قوتابخانە و خێزان ئامانجیان ھاوبەشە

قوتابخانە و خێزان ئامانجیان ھاوبەشە
نوسەرو فەیلەسوف و شاعیری ئەمریکی رالف وا لد و ئیمرسون دەلێ" نھێنی لە فێرکردنی سەرکەوتوو بریتیە لە رێزگرتنی قوتابی"
قوتابخانە دەزگایەکی فێرکردن و پەروەردەکردنی کۆمەڵایەتیە کە قوتابی لێ یەوە پەروەردە دەبێ و فێردەبێ و قوتابی تر دەناسێ، واتە دەزگایە کە قوتابی لە ھەموو ڕوویەکەوە گەشە دەکات، بەڵام قوتابخانە بە تەنھا ناتوانێ پەیتمی درووستی پەروەردەیی بگەیەنێ ئەگەر ھاتوو دام و دەزگاکانی تری کۆمەڵگا ھاوکار و یارمەتیدەری نەبن بەتایبەتی خێزان و کەس و کاری قوتابی پێویستە ھاوکاری و ھەماھەنگی بەردەوام لە نێوانیان ھەبێ، چونکە خێزان و کەس و کاری قوتابی نزیکترین و کاریگەرترین و گرنگترین دەزگای کۆمەڵایەتیە کە ھەردووکیان کاردەکەن بە باشترین شێواز بۆ ژیان بۆ کۆمەڵگا واتە ھەردووکیان ئامانجیان ھاوبەشە.
بۆیە ئەلێرەوە گرنگە و پێویستە بایەخی تەواو بە کەس و کاری قوتابیان بدرێ و ئەوانیش گرنگی بە رۆڵەکانیان و پەروەردەکردنیان بدەن و لە ئەنجومەنێک رێک بخرێن کە ئێستا پێ دەگوترێت ئەنجومەنی بەرێوەبردنی قوتابخانە شوێنی ئەنجومەنی باوکان و دایکانی پێشوو ، نامەوێ بە ووردی بچمە ناو ووردەکارییەکانی ئەو ئەنجومەنە لە ھەموو ڕوویەکانەوە لەو ووتارەدا ، بەڵام لە ڕووکەش ئاماژەی پێ دەدەم کەوا پێویستە ھەموو قوتابخانەیەک لە کوردستان ئەنجومەنی بەرێوەبردنی قوتابخانەی ھەبێت بە ھەڵبژاردن لە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی دایکان و باوکانی قوتابیان لەگەڵ مامۆستایان دەستەی ئەو ئەنجومەنە ھەڵبژێردرێت و سەرۆکی ئەنجومەنەکە یەکێک بێت لە دایکان و باوکانی قوتابی و گرنگە زانیاری و شارەزایی ھەبێت لەسەر پەروەردە و قوتابخانە و کاری ئەو ئەنجومەنە سەرەتا ڕەخساندنی کەشێکی ئاسودە و لە بار بێت بۆ قوتابیان و دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بۆ فێربوونی باشتر پەروەردەکردنی باشتر .
ئەو ئەنجومەنە پێویستە ئەنجومەنێکی بەھێز و گورچ و گۆڵ بێت، بەداوداچوون لە سەر کۆی پرسەکانی ناو قوتابخانە بکات ئەوانەی پەیوەندییان بە قوتابی ھەیە لە ھەمووی گرنگتر بتوانێ بەرێوەبەر دەستنیشان بکات، ئەگەر بەرێوەبەری قوتابخانە سەرکەوتوو نەبوو بتوانێ ئەو بەرێوەبەرە بگوازێتەوە و پەیوەندی و ھەماھەنگی بەردەوامی ھەبێ لەگەڵ پەروەردە و سەرپەرشتیاری و یەکێتی مامۆستایان و قوتابیان و شارەوانی و دام و دەزگاکانی تری پەیوەندیدار بۆ خزمەت کردنی زیاتر بە قوتابی و قوتابخانە و چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابخانە بە گشتی چ لەلایەن قوتابی یان مامۆستا ، ئەگەر قوتابخانەکە مامۆستای پێویستی نەبوو لە رێگای ئەو ئەنجومەنە بتوانرێ مامۆستای شیاو و پسپۆر دابین بکرێ وە ئەگەر ھەر داھاتێک بۆ قوتابخانە ھەبوو وەکو پارەی فرۆشگا یان ھاوکاری کردنی قوتابخانە لەلایەن کەسانێک ئەوا بە ئاگاداری ئەو ئەنجومەنە و لە رێگای لێژنەی تایبەت پارەکە لە شتێک خەرج بکرێ کە سوودەکەی بگاتە قوتابی وەکو ئاو و ئاوەرۆ و پۆڵی قوتابی و پەڕەپێدان بە ژینگەی قوتابخانە، وە زۆر کاری تری پەروەردەیی قوتابخانەیی ھونەری و وەرزشی ھەیە دەکرێ ئەو ئەنجومەنە گرنگی پێبدات .
ماوە بلێن ھەموو ئەو ووڵاتە بیانی و عەرەبیانەی لە پەروەردە و فێرکردن لە ریزی ھەرە پێشەوەی ووڵاتانی ترن گرنگی زۆر بە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی قوتابخانە دەدەن و ڕۆڵی کاریگەر و تەواو کەریان ھەیە لە قوتابخانەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top