خەیاڵی دوژمنان خاوە بە ئابڵوقەدان وپیلانگێری لە مافەرەواكانمان پاشگەز بینەوە
December 25, 2017
وتار و بیروڕا
بەڵام ڕاستییەكی سەرنج ڕاكێش لەم بارەیەوە هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئایا كۆمەڵگای جیهانی دەتوانێ لەم بارەوە هەڵوێستی نێگاتیڤ بەرامبەر خواستی كوردەكان یان تەنانەت پاسیڤ و خامۆش بنوێنێ و ئایا سەركوتی دوبارەی كوردەكان لە باشوور و لەلایەن دەوڵەتانی چوار دەوری كوردەوە ئیمكانی هەیە؟ بێگومان ئەگەر تەنانەت لە دەیەی ڕابردووشدا وەها حەرەكەتێك لەلایەن كوردەوە بكرایەت، ئیمكانی سەرهەڵدانی ڕەفتاری زۆر تووندتر و هێرشكارانە هەبوو لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە.هەروەها ئەو سەركەوتنە گەورەیە پیشانی دا كە پرسی كورد لە ئاست جیهاندا خاوەن گرنگیەكی تایبەتە، ئەو هەموو دژایەتیە تەنیا سەلمێنەری ئەوەیە كە پێگەی "ژیۆستراتێژیك"ی كوردستان نەك تەنیا بۆ داگیركەران بەڵكوو لای زلهێزەكانیش ئەوەندە قورسە كە بە هەستیاریەكی تایبەتەوە دەڕواننە كوردستان و نە دەتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن و نە زۆر ئاسانیش ئامادەن كە دان بە مافەكانی كورددا بنێن لەم دۆخەدا. لێرەوە، بۆ كورد دەركەوت كە بۆ چەسپاندنی سەروەریی خۆی لەم قۆناغە و لە هەنگاوی یەكەمدا دەبێت پشت بە هێزی ناوماڵی خۆی ببەستێت و لەو ڕێگاوە بتوانێت ناوەندەكانی بڕیاردەری هەرێمی و جیهانی ناچار بكات لەبەرامبەر ئیرادەی گەلی كورد، لە هەڵویستە نەرێنیەكانیان پاشگەز ببنەوە.
كورد لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە هاوپەیمانیەكی سەڕەكی و بە هێزی ناوچەیی بوو بۆ هاوپەیمانان لە شەرٍی دژ بە تیرۆریستان ،بەڵام لەدوای تێكشكاندنی و لاوازبوونی داعش، بەهۆی كاڵفامی گروپی 16ی ئۆكتۆبەر وخیانەت وداگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان لە لایەن رژێمی بەغداوە ، كە وەكوو دەسكەوتی رژێمی ئێران خوێندنەوەی بۆ كرا، پلانێكی هاوبەش بۆ ڕۆژئاواش لە ئارادایە كە براوەكەی توركیا دەبێت. بەڵام كۆتایی دەسەڵاتی داعش بە واتای گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و سووریا و ناوچەكە نییە. گەڕانەوەی ئەو هێزانەی كە لەم شەڕانەدا بەشدارن بەبێ دەسكەوت مەحاڵە. لە دوای داعش، ئاسەوارە بابەتی و زەمینییەكانی هەر دەمێنیت، ئاڵۆزییەكان پەرە دەستێنێت و دەیان قەیرانی نوێ و تێكگیرانی دیكە سەرهەڵ دەداتەوە. بەو هەموو قین و نەفرەتە كە بە خوێنی سەدان هەزار كەس و زوخاوی میلیۆنان ئاوارە ئاو دراوە، پێكهێنانی دەوڵەت و دەسەڵات لەم ناوچەیە ئەگەر نەڵێین نامومكینە كارێكی هاسان نابێت.
بارودۆخ دۆزی كورد بە تایبەت دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەرٍەرایی گشت كۆسپ و گوشارەكانیان بەرەو پێشوو ناگەڕێتەوە، ناو و داخوازییەكانی بە گوێی هەموو دونیا گەیشتووە. سەرٍەرایی ناكۆكییەكان و جیاوازییەكان كوردەكان لە نێو خۆیاندا پێوەندی و یەكگرتووییان پەرەی سەندووە و ئەزموونی خەبات و هاودەنگی و بەهاناچوونی یەكدیان دیوە. وەكیتر عێراق ئەزموونێكی شكستخواردووە و سووریا بە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار كوژراو و كاولبوونێكی بێوێنە بە وڵات نابێتێەوە. تووریستەكان لە توركییە جێگای خۆیان بە ئاوارە و ئیسلامییە توندڕەوەكان داوە و ئەم وڵاتە لە بەرەی ڕووسیا و ئێراندا، دڵنیا نییە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵادا نەفرۆشرێت و ئێران بووەتە خانوویەكی داڕزاوی بێ ژێرخان كە نازناوی تیرۆریزم و گەورەترین مەترسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا دەكێشێت. حەڵقەی ون بووی ئەم پازێڵە، ڕۆژهەڵاتی نوێیە كە كۆمەڵگاكەی سەلماندوویەتی بۆ هەر ئەگەر و ئاڵوگۆڕێك ئامادەیە. لە نزیكترین دەرفەتە كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەدات.
هیچ هێزێك و وڵاتێك ناتوانێ ئیرادەی میللەتی كورد تێكبشكێنێت.ئێمە كوردین و لە پێناو ئازادی و سەرفرازیمان گیان وخوێنمان دەبەخشین و سارد نابینەوە لە گەیشتن بە مافەرەواكانمان .نەداعش و نە حەشدی شیعی نەیانتوانی لە بەرامبەر هێزوئێرادە باوەری كوردستانیان خۆیان تاقیبكەنەوە و شەرمان پێبفرۆشن و بریاری شەركردنمان لە دژ بدەن . عەبادی تۆ و رژێمە بۆگەنە دیكتاتۆرە مەزهەبگەراكەست نان و مووچەو قووتت برین هەرنەمردین و ئیرادەمان نەرووخا تازە بەو هەڕەشانە تاقیمان دەكەیتەوە ، كوردستانیان زۆر لە وە بەهێزترن تۆ بتوانیت بەراگرتنی گەشتی ئاسمانی و كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنووریەكان تاقیمان بكەیتەوە ، ئێمە بە ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچاڵكردن و وێرانكردنی نیشتیمان ورە مان نەرووخاو سەربەرزانە ژیاین ، تازە بەو هەڕەشانە ئیرادەمان بەهێزتردەبێت .سەركەوتن و ئاسۆیەكی گەش و پر هیوا لە چاوەروانیی دڵسۆزانی كورد وكوردستانە ..