یەکێتی گرفتی گەورەی بەردەم یەکێتی

یەکێتی گرفتی گەورەی بەردەم یەکێتی
گومان لەوەدا نییە یەکێتی هەم کۆسپە و هەم کۆسپ شکێنە، کە دەڵێم: یەکێتی کۆسپ شکێنە، مەبەستم لە درووست بوونی ئەو یەکێتیە نەتەوەییەیە کە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان لە دەوری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان کۆ بکاتەوە، کە دەشڵێم یەکێتی کۆسپە، مەبەستم باڵباڵێن و کەرتبوونە بەردەوامەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە رێگرە لەبەردەم درووست بوونی یەکێتی نەتەوەیی.
لە هەر کەسێک بپرسی کورد چۆن دەتوانێ لە ژێردەستەیی رزگاری ببێ و مافە سیاسی و نەتەوەییە زەوتکراوەکانی وەربگرێتەوە، بێ دوودڵی دەڵێ: بە کۆدەنگی و یەکگوتاری و یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێ سەرکەوتن مسۆگەر بکات، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەش بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی کۆسپن لەبەردەم درووست بوونی ئەو یەکێتیەی کە گرەتنی سەرکەوتنەکانی کوردی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
لە کاتەدا هاوارمان دەکرد کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، نەوشیروان مستەفا بۆ ئاستەنگ درووست کردن لەبەردەم درووست کردنی یەکێتی نەتەوەیی، یەکێتی نیشتیمانی کەرت کرد، لە دوای ریفراندۆم کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەبوو، کەرتێکی یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر یەکێتی نەتەوەیی کەرت کرد و بوونە هاوشانی حەشدی شەعبی، ئێستا کە کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، دکتۆر بەرهەم یەکێتی نیشتیمانی کەرت دەکات.
ئەوەیە کە دەڵێم: یەکێتی بۆتە گرفتی بەردەم یەکێتی، چەندی هەوڵ بدرێ یەکێتی نەتەوەیی درووست بکرێ، یەکێتی نیشتیمانی بە کەرت بوون وەڵامی یەکێتی نەتەوەیی دەداتەوە، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ هێشتا یەکێتی چەند باڵێکە و لە ئەگەری هەر هەوڵێک بۆ درووست بوونی یەکێتی نەتەوەیی، ترسی ئەوەیە هەیە یەکێتی نیشتیمانی بە کەرت بوونێکی تر هەوڵەکان لەبار بەرێ، بۆیە دەڵێم: خوایە ئەو یەکێتیەمان لێ بستێنی کە گرفت لەبەردەم یەکێتی نەتەوەیی درووست دەکات.
Top