسەڵاتەکەی لە باوکیەوە بۆ مابویەوە،بزوێنەرانی شۆڕش هێزگەلێکی ئایدۆلۆژی جیاوازو تەنانەت نەتەوە جیاوازیش بون،ئەو جیاوازییەش ڕەنگدانەوەی لەسەر تێکەڵی دروشمەکانی هەبوو کە دیارترینیان بریتی بوون لە {ئازادی،سەربەخۆیی،دیموکراسی،سیستمی ئیسلامی}،هەر ئەوەش دواتر بووە هۆی دروست بونی ململانێی نێوان هێزەکان لە دوای شۆڕشەکەو هێزێکی کاریگەری وەک موجاهیدینی خەڵق و پارتە کوردیەکان و چەپ و تەنانەت هەندێک لە ئیسلامیەکان لە لایەن توندڕەوەکانەوە بەسەرپەرشتی خومەینی بە زەبری هێز دوور خرانەوە،گەرچی هۆکاری سەرەکی شۆڕشەکەش بریتی بوو لە زۆربونی هەژاری و بێکاری و داپڵۆسین و لەمپەرەکانی بەردەم ئازادی سیاسی و هەیمەنەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا،بەڵام دواتر شۆڕشەکە پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئێرانیەکان هەنگاوی ناو کۆمارێکی ئاینی پۆلیسی دامەزرا.
پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت، دوای ۳۹ ساڵ لە حوکمی دەسەڵاتی شۆڕش،ئایا دۆخی ئێستای ئێران و ئێرانی محمد ڕەزا شا کامیان باشتر بوو؟
لێرە نابمە بەرگریکار لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی وەک شاو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی،بەڵام ئایا دوای شای دیکتاتۆر کۆتایی بە دیکتاتۆریەت هات لە ئێران؟ ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین و لە دروشمەکانی شۆڕش بڕوانین،کام لەو دروشمانە ئێستا دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوترێنەوە؟
ئایا دیموکراسی و ئازادی سیاسی لەو وڵاتە بوونی هەیە؟ ئەگەر هەژاری و فەسادی دارایی و داپڵۆسین هۆکاری ڕوخانی شا بوون،داخۆ ئەو هۆکارانە لە ئێران زیاتر نیە لەسەردەمی شا؟ دواجار کە شا دیکتاتۆرێکی نادادوەرو ستەمکار بوو،ئەی خامنەیی هەڵگری هەمان خاسیەتەکانی شا نیە؟
Top