کورد و ململانێی نیوان مالیکی و عەبادی
December 26, 2017
وتار و بیروڕا
پرسیار ئەوەیە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان چۆن لەو ململانێیەی نێوان مالیکی و عەبادی و گرەوە یەکلاکەرەوەکەی ئەمەریکا و ئێران دەڕوانن؟ ئایا وەک ئێستا و بە دید و بۆچوونی حزبی مامەڵە لەگەڵ ململانێی ئەو دوو شیعە مەزهەبخواز و دیکتاتۆرە دەکەن؟ یان پەندیان لە مێژوو وەرگرتووە و لە دیدی نەتەوەییەوە دەچنە ناو ململانێکانی نێوان مالیکی و عەبادی؟
کورد دەبێ ئەو راستییە بزانێ کە هەموو مالیکی و عەبادیەکانی شیعە و سوننەى عەرەب لەگەڵ هەموو جیاوازیە سیاسی و ئەو دوژمنایەتیە مەزهەبیەی نێوانیان، لە دیدی شۆڤێنیزم و چاوچنۆکی عرووبەوە لە ماف و ئازادیەکانی کورد دەڕوانن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام کاریان لەسەر تێکدانی ناوماڵی کورد و قوڵ کردنەوەی جیاوازیە سیاسی و حزبیەکانی ناو لایەنەکانی کوردستان کردووە، لەو بارەشەوە هەر کاتێک ویستبێتیان چەند دەستە و گرووپێکی کوردیان لە رێڕەوی کوردایەتی لاداوە و خستوویاننە سەر باریکە رێی دەستکەوتی کەسی و حزبی، رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش زیندووترین نموونەی ئەو راستیەیە.
گومان لەوەدا نییە هەڵیژاردنەکان عێراق دەکەنە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی جیاوازیە سیاسیە ناوخۆییەکان و هەڵپەی باڵادەستی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیە دژەکان، ئەوەش دەرگای بەغدا بە رووی کورددا دەکاتەوە، جا ئەگەر حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد مەستی موزایەدەی سیاسی بەریان بداو دوور لە ژاوەژاوی حزبی و ئامانجی رشتنی کۆنەقین و تۆڵەی سیاسی بچنە ناو گۆڕەپانەکە، ئەوا دەتوانن هەڵەکانی مێژوو راست بکەنەوە و تۆڵەی ئەو شکستەکانەش بکەنەوە کە بە هۆی سەرەڕۆیی هەندێ حزب دووچاری بووین، بە پێچەوانەشەوە کورد تووشی زۆر نەهامەتی دەکەن و رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەنە بەشێکی لە بیرکراوی نەهامەتیەکان.