عێراق،دۆڵی گەندەڵکاران.
December 27, 2017
وتار و بیروڕا
سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە زیاد لە بۆنەیەکدا تیشکی خستۆتە سەر هەڵکشانی گەندەڵی لە وڵات و تەنانەت لە دوا سەردانی بۆ پاریس لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری دروست بوون و گەشەی تیرۆری لە وڵات گرێدا بە زیاد بوونی ڕێژەی گەندەڵیەوە لە وڵات،عەبادی وەک ئەوەی لێکۆڵەرێک بێت نەک کەسی یەکەم لە دەسەڵات نائاگایانە لاوازی خۆی نیشانداو جادووەکەی بەسەر خۆیدا شکاندەوە،ئەو ویستی وا نیشان بدات کە خۆی بەدەرە لە گەندەڵی بەڵام نەیزانی کە بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەر شانەو دەشێت خۆی وەک کەسی یەکەمی دەسەڵات ڕێگری بکات لە گەشەکردنی دیاردە کوژەرەکەی گەندەڵی.
گەرچی گەندەڵی دوای کەوتنی ڕژێمی سەددام ڕاستەوخۆ لە نێو سیاسیەکانی عێراقی نۆی بەخێرایی دەرکەوت،لێ لە بری کەمبونەوەی دوای تێپەڕبونی کات زیادی کردووە،لەو نێوەندەشدا خودی عەبادی ئەو کاتەی کە وەزیری پەیوەندیەکان بووە تێوەگلاوە بە وەرگرتنی دەیان ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردن،گەرچی لە ساڵی ۲۰۰٤ وە نوسینگەی چاودێری بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی لە عێراق دامەزراوە بەڵام وەک ستیوارت بوین دەڵێت هەر لەو ساڵەدا بڕی چوار ملیار دۆلار ون بووە،هاوکات لە بواری سەربازیشدا ڕاپۆرتە متمانەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چواردە هەزار پارچە چەک لە کۆگاندا نەماون،سەرەڕای ئەوە دەستەی دەستپاکی عێراق لە ساڵی ۲۰۰٤ ئاماژە بە نەمانی بڕی حەوت ملیار دۆلار دەکات،پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە گەر لەماوەی یەک ساڵدا بەو ڕێژە گەندەڵی کرابێت داخۆ دەبێت لە ئێستادا ئاستەکە جەند زیادی کردبێت؟
لە لایەکی دیکە ئەو دەمەی عادل عەبدول مەهدی وەزیری نەوت بوو لە ساڵی ۲۰۱٥ دا ئاماژەی دا بەوەی کە بودجەی ساڵانەی عێراق ٨٥۰ ملیار دۆلار بوەو ٤٥۰ ملیار لەو بڕە بەهۆی گەندەڵیەوە دیار نەماوە،سەیر لەوەدایە عەبادی پێی وا بێت هاونیشتمانیان هێندە نەزان بن ئەو لە ناو سەرکردە عێراقیەکان جیا بکەنەوە،لە کاتێکدا ئەوەی لەو ماوە حوکمی عێراقی کردووە ڕەوتەکەی عەبادی بووە کە مالیکی سەرۆکایەتیان دەکات.
لە ئێستاشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لابردنی چاوەکان لەسەر دزینی داهاتی عێراق و شاردنەوەی گەندەڵیەکانی نێو تەواوی کایەکان،بە ناوی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی جەنگی برسی کردنی دژی هەرێم ڕاگەیاندووە،ئەوە لە کاتێکدایە کە گەندەڵی عێراقی خستۆتە لێواری کەوتن،کەچی لە بری چاکسازی،عەبادی هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەی دەدات و بۆ ئەوەش لە بری ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی،ڕوبەڕوی گەل و ئەزمونی هەرێمی کوردستان بۆتەوە.