هەرچی لە مشکی ببێ جەواڵ دەدڕێ

هەرچی لە مشکی ببێ جەواڵ دەدڕێ
هێشتا کەرکوک و کەرکوکیەکان لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعس دابوون و بە ئاگر و ئاسن هەوڵی سەرکوت کردن و بێدەنگ کردنیان دەدرا، نەوشیروان مستەفا بەو کەرکوکیانەی کە ئامادە نەبوون بچنەوە ژێر سێبەری رژێمی بەعس دەگوت: با کەرکوکیەکان بڕۆنەوە و چیتر کوردستان نەدۆشن و ئێمە ئامادە نین چیتر بارودۆخی خۆمان لەسەر ئەوان تێک بدەین، ئەو بۆچوونە دژ بە کەرکوک و کەرکوکیەکانی نەوشیروان مستەفا لە کاتێکدابوو کە گەورەترین شۆڕش بە قوربانی کەرکوک و کەرکوکیەکان کرابوو، جگە لەوەش بارزانی نەمر کەرکوکی بە دڵی کوردستان ناو بردووە و دەستبەردار بوونیشی لە کەرکوک بە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی زانیوە.
کورد دەڵێ: هەرچی لە مشکی ببێ هەنبانەی دەدڕێ، ئارام شێخ محەمەدی پەروەردە کراوی قوتابخانەی وڵاتفرۆشی نەوشیروان مستەفا دەڵێ: لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگم نەداوە، وشیار عەبدوڵاش دەڵێ: ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی کورد بەرەو هەڵدێرمان دەبات، واتا هەر کورد و لایەنێک باسی سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەت بکات توندڕەو و شەڕانییە، ئەوە جگە لە لێدوانی دژە کوردانەی هەڵسووڕوانی و تێکدانی ناوماڵی کورد لە بەغدا و دەنگدانی فراکسیۆنەکەی بە حەشدی شەعبی.
خۆ ئەگەر بە ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفادا بچینەوە هەموو ئەوانەی لە قوتابخانەی ئەو پەروەردە کراون و خۆی مامۆستایان بووە، وەک خۆی هەوڵیان داوە هەنبانەی یەکێتی کورد و کوردایەتی بدڕن و بەروبووم و رەنجی خوێن و خباتی شەهیدان بە پێش دۆژمنان بکەنەوە.
ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دژ بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان لە کەرکوک روویدا و ئیستاش لەژێر پاساوی خواست و داواکاری خەڵک درێژەی هەیە و بێدەنگی لێدەکرێ و خەڵکی خاوەن داواکاری بە ئاراستەی کاولکاری وڵاتدا دەبەن، جگە لە جیبەجی کردنی پیلانی داگیرکارانی کوردستان هیچ شتێکی تر نییە، ئەگەر بشتوانن رووداوە کاولکاریەکانی ئێستاش بە پاساوی گەندەڵی پەردەپۆش بکەن، خۆ دیلکوژی و وڵاتفرۆشی و جێبەجێ کردنی پیلانەکانی ئێستا و رابردوو هیچ پاساوێک هەڵناگرن و پەردەپۆش ناکرێن، کەواتە راستیان گوتووە هەرچی لە مشک ببێ هەنبانە دەدڕێ، هەموو ئەو هەڵسووڕاوانەش کە دەمامکی گۆڕانخوازیان پۆشیوە، لە راستیدا مشکزادە و هەنبانەدڕن.
Top