نێچیرڤان بارزانی ھاوکێشەکان دەگۆرێت

نێچیرڤان بارزانی ھاوکێشەکان دەگۆرێت
ھەوڵە دیبلۆماسیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دەوڵەتمەدارە گەنجەکە بۆ دەربازکردنی وڵات لە قەیرانەکانی ( سیاسی ، دیبلۆماسی ، ئابووری ، سەربازی ) بۆتە جێگای سەرنجی ھاونیشتیمانیان و و جیھانی دەرەوە و دەسەڵاتدارانی عێراقی عەرەبیشی خستۆتە بارودۆخێکی دەروونی ناسەقامگیر و شلەژاو ، کە وایکردووە ھەر رۆژە جۆرە لێدوانێک بدەن ، چونکە ئەوەی ئەوان بە ھاوکاری کۆمەڵێک کەسی خۆفرۆش دایان رشتبوو ، بەم ھەنگاو و ئابڵوقە ئابووریەیان ئیدی شتێک نامینێت بە ناوی کوردستان و حکومەتی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی کوردستان ناچار دەکەن سازش بکات لەسەر داکۆکی کردنی بارزانی لەسەر مافی رەوای گەلی کوردستان بە گشت پێکھاتەکانیانەوە .
سەردانی ئەم جارەی دەوڵەتمەدار بۆ فاتیکان و کۆبوونەوە لەگەڵ پاپای فاتیکان مانا و مغەزای خۆی ھەیە ، چونکە دیتن و کۆبوونەوە کردن لەگەڵ گەورترین و باڵادەسترین پیاوی ئاینی مەسیحی چەند بۆ گەلی کوردستان گرنگە ، ئەوەندەش بۆ فاتیکان کوردستان و دەوڵەتمەدار گرنگە ، بەوەی کوردستان ھەم بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی کرستیانیەکان کە لە عێراق دەربەدەر کراوون و توشی تۆقان و تیرۆر ھاتوون ھەم بەو پێکەوە ژیانیەی کە لە کوردستان ھەیە و بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەم خاکە ھاونشتیمانی و ھاو خەبات بوونە .
باس کردنی بارودۆخ و ئایندەی کوردستانیان لە لووتکەی دەسەڵاتەکانی سیاسی و ئاینی ھەوڵێکی دیکەیە لە چوارچێوەی کارو پلانەکانی سەرۆک وەزیران بۆ سەراو ژێر کردنەوەی پێشبینیەکانی دووژمنان و دەسەڵاتدارانی عێراقی بۆ خۆ بە دەستدانەوەی کوردستان و چوونە ژێر باری داخوازییە نا رەواکانی عەبادی و ھاوبیرەکانی ، ئەوەش بە روونی لە پێشوازی و ئەو کاتەی کە لەلایەن پاپای فاتیکانەوە دیاری کرابوو بۆ سەرۆک وەزیران خوێندنەوەی پۆزەتیڤانەی بۆ دەکرێت و بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ گۆڕینی ھاوکێشەکان ، لەبەر ئەوەی پاپای کرستیانیەکانی جیھان کاتی سوپاس گوزاری حکومەتی کوردستان دەکات و پاڵپشتی خۆی بۆ بەردەوامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە کوردستان دەخوازێت و نزای بۆ دەکات بە واتای ئەوەی پشتگیری گەل و حکومەتی کوردستانە و ووتە و پاڵپشتیەکانیشی کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر کەسایەتی سیاسی و سەرۆک و وڵاتانی زلھێزی دونیا بۆ گۆڕینی بۆچوونی وڵاتان لەسەر پاڵپشتی ئەم وڵاتانە بۆ دۆزی رەوای گەلی کوردستان .
کەواتا ھەموو ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڕینی واقیعێکی سەپیندراوە بەسەر گەلی کوردستان ، کە ئەمڕۆکە ھاونشتیمانیان رووبە رووی سزایەکی ( سیاسی و ئابڵوقەی ئابووری ، سەربازی ... ھتد ) بوونەتەوە کە دەسەڵاتدارانی عێراقی عەرەبی مەزھەبی بۆ شکاندنی شکۆ و ئیرادەی گەلی کوردستان سەپاندوویانە ، ئەوەی لە دوورو نزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆخە سەپێندراوە بێت بۆی روون دەبێتەوە ، کە چۆن دەوڵەتمەدار توانیوێتی ئابڵوقە ئابوری و سیاسیەکە بشکێنێت و وێنای پێگەی بارزانی و کوردستان بە دەربخات لە چۆنێتی ئەم سەردانە دیبلۆماسیانە و دووپاتکردنەوەی پشتگیری وڵاتانی زلھێز و خاوەن بڕیار بۆ مافە دەستووریەکانی کوردستانیان و ھەموو پێشبینی و خوێندنەوەکان شرۆڤەی ئەم ھەوڵە دیبلۆماسیانەی سەرۆک وەزیران بە ئەرێنی لێک دەدەنەوە و ھەنگاو و کۆششەکان بۆ چارەسەر کردنی ناخۆشیەکانی و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەیە کە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر کوردستاندا سەپاوە و جارێکی دیکە کوردستان بەرەو بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و باشتر کردنی بژێووی ژیانی ھاونشتیمانیان و پێشکەوتنی زیاتر ھەنگاو دەنێت و نەیارانیش تووشی شکست و ملکەچی دانان بە مافی رەوای گەلی کوردستان دەکات و ھەنگاوەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە لوتکەی دەسەڵات و پێگەی روحانی مەسیحیەکانی جیھان ھاوکێشەکان دەگۆڕێت.

Top