ئاماژەیەكی مەترسیدار
December 27, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی لە رانیە روویدا، كاریگەریی حزبەكانی بەرەی رووخاندن و بومەلەرزەكەی ناو یەكێتی پێوە دیار بوو، لە هەموویشی كاریگەرتر ئەجندای ئێرانە كە خەریكە سیناریۆی یەمەن، بۆ ژینگەی بارگاویكراو بە رووخاندنی حكوومەت دەگوازێتەوە، بەرەی رووخاندن بە باشترین دەرفەتی دەبینێ كە لە پاڵ داوای رەوای خەڵك، داوای ئەو ئەجندە و حزبانە بكرێتە داوای سەرەكی و خەڵك بكرێتە ئامراز.
زیرەكیی ئێران لەوەدایە، كوردستان جیاوازی مەزهەبیی نییە، كەچی لەو دۆخە پڕ لە رق و ناكۆكییە حزبییەی هەیە، بەتایبەتیش دوای 16 ی ئۆكتۆبەر، ژینگەیەكی گونجاوی بۆ هێنانی سیناریۆی یەمەن و دووبارەكردنەوەی لە كوردستان دروستكردووە، ئەوەی زیاتر پاڵی بە تارانەوە ناوە پەلە لە جێبەجێكردنی سیناریۆی یەمەن بكات، هەڵوێستی سعودیە و دەوڵەتانی دیكەی ئەو بەرەیە و ئەمەریكایە بەرامبەر بە ئێران، لەلایەكی دیكەشەوە، ئەوەی بۆ جێبەجێكردنی سیناریۆكەش یارمەتیدەرە، عەبادی و ئەو حزبانەن بڕیاری رووخاندنی حكوومەتیان داوە، چونكە لە گەرمەی توندوتیژیدا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نووسینگەی عەبادی هەبووە، ئەوەی روویدا پرۆڤەبوو یان سەرەتاكەیە؟ ئاماژەكانی پشت ئەو رووداوە ئەمانەی لێ دەخوێندرێتەوە:
1-قووڵكردنەوەی زیاتری ناكۆكی نێوان حزبەكان، چونكە لە كوردستان ناكۆكی مەزهەبی نییە، بەڵام تاران بەدوای ئەو هێزانەدا دەگەڕێ روڵی حوسییەكانی یەمەن بگێڕن.
2- داواكاریی راستەقینە و رەوای خەڵك دەشێوێنێ و بۆ رووخاندنی حكوومەت دەیگۆڕێ، لەم رێگەیەشەوە یەكێك لە ئامانجە گرنگ و لەپێشەكانی تاران و بەغدا، بە دەستی كورد و بەناوی داوای خەڵكەوە دێتەدی، ئەویش كاولكردنی كوردستانە.
3-گەیشتنە پایتەخت، گەیشتنە بە ئامانجی باڵا، گۆڕینی خێرای خۆپیشاندان بۆ پەلاماری چەكداری، ئەوەی لێ دەفامرێتەوە كە هەم قەڵادزە دەكەوێتە دواوەی رانیەی كۆنتڕۆڵكراو و بنكەی كۆكردنەوەی توانا و خۆڕێكخستنەوە، هەم رۆیشتن بەرەو ناوچەكانی دی، لەوانەش بە ئامانجگرتنی هەولێر.
4- لەبەرئەوەی گرووپی هاوپەیمانی دیموكراسی، هێشتا لە ناو یەكێتی ماونەتەوە، مانەوەشیان بەم شێوەیە بە قازانجتر دەبینن، بۆیە سەرەڕای ناكۆكی سەركردەكانی دی، بەڵام تا هاوپەیمانی وەك شانەی نووستو بمێنێتەوە و لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵیش لەبەرەی رووخاندندابێ، كێشەی زیاتر بۆ یەكێتی دروست دەبێ و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن و یارمەتیی ژینگە بارگاوییەكەی توندوتیژی دەدەن.
5-تاران و بەغدا، لەڕێی دەستێوەردانی خۆپیشاندان و ئامادەبوونیان لە ژووری نووسینەوەی سیناریۆی رووخاندنی حكوومەت و تێكدانی كوردستان، دەیانەوێ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە لەبیر خەڵكی كوردستان ببەنەوە.
* رۆژی 2017/12/27 لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.
ئەم وتارە بۆ رۆژی یەك شەممە 24 ی مانگ نووسرابوو، بەڵام لەو رۆژە بەهۆی پشوو رۆژنامە دەرنەچوو، بۆیە كەوتە ئەمڕۆ چوارشەممە 27 ی مانگ.