ناكۆكییەكانی عەبادی و مالیكی و ئاوابوونی خۆری ئێران لە عێراقدا

ناكۆكییەكانی عەبادی و مالیكی و ئاوابوونی خۆری ئێران لە عێراقدا
كاتیك كە تێڕامانێك بە نێو راگەیاندنە عێراقییەكاندا دەكەین و سەرنج لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی شیعەكان دەدەین، دەبینین بە جۆرێك كە ئەمڕۆ شتێك بەناوی هاوپەیمانیی شیعەكان نەماوە، بەڵكو ناكۆكییەكانی نێوان عەبادی و مالیكی گەیشتۆتە ئاستیك كە هیچ كامێكیان حیساب بۆ كەسی بەرامبەریان ناكات و هەر یەكێكیان دیەوێت بەڕە لەژێر پێی ئەوی تر دەربهێنێت، بەتایبەتی وەك دەبینین ئەم دابەشبوونەوەی نێوان عەبادی و مالیكی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی لیستی دەوەڵەتی یاسا و حزبی دەعوەش دەبێت.
ئەوەی جێگەی تێبینییە مالیكی دەیەوێت لە رێگەی سەركردە دێرینەكانی حزبی دەعوە و بەشیكی زۆر لە گروپە شیعەكانی تری وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و تەیاری حیكمەی سەر بەعەمار حەكیم و كەسایەتییە ناسراوەكانی شیعە نفووز و دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و خۆری عبادی ئاوا بكات، هەرچەندە مالیكی ئەم هەوڵانە دەدات، بەڵام لەبەرامبەردا حەیدەر عبادی توانیویەتی لە رێگەی دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ موقەدا سەدر هەوڵەكانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی میراتی حوكمی شیعە لە عێراق زیاتر بكات .
ناكۆكییەكان بەرەو فراوانبوون دەچن
لەئێستادا زۆر لە سایتە هەواڵدەرییە جیهانییەكان باس لەوە دەكەن كە هەژموونی تاكڕەوانەی شیعەكان لەبەردەم هەرەسێكی گەورەدایە، چونكە وەك دەبینین زیادبوونی گرفتی نێوانیان بەرەو قووڵبوونەوە دەچێت، لەلایەك عەبادی و مالیكی گرەو لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، وەك دەبینین وەزیری ناوخۆ كە سەر بە رێكخراوی (بەدرە) تا رادەیەك لە فەرمانی عەبادی دەرچووە، لەلایەكی دیكەوە ناكۆكییەكانی نێوان ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی تەقیوەتەوە. عەمار حەكیم پارتێكی نوێی دامەزراند، لە لایەكی دیكەوە لە زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق حزبی فەزیلە خەریكە بەڕە لە ژێرپێی ئەنجومەنەی باڵای ئیسلامی و حزبی دەعوە دردەهێنێت، هەروەها لە بەغداش تارادەیەك سەدرییەكان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان زاڵ بكەن، واتا هەرگیز ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانیی شیعەكان بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە، بۆیە پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەدا دابەشبوون بگاتە ئاستێك كە هیچ كام لەو گروپانە زۆرینە بەدەست نەهێنن، وەك دەبینین ئەگەرێكی زۆرە دەنگەكانی هاوپەیمانی شیعەكان بۆ چوار لیست دابەش بێت، چونكە تەنیا حزبی دەعوە لەناو خۆیدا دوو لیستی جیای دەبێت، واتا هیچ كام لەم لیستانە ناتوانن حكومەت دروست بكەن، ئەمەش چانسێكی زۆر باشە بۆ گەلی كوردستان بۆ ئەوی بتوانێت جارێكی تر توانای خۆی سەرلەنوێ بنیاد بنێتەوە و، بە گورجییەكی زیاترەوە كاریگەری لەسەر پرسی سیاسیی عێراق هەبێت.
