کورد و ٦ی کانون

کورد و ٦ی کانون
یەکەم جارە لە مێژوودا رووبدات نەتەوەیەک وەک ئەوەی کورد دەیکات ساڵانە لە رۆژی لە دایک بوونی بکوژەکەیدا ئاهەنگ بگێڕێ، ٦ی کانونی ساڵی ١٩٢١ کە رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقە و کورد ساڵانە ئاهەنگی بۆ دەگڕێ، ئەو ئاهەنگ گێڕانە لە کاتێکدایە ئەو سوپایە بە ژانی عرووبە لە دایک بووە و بە ژەکی شۆڤێنیزمی عەرەبی فرچک دراوە و بە ئەقڵی جەهالەتی بیابان زمانی پژاوە، کورد لەسەر دەستی ئەو سوپایە ئەنفال و کیمیای دیوە، بە عەرەب کراوە و ٤٥٠٠ شار و شارۆچکە و گوندی کاول کراون، بیابانەکانی عەرعەر بە گۆڕستان کران و لە تاقیگەکانی کیمیاییدا پشکنینی مەرگی لەسەر ژیانی (٨٠٠٠) لاوی بارزانی و (١٢٠٠٠) کوردی فەیلی کردووە.
لەگەڵ ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتیانەی کورد لەسەر دەستی ئەو سوپایە بەسەری هاتوون، هێشتا پەندی لە مێژوو وەرنەگرتووە و بە سوپای خۆی دەزانێ و هەر ساڵە و بە بیانوویەک یادی دامەزراندنی دەکاتەوە، خۆ هەر کەسێک پێی وابێ ئەوە دیکتاتۆرەکان بوون ئەو سوپایەیان ئاراستە کردووە بە هەڵە چووە، چونکە لە رۆژی دامەزراندنیەوە ئەو سوپایە هەڵگری ڤایرۆسی عرووبە بووە و داردەستی شۆڤێنیەتی عەرەبی بووە، بۆیە پێویستە کورد رۆژی ٦ی کانون بە رۆژی نەهامەتی خۆی بزانێ و ساڵانە نەفرەتی نەتەوەیی بەسەردا ببیارێنێ، چونکە هەموو کارەسات و نەهامەتیەکانی کورد لەو رۆژەوە سەرچاوەیان گرتووە.
Top