نێچیرڤان بارزانی چی بۆ پاپای پاتیكان برد؟

نێچیرڤان بارزانی چی بۆ پاپای پاتیكان برد؟
دیدارەكانی دیپلۆماسی و سیاسیی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بووەتە جێگەی ئۆمێد بۆ گەلی كوردستان و نیگەرانی عێراق و ولاتانی ئیقلیمی لێكەوتووتەوە. پێشوازییە گەرمەكانی دیلۆماسیی و سیاسیی ولاتانی رۆژئاوا و كەسایەتییە سیاسیی و ئابووری و ئایینیەكان لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بالادا، بووەتە جێگرەوەی ئەو قەیران و فشارانەی بەغدا بە سەرپەرشتی وڵاتانی ئیقلیم بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، كاتێك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتێك دەكات، پڕوتۆكۆلەكانی پێشوازی كردنی، لە سەرۆك وەزیرانی ولاتانی سەربەخۆ كەمتر نین و جێگەی بایەخی كەسایەتییە كاریگەرەكان و بڕیار بە دەستەكانە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 12/1/2018 لە ڤاتیكان بە فەرمی لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیسەوە پێشوازی لێكرا.
پاپای ڤاتیكان بەر لەوەی كاری ئایینی بكات، سیاسەت دەكات و كارەكتەرێكی سەرەكی سیاسەتی رۆژئاواییەكانە، بۆیە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و زیاتر گرنگی بە پاراستنی ئەو مەسیحیانە دەدات كە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست لە ژێر هەڕەشەدان، هەرێمی كوردستانیش لە رژهەلاتی ناوەڕاست تاكە لانكەی پێكەوە ژیانیی كەمە نەتەوە و ئایینیەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاستە و بۆ هەموو جیهان سەڵماوە كە هەموو ئایینەكان دەتوانن لە ناو كورددا بە ئازادی و ئاسوودەیی بژین، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستێكی بالای هەبوو لە حەواندنەوە و پاراستنی برا مەسیحییەكان لە دەستی توندڕەوە ئایینیەكان و رێكخراوەكانی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا، بۆیە پاپای ڤاتیكان پێشوازییەكی تایبەتی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و ستایش و سوپاسی حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ میواندارییان لە ئاوارەكان بەگشتی و بەتایبەتی كریستیانەكان كە لە ئەنجامی شەڕی تیرۆرستانی داعش و ڕووداوەكانی دواتر ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببوون.
قەداسەتی پاپا گوتی نزاتان بۆ دەكەم بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن و لە تەبایی و پێكەوەژیان بەردەوام بن، لێ‌ پێویستە پاپا و بەرپرسانی سیاسیی و ئابووری و بڕیار بەدەستانی رۆژئاوا بە پراكتیكی هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن و فشار بخەنە سەر حكومەتی ناوەندی بۆ وەستاندنی ئەم ستەمەی بە ناوی دەستوور لە هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ بە كریستیانەكانەوە.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی نزاكانی پاپا و بەلێن و هیواكانی بەرپرسانی ڤاتیكان دۆخی ئێستای ناوچە و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەكان لە هەرێمی كوردستان شی كردەوە و وێنەی راستەقینەی ناوچەكە پیشانی پاپا و بەرپرسانی ڤاتیكاندا، هەر لە سەركەوتن بە سەر داعشدا، كێشەكان لەگەڵ بەغدا، تا ڕووداوەكانی ئەم دواییە و ریفراندۆم و خواستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بارودۆخی ئاوارەكان و، دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق و دروستبوونی هزری تایفی و مەزهەبی و سڕنەوەی بێهێز و كەمینەكان لە لایەن بەهێز و زۆرینەكانەوە.
لێرەدا نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی چاكە و حەواندنەوەی ئەم هەموو ئاوارە و پاراستنی كەلتوور و كەمە نەتەوە و ئایینەكان لە كوردستان، بە بەرپرسانی ڤاتیكان و كۆمەڵگەی رۆژئاوایی راگەیاند پێویستە قەداسەتی پاپا پێگه و ڕۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بگێڕێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای دۆخە سەختەكەی، دەرگا و دڵی كراوە بووە بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و هەوڵی جددیشی داوە كە خوشك و برایانی كریستییان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە، سەرۆك وەزیرانی وێڕای هاوكاری و ئاسان كاری كردن بۆ ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ جێ و مەكانی خۆیان، دیسان جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەگەر ئەم ئاوارانە لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەو تەبایی و پێكەوژیانەی پێكهاتەكان‌ كە بەشێكی گرنگی كەلتووری هەرێمی كوردستانە.
پەیامەكانی نێچیرڤان بارزانی زۆر روون و ئاشكرا بوون بۆ پاپا و پیێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، بۆیە پێویستە پاپای ڤاتیكان هەوڵی جددی بدات بۆ دەربازكردنی كورد لەم بارودۆخە سەختەی بۆیان دروست كراوە.
ئەگەر كورد كریسییان و نەتەوە و ئایینەكانی دیكەی پاراستووە و مافەكانی داوەتێ‌، پێویستە مافی گەلی كوردیش بدرێتێ‌ و رێز لەو كەلتوورە جوانەی پێكەوە ژیانی كورد بگیرێت.
Top