هەرێمی كوردستان و ئەم هاوكێشە سیاسییە
وەك لەپێشەوە باسمكرد، زیادبوونی ناكۆكییەكانی نێوان عەبادی و مالیكی كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر ئایندەی عێراق دەبێت، تەنانەت ئەم بابەتە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر گشت پرسە سیاسییەكان دەبێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، واتە ئەم رووداوانە كاریگەریان لەسەر كوردیش دەبێت و یەكێك لەو كارتە سیاسییانەی كە كوردستان پێویستە بەكاری بهێنێت، رێگریكردنە لەو دەسەڵاتانەی (حەیدەر عەبادی) و مەرجە كوردبتوانن دەسەڵاتەكانی حەیدر عەبادی دیاری بكەن، چونكە لەئێستادا عەبادی دستووری پێشێل كردووە، بە ئارەزووی خۆی دەستكاریی یاساكان دەكات، بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی كار لەسەر دەستوور دەكات، ئەمەش وایكردووە كە نەك عێراق، بگرە ماڵی شیعەش بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات.
ئەوەی جێگەی تێبینییە، ئەو سیاسەتە چەوتەیە كە ئێستا عەبادی پەیڕەوی دەكات، چونكە غرووری عەبادی، لەوە دەرچووە كە دەرفەتی بۆ گفتوگۆ رەخساندبێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە نەك تەنیا گەلی كوردستان زۆرباش لەبابەتە سیاسییەكان گەیشتووە، بەڵكوو زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەكانی ناو عێراق ئەستەمە بتوانن لەگەڵ یەكتری دابنیشن و گفتوگۆ بكەن. ئەوەتا عەبادی و مالیكی هەریەكێكیان بە ئارەزووی خۆی كار دەكات، لەلایەكی دیكەوە ئەیاد عەلاوی وەك سیاسییەكی عەلمانی دەیەوێت سەربازگەیەك بۆ خۆی دروست بكات، هەر لەناو حزبی دەعوەدا كەسێكی وەك عەلی ئەدیب و ئیبراهیم جەعفەری خۆیان جیاكردۆتەوە و نە حیساب بۆ مالیكی و نە بۆ عەلاوی دەكەن.
ئەم وەزعە تایبەتەی كە ئەمڕۆ هەموومان دەیبینین، زیاتر دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی شیعە لەناو خۆیاندا، هەروەها ئەگەر كەمێك وردببینەوە، دەزانین ئەركی سەرشانی كورد لەم دۆخەدا زۆر قورس بووە، چونكە دەتوانێت یەكێك لەو دوو هاوكێشە قورسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خۆی رابكێشێت، واتا گەلی كوردستان دەتوانێت بۆ راگرتنی باڵانسی هێز لەناوچەكەدا مەرجەكانی بەسەر یەك لایەندا دیاری بكات و هەموو ئەو مەرجانەی كە گرنگن بۆ كوردستان دەستنیشانییان بكات، ئەوكات لە هەڵبژاردنەكاندا پشتگیری لەو كەسە بكات.
عەلاوی و عەبادی و مالیكی و حەكیم ململانێی دەسەڵات دەكەن
هەرێمی كوردستان بە پێگەیەكی زۆر بەهێزەوە دەچێتەوە ناو ئایندەی سیاسی لە بەغداو لەسەر بنەمای هێز مامەڵەیان لەگەل دەكات، مەرجیشە ئەو لایەنە پەیوەست بێت بە جێبەجێكردنی مافە رەواكانی میللەتی كوردستان، واتا لەم كاتەی ئێستا باشترین هەنگاو بۆ ئەوەی كە كوردستان باڵانسی هێزی عێراق رابگرێت و كاریگەری لەسەر دۆسیە جیاوازەكانی عێراق دروست بكات، گرنگە كوردستان زۆرباش كار لەسەر بابەتەكە بكات، چونكە بۆ كورد سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەگەر (ئیبراهیم جەعفەری، یان ئەیاد عەلاوی، یان نوری مالیكی، یان حەیدەر عەبادی، یان هەر سیاسییەكی تری عێراق) بێت، گرنگ ئەوەیە مەرجەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
هەروەها ئەوەی روون بۆتەوە، هەڵوێستی جیاوازی مەرجەعەییەتە لەسەر حكومەتی عێراق، چونكە مەرجەعییەتیش خۆی لەخۆیدا لە كارەكان و هەنگاوەكانی حكومەتی عێراقی نائومێد بووە. چەندین جار عەبادی و مالیكی سەردانی مەرجەعیەتیان كردووە، بەڵام پێشوازییان لێ نەكراوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناكۆكیی نێوان عەبادی و مالیكی گەیشتۆتە ئاستیك كە هیچ جۆرە وتووێژیك بۆ یەكگرتنەوەیان نییە، ئەمەش دەرفەتێكی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان.

Top