سەرۆک بارزانی: من ناچم بۆ رازی کردنی ئەم دەوڵەتە یا ئەویتر شەڕی کورد و کورد درووست بکەم
December 29, 2017
وتار و بیروڕا
بە پێی لێدوان و هەڵوێستی زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی ناو یەکێتی، ئەو رێککەوتن و پیلانەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە کەرکوکی تێدا رادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرا، زۆر لەوە فراوانتر بووە کە دوا ئامانجی رێککەوتنەکەی نێوان حەشدی شەعبی و گرووپەکەی ناو یەکێتی نەخشەیان بۆ کێشابوو، هەموو لێدانەکان و تەنانەت لێدوانە ئاگیرنەکانی گرووپەکەی ناو یەکێتیش ئاماژە بوون کە ئامانجی رێککەوتنەکە زەمینەسازی بووە بۆ شەڕی کورد و کورد، خۆ ئەگەر بە ئاگایی و ئەزموونداری بەرەی وڵاتپارێز و خەمخۆرانی کورد نەبوایە، خواستی داگیرکارانی کوردستان و گرووپەکەی ناو یەکێتیش دەهاتە دی و شەڕی کاولکاری کورد و کورد درووست دەکرایەوە، ئەوکاتیش بەرەی بەرگریکار لە کوردستان بە شەڕی ناوخۆوە سەرقاڵ دەکراو وەک ئەوەی لە پیلانەکەدا نەخشەی بۆ کێشرابوو هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش بە دەردی کەرکوک دەبران.
دوای ئەوەی لە پیلانەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کەرکوک و زۆر ناوچەی تریان دەستکەوتن و گرووپەکەی ناو یەکێتیش دەست بەتاڵ هاتە دەرێ، ویستیان قۆناغی دووەمی پیلانەکە لە شەقام و بەناوی خۆپیشاندانەوە جێبەجێ بکەن، لەوەشدا دوو ئامانجیان هەبوو، ئەوانیش شاردنەوەی کەرکوک فرۆشیەکە و درووست کردنی شەڕی کورد و کورد بوون.
سەرۆک بارزانی وەک رابەری بەرەی سەربەخۆیی کوردستان و هەڵگری پەیامی خواستی گەل و سەرکردەیەکی ئەزمووندیدە، زوو هەستی بەوە کرد کە شەڕی کورد و کورد خاڵی شارەوەی ناو ئەو رێککەوتن و پیلانگێڕیەیە کە بە رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، ئەگەر لێدوان و هەڵوێستەکانیشی لەبەر چاو بگرین دەبینین لە چەند وێستگەیەکی لێواری تەقینەوە و روودانی شەڕی کورد و کورد سەرۆک بازانی پێشی بەو مەترسیە گردووە، هەر وەکو لە یەکێک لە دیمانەکانیدا راشکاوانە دەڵێ (من ناچم بۆ رازی کردنی ئەم دەوڵەتە یان ئەویتر شەڕی کورد و کورد درووست بکەم) ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە شەڕی کورد و کورد لە لایەن داگیرکارانی کوردستان و بە هاوکاری گرووپێکی ناوخۆ بەرنامەڕێژی بۆ کراوە، بەڵام چاوکراوەیی و ئەزموونداری سەرۆک بارزانی ئەو پیلانەی پوچەڵ کردەوە کە دوژمان و گرووپە بەرژەوەندخوازەکەی ناوخۆ ئومێدی گەیشتن بە ئامانجە نەگریسەکانیان لەسەر هەڵچنیبوو.