دەوڵەتی ئایینی (فێندەمێنتالیزم)، ناتوانێت بەشێک بێت لە فەلسەفەو شوناسی (خۆرئاوا).

دەوڵەتی ئایینی (فێندەمێنتالیزم)، ناتوانێت بەشێک بێت لە فەلسەفەو شوناسی (خۆرئاوا).
ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە (بریتانیا و ئەمریکا) پشتگیری لە سەرۆک وەزیر (حەیدەر عەبادی) دەکەن بۆ ئەوەی (عیراق) بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن و لەژێر هەژموونگەرایی (ئیران) ڕزگاری بکەن.
هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن کە تاکی (عیراق) هەڵگری بیرکردنەوەیێکی ئایینییە ، لەوەش خراپتر ، خاوەن تێفکرینێکی مەزهەبی طائیفییە ، بۆ ئەوەی بژێت و چۆن بژێت دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک دەق و خیطاب و فتوا ، ناتوانێت خۆی لەگەڵ ڤێرژنی مرۆڤایەتی بگونجێنێت ، ئەمەش تاک بە تاکی ئەو دەوڵەتەی تووشی نیگەرانی و کەئابە کردووە و هەناسەی ئازادی لێ زەووت کردوون.

چەند پرسیارێک
۱:- ئاخۆ (عیراق)و، دەسەڵاتدارە هەنووکەییەکانی دەتوانن خۆیان لەژێر هەژموونگەرایی (ئیران) ڕزگار بکەن ؟
۲:- ئایە سەرۆک وەزیر (حەیدەر عەبادی) دەتوانێت ئەو بەڵێنانەی کە بە (ئەمریکا ، بەریتانیا ، فەڕەنسا)ی، داووە لەمەڕ چارەسەرکردنی گرژییەکان بباتە سەر ؟
۳:- نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان و سرووشتی ململانێی نێوان (نوری مالکی) و (حەیدەر عەبادی)
(عیراق) بەرەو کوێ دەبات ؟
٤:- داڕمانی سوپاو جێگرەوە کاتییەکەی کە کۆمەڵە گروپێکی شەڕانگێز و مەزهەبین و لەلایەن مەرجەعییەو مەخلوقە مەزهەبییەکانەوە دەجوڵێندرێن ، چۆن دەتواندرێت چارەسەر بکرێت ؟
٤:- پێکدادان و گرژی نێوان دوو لە باڵاترین شوێنە پیرۆزەکانی شیعە (قوم) و (نەجەف)و، شەڕی دەسەڵاتداری و باڵایی و سەپاندنی فتوا ، (عیراق) بەرەو کوێ دەبات ؟

ئەم پرسییارانەو چەندین پرسگەلی تریش هەن کە هیچکات سیاسییەکانی ئێستای (عیراق)و، ئەوانەی لە داهاتووش حکومڕانی ئەم دەوڵەتە دەگرنە دەست ناتوانن خۆیانی لێ بشارنەوە ، شەرعییەتدان بە کێشەکان لە بنەڕەتدا کاری سیاسییەکان بوو ، ئێستاش ئەستەمە بتوانن چارەسەری بکەن..
Top