راپەڕینی گەلانی ئێران و دەستکەوتی دوولایەنە

راپەڕینی گەلانی ئێران و دەستکەوتی دوولایەنە
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئاخوندەکان خواست و ئازادیەکانی گەلانی ئێرانیان لە پرێسکەی ئەقڵی داخراوی مەزهەبگەرایی ئاخنین و بە زەبری هێز و تیرۆرکردنی نەیارەکانیان کەوتنە سەرکوت کردنی هەموو جیاوازیەکان، بەوەشەوە نەوەستان و هەوڵیاندا ببنە جەمسەرێکی بەهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەر وڵاتێک شیعە بوونی هەبووبێ لە رێگەی دامەزراندنی دەستە و گرووپی تیرۆریست و توندڕەوە کەوتنە ئاژاوەگێڕی و پشێوی نانەوە.
ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات وەڵامدەرەوەی ئەو دەسەڵاتە پاوانخواز و کردە تیرۆریستیە ناوخۆیی و دەرەکیانەیە کە ئاخوندەکان کردوویانەتە مۆتەکەی سەر خەونی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بڵاو بوونەوەى شەڕ و ئاشووب و نائارامیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە سەرکەوتنی ئەو راپەڕینە جیا لەوەی قەڵای تیرۆریزم لە ناوچەکە دەڕمێنێ دەستکەوتەکانیشی دوولایەنەن.
یەکەم دەستکەوتی ئەو راپەڕینە ئەوەیە کە گەلانی ئێران دەرگای بەندیخانەی هزری ئاخوندی دەشکێنن و هەموو ئەو ئازادیە سیاسی و دینی و نەتەوەییانە وەردەگرنەوە کە دەیان ساڵە لێیان زەوت کراوە، دووەم دەستکەوتیش ئەوەیە کە ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕنەوە و گەلانی ئەو ناوچەیەش لەو شەڕ و ئاشووب و نائارمیە رزگار دەکەن کە ئاخوندەکان بۆیان هەناردە کردوون، بەوەش راپەڕیوانی گەلانی ئێران هەم پێشەنگی شۆڕشی رزگار بوونی خۆیان دەبن لە سەتەمی ئاخوندی و هەم پێشەنگی شۆڕشی بنبڕکردنی تیرۆریش دەبن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست.
Top