عێراق و دیموکراتی

عێراق و دیموکراتی
دیموکراتی یەکێکە لەو باسانەی ‮تەنانەت لە دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکانیش لە لایەن تاکی‮ ‬کوردستانەوە باس دەکرێت،‮ ھەمووان بە شانازییەوە بانگەشەی‮ ‬دیموکراتی‮ ‬دەکەن، چونکە کاتێک کە دیموکراتی گەشە دەکات، ناسنامەی تاکیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تاک لەسەر ئاستی توانا و ئەندێشەکانی پێناسەی ناسنامەی خۆی دەکات، دیموکراتی بە شێوازە تەقلیدیەکەی بە مانای (دەسەلاتی گەل بۆ گەل دێت) بەڵام لە راستیدا دیموکراتی تەنیا لە چوارجێوەیەکدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە تەواوی ژینگە، پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەوە ڕەنگدانەوەی ھەیە. دیموکراسی، بە پێناسە سەردەمیانەکەی بریتییە لە: یەکسانی، دادپەوەری کۆمەڵایەتی، نەھێشتنی جیاکاری، پاراستنی مافەکانی مروڤ، سەروەری یاسا و دابینکردنی ئازادییە گشتییەکان، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە سیستەمی سیاسی دیموکرات، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و خوشگوزەران و ئارامدا بەرھەم دەھێنێت.
دیموکراتییەت لە سەدەی ھەژدەھەم و نوزدەھەمدا، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمریکا سەریھەڵدا کە لە ڕووی پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینییەوە تاڕاددەیەک بێ کێشە بوون.
لە سیستەمی دیموکراتیدا، دەسەڵاتی (یاسادانان ، دادوەری، جێبەجێکردن) لە یەکتر جیادەکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئازادانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن، لە ھەمان کاتیشدا بە پێی ڕێسایەک، ھەماھەنگیی لە نێوانیاندا ڕێکدەخرێت، ھەرچەندە دیموکراتی بە شێوەیەکی گشتی دەرھاوێشتەی ھەست و بیرکردنەوەیەکی ژیرانەی مروڤە، بەڵام شێواز و جونیەتی پیادەکردنەکەی بەستراوەتەوە بە کات و شوێن، ئاستی دابەشبوون و ھۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە.
لای جۆن لۆک (١٦٣٢ – ١٧٠٤) دیموکراتی بریتییە لە حکوومڕانی زۆ‌رینە، لە ھەمان کاتدا مافی کەمینە رێز لێگیراوە، لادان لەو بنەمایە پرۆسەی دیموکراسی دەخاتە ژێرگومان و پرسیارەوە.
ئەگەر ئەم پێناسەیەی "جۆن لۆک" لەسەر عێراقی لای خۆمان جێبەجێ بکەین، دەبینین لە دۆخێکی خراپی بێ متمانەیی و لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەدا گوزەر دەکات و سێ پارێزگای گەورەی سوننەشین خاپوور کراوە و دانیشتوانەکانیشیان سەرگەردان و پەراگەندەی وڵاتان و شارەکانی تری عێراق و کوردستان بوونە، کەچی حکوومەتەکەی عەبادی باسی دەستوور و دیموکراتی دەکات.
ئەگەرچی باس و خواسی دیموکراتی بابەتێکی زیندووە لە عێراق، بەڵام لە مێژووی خۆیدا، ھەرگیز خاکی عێراق یەک ماڵ نەبووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ درزی نێوان پێکھاتەکان گەورەتر دەبێت و ھەر پێکھاتەیەکیش ھەوڵی دەسکەوت و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خۆی دەدات.

Top