دەوڵەت و دەوڵەتی کوردستان

دەوڵەت و دەوڵەتی کوردستان
تازەکی ھەژار جەوھەر ئاغا کتێبی"دەوڵەت و دەوڵەتی کوردستان" ی لە بەرگێکی قەشەنگ و جواندا چاپ و بڵاو کردەوە، کتێبەکە لە ١٢٨ لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێک ھاتووە.
تەنیا بیرکردنەوە لە بابەتێکی گرنگ و ھەستیاری وەک دەوڵەت وەک قەوارەیەکی نوێ و تایبەت بە کورد لە ناوچەیەکی پر لە کێشمەکێش و جێی بایەخی ستراتیژی جیھانی وەک ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، ئەوەندە سانان نییە.
لە ساڵی ڕابردوودا، لە کۆمەڵگەی کوردیدا قسە و باسێکی زۆر لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کرا، مشتومڕێکی زۆر ھەبوو لەسەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە دەبێ چۆن بێت و چ جۆرە سیستمێکی سیاسی پەیڕەو بکات، ئایا ھەرێمی کوردستان سیماکانی دەوڵەتداری تێدا ھەیە؟ ئاخۆ تا چەند توانیومانە لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، ژێرخانێکی بەھێز و پتەو دروست بکەین.
ئێمەی کوردیش بەدەر نین لە جیھان، بەر لە ھەموو شتێک بیناسازی دەوڵەت فەراھەم بکەین و دەوڵەت دابمەزرێنین، ئەوجا بۆ جۆری سیستەمی سیاسی بگەڕێین، ئەویش گەر دەمانەوێت سیستەمەکەمان دیموکراتی بێت، دەبێت پەنا بەرینە بەر خەڵک و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا داوا بکەین کە گەل چ جۆرە سیستەمێکی سیاسی دەوێت بۆ ئەو دەوڵەتە و دەبێ ئەوان بڕیار بدەن، نەک حزبێک یان ھەندێک حزب لەباتی گەل بڕیار بدەن.
دەوڵەت قەراوەیەکە بۆ پاراستنی خەڵکەکەی لە دەستدرێژی دوژمنان، ئەوەش بە مێژووی کوردەوە بە ئاشکرا دیارە کە بەھۆی نەبوونی دەوڵەتەوە چۆن تووشی ماڵوێرانی، ڕاگواستن، تەعریب، کیمیاباران، ئەنفال وجینۆساید بووەتەوە.
لە مێژوودا ڕووی نەداوە دەوڵەتێک دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێ کێشە و ئاستەنگ بووبێت، بەڵکو ھەموویان کۆمەڵێک کێشە و گرفتی سەرەکی و لاوەکیان ھەبووە و زۆربەی کێشەکانیش دەیان ساڵیان ویستووە تاکو چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە.
کتێبی دەوڵەت و دەوڵەتی کوردستان، لەم ساتەوەختەدا کارێکی تا بڵێی سوودبەخش و گرنگە، لە راستیدا خوێندنەوەی ئەم کتێبە، وەڵامێکی باشی ھەندێ لەو پرسیارانە دەداتەوە لە مەسەلەی بوون و نەبوونی دەوڵەتدا، بەرچاوڕوونی زیاتر دەدات بە خوێنەر. کتێبەکە لە چوار بەش پێکھاتووە کە بەسەریەکەوە باس لە چەمک و پێناسەی دەوڵەت، کاریگەریی چینایەتی و ئایین بەسەریەوە تا دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەت لەرووی توخمەکانی و چۆنیەتی دروستبوونی دەکات.
Top