ئه‌و شانۆیه‌ی نمایشی ئه‌كه‌ن هه‌رس دێنێت

ئه‌و شانۆیه‌ی نمایشی ئه‌كه‌ن هه‌رس دێنێت
دوای سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆم و خیانه‌تی (16ی ئۆكتۆبه‌ر) ی جه‌رگبڕ و ئه‌و ناره‌زایانه‌ی سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ گۆران و كۆمه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندرووست مامه‌ڵه‌ی سیاسی یان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام دا به‌جۆرێك وای نیشان ئه‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان بێ به‌رین له‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا هه‌یه‌ و بانگه‌شه‌ی پاكیزه‌یی ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی (ڕێزدارنێچیرڤان بارزانی) ئه‌وان پشكی خۆیان به‌ زیاده‌وه‌ برد هه‌ر بۆیه‌ به‌شی خۆشیان به‌رئه‌كه‌وێت له‌ باشی و خراپی، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێستایان به‌ كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت خۆیان ئه‌و ڕاستیه‌یان نیشاندا كه‌ ئه‌وان له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ ئیفلیجن و هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ئه‌كه‌ن به‌رانبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان،ئێستاش مافی هاوڵاتیه‌ بپرسێت كوا چوار ساڵی ئارامی؟ موچه‌ی كابانی ماڵ چی به‌سه‌ر هات؟ جگه‌ له‌ ده‌یان درووشمی تری بریقه‌دار، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن به‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌یان ده‌یانه‌وێت ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ خۆ ڕزگاركردن له‌و ئیحراج بوونه‌ ئه‌ویش به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌ حكومه‌تی محه‌لی هه‌ر وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن چۆنی درێژه‌ به‌ ناڕاستگۆی و نا لۆژیكی خۆیان ئه‌ده‌ن له‌به‌رانبه‌ر سیاسه‌ت و خزمه‌تكردن به‌ كوردستانیان، چونكه‌ پارتی ئۆپۆزسیۆن نابێت له‌ ناو حكومه‌ت دا بچوكترین ده‌سه‌ڵات و پله‌وپایه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بینین گۆران و كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌تی محه‌لی پارێزگاكان ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ی تێرامانه‌!! بۆیه‌ پێویسته‌ بپرسین ئه‌و دووفاقیه‌ له‌ پای چی؟ ئایا ئه‌وان خه‌ڵكی كوردستان به‌ نا هۆشیار ئه‌زانن بۆیه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ ئه‌كه‌ن؟ یان شتێكی تره‌ كه‌ ئێمه‌ نایزانین!!.
هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و گۆران نه‌یانتوانی و مه‌به‌ستیشیان نه‌بوو له‌وه‌ی ئه‌و ئامانج و په‌یامانه‌ بێننه‌دی كه‌ به‌ڵێنیان به‌ هه‌وادارانیان دابوو پێش هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ ئێستا بۆ ڕوو سوركردنه‌وه‌ی خۆیان بڕیار ئه‌ده‌ن به‌ پێشكه‌ش كردنی نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان، ڕه‌وایه‌ گه‌ر بپرسین ئایا ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی كێشه‌و گرفته‌كانی حكومه‌ت چین و چۆنن؟ بۆ له‌ كاتێكی ئاوا هه‌ڵ ئه‌ستن به‌كشانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت ،له‌كاتێك دا هه‌موومان چاك ئه‌زانین كه‌ حكومه‌ت لایه‌نی په‌یوه‌ندی دار به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رپشك كردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی (چوار مانگ) كه‌متر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت.
كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌گۆران و كۆمه‌ڵ بڵێت قۆناغی هه‌ڵخه‌ڵتاندن به‌ سه‌ر چوو ،خه‌ڵكی كوردستانیش دڵسۆزانی خۆیان ده‌ناسنه‌وه‌ و چیتر فری و به‌ ده‌ست درۆ و فڕت و فێڵه‌وه‌ ناخۆن، هه‌روه‌ك شاعێریش ده‌ڵێت:
ده‌مامكه‌كان هه‌ڵبه‌نه‌وه‌ ئه‌و شانۆیه‌ هه‌رس دێنێ.
Top