ململانێی قووڵی ناوخۆیی داپۆشینی شکستی سیاسەتی دەرەوە

ململانێی قووڵی ناوخۆیی داپۆشینی شکستی سیاسەتی دەرەوە
چەند ڕۆژێکە هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە ململانێی قووڵی ناوخۆیی داپۆشینی شکستی سیاسەتی دەرەوە و خەفەکردنی کێشە نێوخۆییەکانیان، ئۆباڵی خۆپیشاندان و پاساوی ناڕەزایەتیی خەڵکی فەقیر و هەژاری وەڵاتەکەیان دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان! سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران وای گوت، ئیمام جومعەی تارانیش دەڵی: لە ٢٥ـی ئەیلولدا نەمانهێشت ئیسڕائیلی دووەم لە کوردستانی عێراق دروست بێت!
بە درێژایی ٢٦ ساڵی حوکمداریی هەرێمی کوردستان ئەوە دەرکەوتووە کە مایەی سەقامگیریی ناوچەکەیە نەک هەڕەشە، سامانی ئێران بۆ کوردستان نایەت تا کوردستان بەوە تاوانبار بکرێت کە هۆکاری نەهامەتیی خەڵکی ئێران و برسییەتی ئەوانە، ئەو بەرپرسانەی ئێران کە بەڕاست و چەپدا خەڵک تۆمەتبار دەکەن، لەجیاتی ئەوەی خەریکی ئەو خەیاڵبافیە بن باشتر وایە سەیرێکی درووشمەکانی خەڵکی ناڕازیی ئێران بکەن تا بزانن چییان بەسەر ئەو میللەتە بێچارەیە هێناوە.
ئەو بەرپرسە دڵڕەشانە زۆر بە ڕوویەکی قایمەوە دەڵێن "لە دوای ٢٥ـی ئەیلوول ڕێگەمان لە دروستبوونی ئیسرائیلی دووەم گرتووە". سەیرە شانازی کردن بە ناپاکی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان بە قیمەتی برسیکردنی میللەتی ئێران تا ئەو ڕادەیە! چ بێ شەرمییەکە؟ خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان ئیسرائیلی دووەم بوایە، هەرگیز جورئەتیان نەدەکرد باسی بکەن، ئەوان خوا دەزانێ چ سەفەقاتێکی ژێربەژێریان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، پرسیاریان لێ دەکەین، ئایە چ پیلانگێڕی و هەوڵێکی دیکەی تێکدەرانەیان ماوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بیکەن؟ چی ماوە نەیکەن! ئاخر ئەوەی لە دەستیان هات کردوویانە. ئێستا چ پیلانێکی دیکەیان لە ژێر سەردایە و دەیانەوێت لە پەنای داتاشینی تۆمەتی ناڕەوا و هەڵبەستنی درۆی شاخدار بیکەن!؟
ئامۆژگاریمان بۆ ئاغای رەزایی و ئیمام جومعەی متەوەهوم ئەوەیە کە ڕیگای ڕاست و دۆستایەتی خوب ئەوەیە؛ واز لە زمانی سیاسەتی ڕقهەڵگرتوو وخەڵەفاوی بێنن و خەمێک لە خۆیان بخۆن، سەردەمی تەکنەلۆژیای میدیا و فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاسییەکان ئاشکراتر دەکەن و ئەم وەهمەیان چیتر ناتوانێ بەسەر زهن و عەقڵی خەڵکدا زاڵ بێت، سەردەمی زوڵم و ستەمکاری کۆتایی هات و چیتر ناتوانرێ دەنگی ئازادیخوازی و سەربەخۆییخوازی گەلان کپ بکرێت. لەوە دڵنیاین کوردستانی سەربەخۆش دێتە دی، بەڵام لەوە دڵنیا نین ئایا ئەو ئاغایانە لەو کاتەدا ئازاد دەبن، یا لەبەر دەنگی ئازادیخوازان کونە مشکیان لێ دەبێتە قەیسەری.
هاودەنگ فاروق
Top