بۆ زاڵبوون بەسەر رێبازی بارزانی نەمردا شەڕ بە هزری نەتەوەیی دەفرۆشن

بۆ زاڵبوون بەسەر رێبازی بارزانی نەمردا شەڕ بە هزری نەتەوەیی دەفرۆشن
دەرکەوتنی بارزانی نەمر وەک کەسایەتییەکی کاریزما و سیاسییەکی بەرچاو روون بزاڤێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرهەڵدانی ئەو بزاڤەش بەرئەنجامی ئەو خوێندنەوە سیاسی و مێژووییە بوو کە بارزانی نەمر بۆ پرسی کورد و هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستانی کردبوو، ئەو خوێندنەوەیەش بارزانی نەمری هێنایە سەر ئەو رایەی کە چارەسەری بنەڕەتی پرسی کورد لە سەربەخۆیی کوردستان و سەندنەوەی ئەو مافە نەتەوەییانەیە کە بە درێژایی مێژوو لێی زەوت کراون.
کاریزمایی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی هەر زوو سنوورە دەستکردەکانی بڕین و لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک ئومێدی نەتەوەیی سەیر دەکرا، بارزانی نەمریش بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و بەدەنگەوە چوونی کوردانی بەشەکانی تری کوردستان بووە جێی ئەو ئومێد و متمانەیە و لە هەر بەشێکی کوردستان کورد پێویستی پێبووبێ خۆی و هێزە شۆڕشگێڕەکەی لەو بەشەی کوردستان ئامادە بووە، ئەوەش وایکرد داگیرکارانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان بارزانی نەمر بە دوژمنی خۆیان بزانن و بەگژدا چوونەوەشی بە ئەرکی داگیرکاری خۆیان بزانن، ئەو رووداوانە و دەرکەوتنی بارزانی نەمر وەک رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و ئەو هەڵوێستە دوژمنکاریانەی داگیرکارانی کوردستان بەرامبەری وەریان دەگرت پێش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی بارزانی نەمر لە کارنامەی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگانەی ئەو حزبەدا بەرجەستە کران، لێرەوە دوژمنان کەوتنە پیلانگێڕان بۆ نەهێشتن و لاواز کردنی ئەو هزرە نەتەوەییەی کە لەسەر سیاسەتی داگیرخوازی خۆیان بە مەترسی گەورەیان دەزانی، لێرەوە دوژمنان بە مەبەستی لاواز کردنی هزرە نەتەوەییەکە بە کۆمەڵێ درووشمی ئایدیایی و پێشکەوتنخوازی کەوتنە هەوڵدان بۆ ئەوەی بتوانن دزە بکەنە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەوەدا سەرکەوتوو بوون و لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو ئاسەواری ئەو دزە کردنە دەرکەوت و توانیان پارتی بکەن بە دوو کەرتەوە، ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ بۆ زاڵ بوون بەسەر رێبازی بارزانی نەمر و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورددا هەر رۆژە و بە ناوێک شەڕ بە هزر و بیری نەتەوەیی دەفرۆشن، چونکە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان باش لەو راستییە گەیشتوون کاتێک دەتوانن ترسی کوردایەتی لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە کە خەبات و تێکۆشانی کورد بخەنە دەرەوەی رێبازی بارزانی نەمر.
ئێستا پارتی وەک حزبی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانیش وەک هەڵگری پەیامە نەتەوەییەکەی لە لایەن داگیرکارانی کوردستان و دەستوپێوەندەکانیان وەک تاوانبار سەیر دەکرێن و وەک دوژمنیش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، لە بەرامبەردا کوردپەروەر و سەربەخۆخوازانیش لە هەر چوار بەشە داگیرکراوەکەی کوردستان وەک فریادڕەس دەبینرێن، بەهێز مانەوەی پارتی و کاریزمایی بارزانی نەمریش لەو دوو دیدگا جیاوازە سەرچاوەیان گرتووە.
Top