کەسایەتی کوردی و خیانەت.....

کەسایەتی کوردی و خیانەت.....
نامەوێت بە ھیچ جۆرێک بکەومە گۆمی بەراورد کردنی کورد و میللەتانی دیکەی زەوی لەجەمسەری ئەمسەری بۆ جەمسەری ئەوسەر، کاتێک دەزانین پڕە لە خیانەت و ساختەکردن و ھەوڵدانی یەکتری شکاندن، بگرە لە زۆربەی کاتەکاندا گەیشتونەتە لەناوبردنی برا و کەس و کاریان لە پێناوی دەسەڵاتدا. وەک مێژوو بۆمان باس دەکات کە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا، خەلیفە ھەستاوە بە کوشتنی برا و برازاکانی و ھەتاکوڕەکانیشی، یاخود کاتێ پاشای تایلەند وسەرۆکی کۆریای باکور برای خۆیان کوشت بۆ دەسەڵات....ھتد
ھەر لەبەر ئەوەیە نامەوێت قووڵ ببمەوە لەم بەراوردکردنەدا، ئەم گەلانە ھەموویان پارچە زەوییەکیان بۆخۆیان پچڕیوە لەم گۆی زەوییە و جێگەیەکیان بۆ خۆیان دابین کردووە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جگەلە کورد و چەند نەتەوەیەکیتر کە بە پەنجەی دەست دەژمێرێت.
با بگەڕێینەوە بۆ مێژوی خیانەت لە نەتەوەی کوردیدا، خیانەت بۆتە ھۆی لەناو بردنی ھەموو شۆڕشەکانی کورد لە کاتێکدا سەرکەوتن نزیکتر بووە لە برۆمان بۆ چاومان، ئەگەر دوژمنی ناوخۆ ڕیزەکانی ناو کوردیپارچەپارچە نەکردایە، ئێستا لەمێژ بوو دوەڵەتی کوردی پێش دەوڵەتانی عەرەبی و تورکی دروست بوبوو.
بە بۆچونی من خیانەت بەشێکە لە دروست بوونی جینی ئادەمیزاد، بەڵام کەسی ئاقڵ، دانا،زانا و بەتوانا دەبێت بتوانێ زاڵ بێت بەسەر ویستە تایبەتەکانیدا، بە تایبەت کاتێ باسەکان بەسترابێت بە چارەسەری کۆمەڵگە یاخود میللەتێکەوە.
بۆ ھەموان ڕوونە، ھەموو شکستەکانی شۆڕشی کوردی بە ھۆی ھەندێ خائینەوە بووە کە ڕۆڵێکی ناوازەیان بینیوە دژی گەلەکەیان،ھەمیشە لە کەمینا بوون بۆشۆڕشەکانیان، بە باشترین شێوە ڕۆڵی (ئەسپەکەی تەراودەیان) بینیوە ، بە داخەوە ھەمیشە پاساویان ھەبووە بۆ خیانەتەکەیان، جا پاساوەکەیان گەڕانۆتەوە بۆ ھۆی ڕامیاری یاخود ئاینی یاخود خێڵەکی.
بۆ نموونە (ھارباک)ی سەرکردەی سوپای میدەکان لە سەردەمی پاشا ئاستیاک، بە یەکەم خائین ھەژمار دەکرێت لە مێژووی کوردا، ئەو خیانەتەی بووە ھۆی ڕوخاندنی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان و سەرکەوتنی فارسەکان بە سەرکردایەتی پاشا (کۆرش).
جارێکیتر بەداخەوە زۆریش ھەن کە چەپڵەیان بۆ دەژەنن بۆ ئەوەیڕێ و شوێنی (ھارباک)ی باپیریان وون نەکەن.
چەندەھا نموونەی خیانەتکاریترمان لەبەردەستە، کە بوونەتە ھۆی وێرانکردن و داڕمانی ڕێگای ئازادی، وەک شوڕشەکەی بەدرخان، شۆڕشەکەی یەزدان شێر و شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران دوای ئەوەی قاسم بەگ خیانەتی لێکرد، بێگومان شۆڕشەکانی بەرزانیش لە سەردەمی تازەدا.
ھەرچەندە ناتوانین خیانەت بسەپێنین بەسەر ھەموو تاکێکی کوردا، چونکەزۆر چین ھەن بە ھیچ جۆرێک ناتوانن بچنە ژێر باری کۆیلە بوونی داگیرکەرەوە، پشتی برای خۆی بشکێنێ لەبەر خاتری دوژمن، ئەمانە ھەمیشە بە فیکری لیبراڵی یاخود ئازادیەوە گرێدراون، ھەروەھا کۆیلایەتی دوژمنیان پێ ڕەوا نییە، ناتوانن لەبۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی دوژمن کە ڕۆنی خۆیانە و دوژمن بە منەت دەیدەاتەوە لە ڕیشی خائنکار دژی رێگای ڕزگاری بوەستن.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ئەو کۆیلانە جارێکیتر پرۆگرام بکەینەوە ؟
ئایا دەتوانین ئەو جینە بۆگەنە لەناوبەرین لە جەستەی نەوەی داھاتودا؟ بۆ ئەوەی نەوەیەک دەرنەچن کوێرانە دوای خاین بکەون.
ئایا دەتوانین نەوەیەک بەرھەم بێنین دوژمن وەک دانەوێڵە ڕۆیان نەکات بۆ ڕاوکردنی میلەتەکەی؟ پاشان کە کاری پێی نەما لەناوی بەرێت.
ئایا دەتوانین نەوەیەک گەورە بکەین تێبگات خیانەتکاری ھۆیەکی سەرەکییە بۆ لەناوچونی میللەتەکەی؟
لێرەدا بە داخەوە دەڵێم: من زۆر ڕەشبینم بتوانین، بۆچون و بیری ئەم نەوەیە بگۆڕین بەرانبەر خیانەت، ئەمەش بە بۆچونی من دەگەڕێتەوە بۆ بەشێکی سەرەکی لە گەندەڵی لە کوردستاندا، کە ئەم حکومەتە بە درێژایی ٢٦ ساڵ نەیتوانی نەوەیەکی نیشتمان پەروەری خاوەن ڕەوشت پێبگەێنێت، دوور بێت لە ووشەی ناشرین کە بۆتە بەشێک لە کەساییەتی زۆری ئەم نەوەیە کە پێیان دەڵێن نەوەی نوێ.

ئاڤان شێخ کریم باراوی
Top