جانتاكەی نێچیرڤان بارزانی، چی تێدا بوو ؟

جانتاكەی نێچیرڤان بارزانی، چی تێدا بوو ؟
هەر سیاسییەك بۆ هەر سەفەرێكی دیپلۆماسی، هەمیشە بە جانتایەكی پڕ سەفەركەی دەكات و بە جانتایەكی پڕتر دەگەڕێتەوە، نێچیرڤان بارازنیش یەكێكە لەو سیاسیی و ئیداریانەی كە هەمیشە لە سەفەری دیپلۆماسیدا جانتاكەی پڕە، جا چ لە كاتی چوون بێت یان گەڕانەوە. هەر كاتێك سەردانی هەر وڵاتێكی كردبێت، جانتا دیلۆماسییەكەی پڕ كردووە لە كۆمەڵە بەرنامە و كاری هاوبەشیی هەردوو لا و، سەركەوتوو بووە لە دروست كردنی دیدێكی نوێی گەشبینانە و گەڕانەوەی متمانە بۆ هەرێمی كوردستان. هەر بۆیەشە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و غاز، سەرەڕای ئەو بارودۆخەی كە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە تێیكەوتووە، ئامادەن سەرمایەكانیان بەكار بخەن لە هەرێمی كوردستان.
سەردانی ئەم دواییەی نێچرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا وئەلمانیا، زۆرێك لە هاوكێشەكان پێچەوانە دەكاتەوە، چونكە رووی راستەقینەی عێراق و ناوچەكە و هاوپەیمانان زیاتر بۆیان دەردەكەوێت. جانتاكەی نێچیرڤان بارزانی پڕ بوو لە وێنەكانی عێراقی ئیرانی و بێدەسەڵات بوونی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی لە ناوچەكەدا، جانتاكەی پڕ بوو لە وێنەی بە مەزهەبی كردن و سەپاندنی ئایین و مەزهەبگەرایی لە عێراق، جانتاكە هەلگری هەژموونی ئیران لە ناوچەكە و وێناكردنی لە ساڵانی داهاتوو كە ئەگەر رێگری لە بەرەوپێشڤەچۆنی دەسەڵاتی ئیران نەكرێت چی روودەدات؟، ئەگەر بەم شێوازە رەهایە ئیران بە كەیفی خۆی لە ناوچەكە ریشە داكوتێ‌، لە دوارۆژدا چ مەترسییەك لە سەر رۆژئاوا و ئەمریكا دروست دەبێ‌؟.
جانتاكەی سەرۆكوەزیران پڕ بوو لەو بەلگەنامانەی كە ئەگەر دەوڵەتی كوردی دروست ببێت چەندە نموونەیەكی دیموكراسی و گەشەی مرۆیی و وێنایەكی جوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر كورد قڕ بكرێت و پشتگوێ‌ بخرێ‌ چ روودات و چون جارێكیتر ناوچەكە بۆ چەندین ساڵی دیكە تووشی نائارامی دەبێتەوە و چ كارەساتێكی مرۆیی روودەدات؟. لە كاتی رۆیشتنی سەرۆكوەزیران بۆ فەرەنسا و ئەم جۆرە پێشوازیی كردنە چەندە توقێنەر بوو بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێ كورد بگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر، ئەم پێشوازییەی لە فەرەنسا و ئەلمانیا لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرا و ئەم كەسایەتییە بڕیار بە دەستانەی لە گەڵ شاندی هەرێم كۆ بوونەوە و گوێیان لە قسەكانیان گرت، چەندە گرنگی بەو شاندە درا و چەند كات بۆیان تەرخان كرا، یەكڕەنگ و یەك ستایل بوونی جل و بەرگی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماكرۆن، چاوی زۆر لایەنی كوێر كرد و پەیامێكی بەهێز بوو بۆ ئەوەی ئەم دوو وڵاتە خاوەن بڕیارە پشتیوانی لە كورد دەكەن و پشت لە كورد ناكەن.
ئەگەر سەران و دەسەڵاتدارانی عێراق باسی پێشلكردنی دەستوور و ریفراندۆمیان بۆ وڵاتانی دەرەوە كرد بێت، ئەوە جانتاكەی نێچیرڤان بارزانی پڕ بوو لەو بەڵگەنامانەی چەندە مافی كورد پێشل دەكرێت بە ناوی دەستوور و چۆن عێراق كەوتووتە ژێر هەژموونی ئیران و چۆن لە رێگەی هێزەوە هەرەشە لە كورد دەكات؟ ئەمانە و دەیان بەلگە و روونكردنەوەكانی دیكە بۆ هەموو دونیا و هەموو نەتەوەكان.
لە كاتی گەڕانەوەشدا لە سەفەرە دیلۆماسیەكەی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، جانتاكەی پڕی كردووە لە ئۆمێد و پشتیوانی كردنی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان و كردنەوەی كۆنسولخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و، هاتنی كۆمپانیاكانی گەورەی جیهان لە بواری پیشەسازی و ئاوەدانی و نەوت و غاز، بۆیە دوای ئەم سەفەرە دیپلۆماسییانەی ئەم دواییەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق، باس لە نزیكبوونەوە و كۆبوونەوە و بە پیرهاتنی داخوازییەكانی كورد دەكرێ‌ لە بەغدا.
Top