دەنگی دراوسێكەمان و بێدەنگی ماڵی خۆمان

دەنگی دراوسێكەمان و بێدەنگی ماڵی خۆمان
هەفتەیەك دوای خۆپیشاندانی ئێمە، ماڵە دراوسێكەشمان دەنگی لێهەستا، خۆپیشاندان وەك ئەوەی ئاگر دەپووش و پەڵاش بەربێت، بەخێرایی زۆربەی شارەكانی ئێرانی دراوسێی گرتەوە، بەغداش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تای هەڵبژاردن، گوشاری ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی جیهانیشی هاتۆتەسەر و پێی دەڵێن گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر بكە.
لە گەرمەی گوشارەكانی سەر بەغدا و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی لە ئێران، دەروازە سنوورییەكان لەلایەن ئێرانەوە كرانەوە، بەغداش رەزامەندیی بۆ ناردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی پاش وردبوونەوە لەلایەن لیژنەیەكەوە دەربڕی، هەر لەو گەرمییەدا، تاران رایگەیاند نێوانگیری نێوان هەولێر و بەغدا دەكات، ئەمەش دەركەوتنی جۆرە گۆڕانێكە بەسەر هەڵوێستی ئێران بەرامبەر هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو گوشارانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی و هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانییەك بەرامبەر ئێران، هەست دەكرێ تاران پێداچوونەوەیەك بەسەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەرێم دەكات.
بەردەوامبوونی ئێران لەسەر هەڵوێستە توندەكەی بەرامبەر هەرێم، لەگەڵ ماڵئاوایی لە 2017 پێویستی بە وەستان و پێدچوونەوەیە، شانازیكردن بە تێكدانی پرۆژەی بارزانی لە ساڵی 2018 بۆ شانازیكردن بە دراوسێیەتی دەگۆڕێ، دەركەوتنی سەرەتای هەڵوێستێكی نوێ ئەگەر بەردەوام بێ، دەهێنێ هەولێریش ئامادەكاریی بۆ بكات، پرۆژەی ئێران بە هاوكاری بەغدا، لەگەڵ بەرنامەی كاری هەندێ حزب خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئەویش خۆی لە رووخاندنی حكوومەتی هەرێمدا دەبینێتەوە، بەڵام بەغدا و تاران چاویان لەوە بوو، بەیەكجاری كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بێنن، زەمینەی ناوخۆی كوردستانیشیان بۆ ئەو ئامانجە بە گونجاو دەبینی، بەڵام پێدەچێ لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێ، تاران چاوی لەوەبێ، بچێتە قۆناغی ئاشتبوونەوە لەگەڵ هەولێر.
بێدەنگییەك باڵی بەسەر هەرێمدا كێشاوە، تا دێت حزبەكان لێكدوور دەكاتەوە، بەردەوام بوونی روولێكوەرگێڕان و پشت تێككردن، بەرهەمی نەهاتنەدیی بەرنامەی رووخاندنی حكوومەتە، وێڕای تاقیكردنەوەی چەند رێگەیەك، دوا رێگەش شەقام بوو، بەڵام ئەمجارەش نەهاتەدی، سەردانی شاندی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ بەغدا، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی نایانەوێ هەموو حزبەكان بە یەكگرتوویی و وەك هێزێكی گەورە، بۆ قۆناغی پێش و دوای هەڵبژاردن ئامادەبن، ئەم سەردانە، سەرەتایەكە بۆ ئەوەی بڵێین كورد بە دوو بەرە دەچێتە بەغدا، هیوادارم وا دەرنەچێت.
ئەو ئاراستە تازەیەی ئێران، بۆ هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان، وەك هەرێمێكی ئارام كە ببێتە فاكتەرێكی هاوكار بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی ئێران، كاریگەریی لەسەر دۆخی ناوخۆی كوردستان دادەنێ، راستە رق و كینەیەكی زۆر كۆبۆتەوە، بەڵام ئەگەر تاران هەوڵی هێنانەدیی سیاسەتێكی نوێ بدات كە لەگەڵ داهاتووی بگونجێ، ئەوا لەوانەیە زەمینەی لێكنزیكبوونەوەی حزبەكان بڕەخسێنێ، چۆن بەسیاسەتی توندی پێش 16ی ئۆكتۆبەر، رقەبەرایەتییەكی زۆری دروستكرد، تەنانەت وای لێهات گرووپی 16 ی ئۆكتۆبەر لەخۆبایی بوون، بە لێدوانەكانیان بەرامبەر پارتی هیچیان تێدانەهێشتەوە، هەر زوو گەیاندیانە مریشكە رەشە، ئەگەر تاران بیەوێ كوردستان لە هەرێمێكی نیگەران و توڕە لەخۆی بۆ هەرێمێكی دۆست بگۆڕێ، لەوانەیە گەرمییەك بۆ نێوان حزبەكان بگێڕێتەوە.
Top