ئەرکی سەرەکی کادیرەکانمان لە ئێستادا

ئەرکی سەرەکی کادیرەکانمان لە ئێستادا
ڕێژەیەکی زۆر لە کادیرانی پارتیمان وایان دەزانی سەددەی بیست و یەك، سەددەی گۆڕانكارییەكانە بێ گوێدانە هەلومەرج و خوێندنەوە بۆ دۆخی ناوەخۆیی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان، سەرکەوتن و ڕوودانی گۆڕانکاریەکان حەتمی و بەرجەستەن!.
دەبوایە نەتەوەی کوردو تایبەت تر کادیرانی پارتیمان سوودیان لە ڕووداوەکانی ناوەخۆو ناوچەکە وەربگرتایەو ئاوڕێکیشیان لە مێژوو بدابایەوە لەوەی "هەرکات گەلی کوردستان لە دەستکەوتی مەزن و گەیشتن بە مافەکانی خۆی نزیک بووبێتەوە، هیچ کات دووژمنان نەیان توانیوە کە شکست بە دەسکەوتەکان بهێنن٫ تەنها بە تێکدان و لەباربردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان نەبێت، بەوەی کە هەمیشە کەسانی خیانەتکار بوونیان هەبووەو مەترسی بوون بۆ سەر دەستکەوت و ئارمانجە گشتیەکانی گەل و نەتەوە".
لە ئێستاشدا ڕوون و ئاشکرایە كەوا رۆژهەڵاتی ناڤین هەر هەمووی لە ڕەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری تری گرنگ دایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەوەش پێویستە کادیرانی پارتیمان كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بە گشتی بكەن و خوێندنەوەی واقیعبینانە بۆ کۆی ڕووداو پێشهاتەکان و ناوەخۆیی لایەنە سیاسیەکان بکرێت، بۆ ئەوەی روداوێکی تری وەک 16ئۆکتۆبەرمان نەیێتە پێش و تاقمێکی تری خیانەتکارو خاکفرۆشمان لێ پەیدا نەبێتەوە ، بەدیلی دووهەمان بۆ جێگرەوەی سازو ئامادە بێت.

بۆئەوەی لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری گەلی کورد بسەلمێنین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە ڕەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە دواڕۆژێكی گەش و هەبوونی کیانێکی ئازادو سەربەخۆ بەهێزی پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوکراوەیی و لێهاتوویی کادیرەکانیەتی.
بێگومان ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی و داگیرکاری و دكتاتۆرییەت، لە سەددەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ‌ نەتەوەی چەوساوەو ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان.
لە سەددەی بیست و یەک دا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە دەیەی ڕابردوودا و لە ئێستاش ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران لە دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت دەستی پێكردووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت جارێکی تر بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوەی ژێردەستەی کوردستانی مەزن بە گشتی و بزاڤی سەربەخۆی خوازی كوردستان بە تایبەتی دەتواندرێت سوود لەو هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە چەترێكی نیشتیمانی هاوبەشە, بوونی چەترێكی نیشتیمانی بۆ بزاڤی سەربەخۆی خوازی گەلی كوردستان، تەنانەت لەسەر ئاستی كوردستانی مەزنیش پێویستییەكی بابەتی و دیرۆكییە.
پێم وایە بۆ ئەوەش پێویستە کادیرانی پارتی بەشداری کارایان هەبێت لە گەنگەشەکردنی ڕووداو و گۆڕانکاریەکان و تەواوی هێزو توانستی سییاسی و رێكخراوەیی مەدەنی بخەنەگەڕ بە خاتری باشترکردنی پرسگەلی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان کە ئامانجی مەزنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی باوکە.
Top