میللەتی كورد بە هزرو ویستی سەربخۆیخوازی لە نێو عێراقێكی تائیفی وشۆڤێنی جێی نابێتەوە ..
January 4, 2018
وتار و بیروڕا
بە هۆی بەرژوەندی زڵهێزان خاكی كوردستان لەت و دواتر دابەشكرا ، لەو كاتەوە تا بە ئەمرٍۆ جگە لە زۆڵم و ستەم و شەرٍ وكوشتن برین هیچ ئەنجامێكی نەبوو ، بۆیە هۆكاری هەموو ئەو نەهامەتییانە بۆ پێنەدانی مافەزەوتكراوەكانی كورد وكوردستان كە هەموو رژێمەكان بە مڵهوری و كەللە رٍەقی ئامادە نەبوون دانی پێدابنێن و بیگەرٍینەوە بۆ خاوەنە رٍەسەنەكەی.بۆیە دەبێ سەركردایەتی عیراق ئەم راستییە باش بزانن ئەوەی ئەوان دەیكەن لە رٍق ئەستوور بوونی كورد بەرامبەریان زیاتر هیچ ئامانجێكی تری نابێ و حەق وایە ئاورٍێك لە رٍابردووی ئەم وڵاتە بدەنەوە كەوا هەر كاتێك كوردستان لەگەڵ نەبووبێ ومافی كوردستان زەووت كردبێ مەجاڵ بووە ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ سەرٍەرای ئەوەی بودجەیەكی زەبەلاحیان لە دژی شۆرشەكانی كورد خەرج كردووە ،بە بێ ئەوەی لە ماڵوێرانی زیاتر هیچتریان بۆ فەراهەم بووبێ كەوا ئەگەر ژیرانە هەڵسوكەوتیان كردبا و مافەرەواكانی كوردیان دەستەبەركردبا دەكرا ئەو بوددجە زەبەلاحە لە زۆر بوار وپرۆژەی خزمەتگوزاری وەربەهێنانی خەرجكردبا و خۆشگوزارانی وئاشتی و ئاسایشیان بۆ هاووڵاتیانیان مسۆگەر كردبا، چونكە ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە ئەگەر بهاتبا وكەسانی لێهاتوو عاقڵمەند بەرێوەیانبردبا ، دەكرا ئێستا شان بەشانی وڵاتانی كەنەداو هاووڵاتیان زۆر ئاسودە لە رٍەفاهیەت و خۆشگوزەرانی بژین ، بۆیە پێوستە سەرانی عێراق بە تایبەتی سەرۆك وەزیران پەند لە رابردوو وەربگرێت ورێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم هەموو هەلانە بگرێت كەوا لە شەرٍوپشێوی و ئاژاوە و نەهامەتی و كاوڵكاری زیاتر هیچی تری لێ شین نابێ.
خەڵکی کوردستان لەڕووی هەستی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریەوە ،ئیرادەیان ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانم بڵێم کە هیچ وڵا ت و نەتەوەیەک ناتوانێت ڕکابەری ئەم ورە بەهێزەیان بکات .ئێمەی کورد هەر لە دێر زەمانەوە بەم ورە بە هێزە ناسراوین ،کە زۆر جار توشی جەنگ و کارەساتی وەها بوین کە لەرووکەشەوە زۆر ئەستەم بوو ئەم کارەساتانە تێبپەڕێنین و بگەرێینەوە باری ئاسایی و ژیانی خۆمان چونکە چەندەهاجار توشی کارەساتی دلتەزێن و جەنگی خوێناوی و ماڵ وێرانی و سوتاندنی گوندو شار و کیمیاباران کردن و جینۆساید بوینەتەوە ، گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە هەر بە ئاخاوتن ئاسانە بەڵام بەبینین و چونەوە بۆ ناو ئەو ژیانە دەتوانین کەمێک هەست بەو هەموو ئازارانەی باو باپیرانمان بکە ین کە کێشاویانە .
بەدرێژایی مێژوو خەبات و بەرخۆانمان دوژمنانمان دەیان كارەساتیان بە سەر میللەتەكەمان داهێناوە بۆ پاشگەزكردنەوەمان لە مافەرەواكانمان ،یەکێک لەو کارەساتانە کیمیابارانکردنی گوندو شارەکانی کوردستان بوو کە لەرووی نێودەوڵەتیەوە ئەوچەکە قەدەغەکراو بوو بەلام دوژمنە خێرلەخۆنەدیوەکانی کوردستان ئەم چەکە کیمیاویە یەیان دژ بە کورد بەکارهێنا کە منداڵ و پیرو پیاوو ئافرەت هەموویان تێکرا بونە ئامانجی ئەم چەکە بێ باکە ، یەکێکی تر 182 هەزار ئەنفال میللەتی كورد بوو كە بەدڕندەترین شێوازی ئەنفال و زیندەبەچاڵکران ، وەلەم دواییانەش هاتنی توندڕەوترین گروپی تیرۆرستی جیهانی بۆ سەرخاکی کوردستان بەناوی داعش بە مەبەستی لەناوبردنی گەلی کورد ، وە کووشتن و سەر بڕین و زیندەبەچالکردن و سوتاندنیان بەناوی ئیسلام حەلال کردبوو ، کوشتنی منداڵی بێتاوان لەکوێ حەلالە؟زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤ لەکوێ حەلالە ؟چ ویژدانێک ئەمە قبولدەکات ؟ سەرەرای ئەم هەموو تاوانانە کە دژ بە ئێمەی کورد کرا کە تەنها داوای مافی خۆمان و سەربەخۆی خۆمانمانکردوە وە تا ئێستا دەستمان درێژ نەکردوە بۆخاکی هیچ وڵاتێک ، وە وڵاتانی زلهێزخۆیان بێدەنگ کردوە لە ئاست داواکاری سەربەخۆی کوردستان ئایا ئەمە بە تاوان دادەنێن کە گەلێکی ئەوەندە زولم لێکراو سەربەخوبێت ؟بەڵام میللەتی خۆڕاگری کورد سیفەتێکی زۆر باشی هەیه ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز کۆلنادەن و ورەیان ناروخێت بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ ورەیان زیاتردەبێت چونکە ئەو هەستەی کە هەڵقولاوە لە دلیاندا هەرگیز کپ ناکرێت ، وە لە کۆتاییشدا هەر بە ئامانج دەگەن و دەبنە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خویان و بۆ هەتا هەتایە لە چەنگی داگیركەران رزگارمان دەبێ. بۆیە میللەتێك فێری ئازادیخوازی و رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و سەربەخۆیخوازی بووبێ لە نێو عێراقێكی شۆڤێنی و مەزهەبیدا شوێنی نابێتەوە ..