نەخۆشییە درێژخایەنەكەی كورد

نەخۆشییە درێژخایەنەكەی كورد
ناكۆكیی نێوان حزبەكان، گەورەترین كۆسپی سەر رێگایە، ناكۆكیی ناوخۆ، گورزێكی كوشندەی لە جووڵانەوەی سیاسی كوردستان داوە، وێڕای ئەوەی ئەو نەخۆشییە دەمێكە سەری هەڵداوە، بەڵام هەمیشە خەڵكی كوردستان خوازیاری ئەوە بوون كۆتایی پێ بێت، لێ نەخۆشییەكە تا ئێستا چارەسەریی نەكراوە، زۆر جار نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە بزر دەبن، ئێمەش بە كەیف و خۆشییەوە سەیری ئاییندە دەكەین، وادەزانین كۆتایی هاتووە، كەچی لە پڕێكدا تێیهەڵدەنگوین و بڕستمان لی دەبڕێت، سروشتی نەخۆشییەكە بە جۆرێكە، هەر لەگەڵ ژینگەی كوردیدا هەڵدەكات.
لەوانەیە زۆر نەخۆشی بە تێپەڕبوونی كات نەمێنن، بەڵام ئەم نەخۆشییە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵماندایە، توانای ئەوەی هەیە خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێنێ، نەخۆشییەكە لە ژینگەی كوردی رەت نابێ و ناپەڕێتەوە ژینگەی نەتەوە سەردەستەكان، بەڵام حەز دەكات ئەو نەتەوانەی سەردەست دەستیان درێژ بكەن و هۆیەك بن بۆ درێژەپێدانی نەخۆشییەكە.
نەخۆشیی دووبەرەكی، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی دەگوازرێتەوە، ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوانەی پێیان وابووە ڤایرۆسی دووبەرەكی هەر لە سەردەمێك و لە نەوەیەكدا دەمێنێتەوە و بۆ نەوەیەك و سەردەمێكی دی ناگوازرێتەوە، ئەو نەخۆشییە لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیست سەری هەڵداوە، نیو سەدە زیاترە ئازاری نیشتمان دەدات.
لە 2017 خەڵك چاوی لە ئاسۆ بوو، وڵات لە شەڕی داسەپاوی وێرانكەری داعش بەخوێنی رۆڵەكانی رزگاری بوو، كەچی دووبەرەكی لە رێگەدا یەخەی گرتینەوە، بەڵام لە شوێنێك لێمان قیت بۆوە، كەسمان بەلای ئەوەدا نەدەچووین لەوێ سەرهەڵداتەوە، ئاخر سەدەیەكە فرمێسك و خوێن بۆ كەركووك دەڕێژین، بۆیە بیرمان لێ نەكردەوە لەوێ سەر هەڵداتەوە، كەچی لە 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو دووبەرەكی كاری خۆی كرد، ناپاكی، پێشمەرگەی بە گریانەوە لە سەنگەر هەڵقەناند، داری لە رۆحی كوردایەتی دایەوە.
لەبەرئەوەی ڤایرۆسەكە لە خوێنی حزبدایە، هەر چەند پارچەیشی لێ ببێتەوە، لەو پارچانەشدا نەخۆخشییەكە بڵاودەبێتەوە، راستە ئەوانەی بانگەشەی نوێخوازی لە ناو بەرگێكی تازەدا دەكەن، قسەكانیان جوانن، بەس حەیف هەڵگری ڤایرۆسی دووبەرەكین، هەر ئەوەندە سەرەتایەكە تێپەڕی، ئیدی قسەكان وەك دروشم دەمێننەوە.
زۆرجار دەستی دەرەوە، دەرەوەی ئەودیو سنوور نا، بەڵكو دەستی ئەودیو ئۆقیانۆس، داوای كردووە كۆتایی بە دووبەرەكی بێنین، تەنانەت دووبەرەكی ئێمەیان لێ بۆتە رێگر لەبەردەم جێبەجێ كردنی ستراتیژیان، ئەمەش چانسێكی دیكەیە دەدرێتە ئێمە، بۆ ئەوەی بتوانین كۆتایی بە دووبەرەكی بێنین، رێككەوتنی واشنتۆنی 1998 نموونەیە، لە هەمووشی سەیرتر، هەندێ حزب خۆیان لە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە نزیك دەكەنەوە، كەچی ئامۆژگاریمان دەكەن یەكگرتووبین.
پێویستە ئەو راستییە بزانین، چارەسەری ئەو نەخۆشییە لە دەرەوە نییە، دووبەرەكی بۆتە نەخۆشییەكی درێژخایەن، بەڵام تاكە نەخۆشیی درێژخایەنە، ئەگەر دەرمانی ناوخۆ وەربگرێت چارەسەریی مسۆگەرە، تا دووبەرەكی بە داینەمۆی سوارچاكی پەراوێزخستنی بەرامبەر بزانین، چوونە بەغدا بۆ گوشار خستنە سەر هەولێر بەكاربێنین، ئەستەمە چارەسەریمان دەست بكەوێت، چارەسەر تەنیا توڕتێهەڵدانی دووبەرەكییە دووبەرەكی.
Top