راپەڕینی گەلانی ئێران و ئەرکی کورد لەو ناوەدا

راپەڕینی گەلانی ئێران و ئەرکی کورد لەو ناوەدا
ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات سەرەتایەکە بۆ تەقینەوەیەکی ئازادیخوازنە و کۆتایی هێنان بە حوکمی ئەو ئاخوندانەی کە دەیان ساڵە ئازادیەکانی گەلانی ئێران لە گۆڕخانەی ئایدۆلۆژی و فتوای تاکڕەوی مەرجەعدا گۆڕەوشار دەدەن، ئەوەش رێک مێژووی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانمان بە چەند جیاوازییەکەوە بیر دەخاتەوە، یەکێتی سۆڤیەت لە دوای هاتنە سەرکاری ستالین ئازادیە سیاسی و رێکخراوەیی و نەتەوەییەکانی گەلانی سۆڤیەتی لە پرێسکەی ئایدۆلۆژی ئاخنین و بە هێز هەموو جیاوازیەکانی سەرکوت کردن، دوای ئەوەش کەوتە هەناردە کردنی شۆڕش بەرەو وڵاتانی تر، ئەو هەناردە کردنەی شۆڕش ژیان و گوزەرانی گەلانی سۆڤیەتی کردە کێشەیەکی تر و خستیە سەر کێشەی زەوت کردنی ئازادیەکان و بەندیخانەی ئایدۆلۆژی.
ئاخوندەکانی ئێرانیش دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە زەبر و زەنگ دەستیان بەسەر بەری رەنجی شۆڕشی گەلانی ئێراندا گرت و کەوتنە لە قالبدانی ئازادیەکان و یاساغ کردنی هەموو جیاوازیە سیاسی و دینی و نەتەوەییەکان، بەوەشەوە نەوەستان و هەموو توانا سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانیان خستنە خزمەتی هەناردە کردنی بیری توندڕەوی مەزهەبگەرایی و زەمینەسازی بۆ تیرۆری جیاوازیەکان و بەرهەڵستکارانیان، بەوەش خەڵکی ئێرانیان تووشی گۆشەگیر و برسێتی و زۆر نەهامەتی تر کرد.
جیاوازی گەورەی نێوان داڕمانی سۆڤیەت و ئێران لەوەدایە: سۆڤیەت گەرە سیاسەتمەدارێکی وەک خرۆشۆفی هەبوو کە بە بەرنامەیەکی سیاسی نەخشە بۆ کێشراوی وەک (پرۆسترۆیکا) بێ زیان یەکێتی سۆڤیەتی هەڵوشاندەوە و دەرگای ئازادیەکانی بە رووی خەڵکی ئەو وڵاتەدا کردەوە، کێشەی گەلانی ئێران لەوەدایە ئاخوندە ئەقڵ داخراوەکان تا ئێستا مەستی گەیشتنەوە بە ئیمپراتۆری سەفەوی بەرینەداون، لێرەوە کێشە مەترسیدارەکە سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە نە ئاخوندەکان دەستبەرداری گەیشتنەوە بە خەونی ئیمپراتۆری سەفەوی دەبن و نە گەلانی ئێرانش دەستبەرداری بەدەستهێنانەوەی ئازادیە زەوتکراوەکانیان دەبن و تا سەر بە ملکەچی فتوای ئاخوندەکان قبوڵ دەکەن.
گومان لەوەدا نییە داڕمانی ئێرانی ئاخوندی دەرگایەکی هاوشێوەی باشووری کوردستان بە رووی کوردانی رۆژهەڵاتدا دەکاتەوە، ئەوەش خەباتی رۆژهەڵاتیەکان دەباتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قۆناغەش ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی دەخاتە سەر حزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان و پێویستە هەموو جیاوازیە سیاسیەکانیان بەلاوە بنێن و ئامادەسازییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ بکەن.
خاڵێکیتر کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم بە داڕمانی ئێران رژێمەکانی عێراق و سوریاش بەرەو شڵەژانێکی بنەڕتی دەچن و هەردوو وڵات دەکەونە بەردەم ئەگەری شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی، ئەوەش ئاستەنگە گەورەکە لەبەردەم ئەزموونی باشوور و پرسی ریفراندۆم لادەبات، بۆیە پێویستە نەک هەر حزب و لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات نەتەوەییانە لە داڕمانی ئێران بڕوانن، دەبێ حزب و لایەنەکانی باشوور و رۆژئاوا و تەنانەت باکووریش ئەو داڕمانە بە پانکردنەوەی سەری ئەو مارە بزانن کە لە کوێ کورد جووڵابێ پێوەیداوە.
Top