گرفتی گەورەی بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد

گرفتی گەورەی بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد
یەکێک لەو دەرگایانەی کە دوژمان و داگیرکارانی کوردستان لە باشوور هەر کاتێ ویستبێتیان لێوەی هاتوونە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و بەو هۆیەوە توانویانە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی لەبار بەرن و گرووپێک لە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان هەڵبگێڕنەوە و بەگژ بەرەی شۆڕش و شۆڕگێڕانیاندا بکەنەوە، ئەوە بووە بەشێک لە سیاسی و سەرکردەکانمان یا ئەوەتا نەیانویستووە بارزانی نەمر بناسن، یا ئەوەتا لە رق و کینەی سیاسی و ئیرەیی بردنەوە ناسیویانە، یا ئەوەتا دوژمنانی کورد چاویلکەی خۆیان لە چاو کردوون، یا ئەوەتا هوشیاری سیاسی و تێگەیشتنیان لە چارەسەری پرسی کورد و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە کراوە نەبووە کە لە ئاست ناسینی گەورەیی بارزانی نەمردا بووبن.
کاتێک دەڵێم: هۆکاری هەڵگەڕانەوەى گرووپێک لە ناسینی بارزانی نەمر، مەبەستم لەو هزر و بیرە نەتەوەیی و نیشتیمانیەیە کە بارزانی نەمر هێز و توانا سیاسی و شۆڕشگێڕیەکانی پێ ئاراستەی گەیاندنی کورد بە دوا مەنزڵی سەربەخۆیی و دەرچوون لەو کارەسات و نەهامەتیانە دەکرد، کە تەنها بەو هزر و بیرە دەتوانین دەرگای سەربەخۆیی بە رووی خۆماندا بکەینەوە، چونکە رێبازی بارزانی نەمر ئەو چەکە دوژمن کوژەیە ئەگەر پابەند بین پێیەوە دوژمنی پێدەکوژین، بە پێچەوانەوە ئەگەر لێی دوور بکەوینەوە دەبێتە ئەو چەکەی کە خۆمانی پێ دەکوژین.
کورد لە ئێستادا و بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە کەلەپووری شۆڕشگێڕی و هزر و بیری نەتەوەیی بارزانی نەمر هەیە، مێژووش ئەو راستییەی سەلماندووە کە تەنها رێبازی بارزانی نەمرە جێگای هەموو جیاوازیە سیاسیەکانی تێدا دەبێتەوە، چونکە ئەوەی لە رێبازی بارزانی نەمردا گرنگی پێدراوە بیر و بۆچوونی سیاسی و حزبی نییە، بەڵکو ئەوەی بەلای ئەو رێبازەوە گرنگە و بە هێڵی سووری داناوە، ئەو بیر و بۆچوونە سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگانەیە خزمەتی پرسی کورد و خواستی سەربەخۆیی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی پێ بکرێ، تەنها ئەوانەش گرەوی مێژوو دەبەنەوە کە لە رووی سیاسی و هەڵوێستی پێشمەرگانە و برەودان بە هزر و بیری نەتەوەیی هێز لە رێبازی بارزانی نەمر و کەلەپوورە شۆڕشگێڕیەکەی وەردەگرن، مێژوو بەوەشەوە نەوەستاوە و ئەو راستییەشی سەلماندووە کە ئەوانەی پێیانوایە لە دەرەوەی ئەو رێبازە دەتوانن زیاتر خزمەتی پرسی کورد بکەن، بەردەوام کەوتوونە داوی دوژمنان و بەگژ شۆڕشی کورد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکاندا کراونەوە، بۆیە روو لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەهەر هۆکارێک و بۆ هەر مەبەستێک نەیانویستووە بارزانی نەمر بناسن و هێز لە رێبازەکەی وەربگرن، یان بە فیتی دوژمنان و پێدانی بەڵێنی دەستکەوتی کەسی و گرووپگەرایی لە رێبازەکەی یاخی بوون دەڵێم:
بارزانی نەمر تیشکی خۆرە، کوێرەکان لە رۆشنایی بێبەشن، ئاوازی رەسەنی کوردایەتی و چڕینی لاوکی نەتەوەییە، کەڕەکان نایبیستن، عەشق و خۆشەویستییە، لاڵەکان ناتوانن دەریبڕن، بانگی ئازادی و مژدەی پێکەوە ژیان و کاری هاوبەشە، نەبیست و تاکڕەوەکان رووی لێ وەردەگێڕن، راچڵەکینی نەتەوەیی و رابوونی سەردەمێکی نوێی بەرخودانە، بیر ئیفلیج و گۆشەگیر بووانی کوردایەتی پەی پێنابەن، بەرزی باڵا و لوتکەی چیایە، کورتەبنە و گردۆلکەکان ئیرەیی پێدەبەن.
Top