ترسی بەغداد لە بارزانی دەڕەوێتەوە؟
December 23, 2017
وتار و بیروڕا
بەغداد و وڵاتانی هەرێمی و سوپەر جاشەکانی ناوخۆ لە مێژە کار لەسەر لێدان لە شکۆو شکاندنی کەسایەتی تاکی کورد دەکەن،وە دەزانن بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە و لە جوڵە خستنی گەل دەبێت لە کەسایەتی و سەرکردەکانی بدەن،ڕونە گەلی بێ سەرکردە وەک مرۆڤی نابینایە،لەو سۆنگەوە لە شانزەی ئۆکتۆبەر تەواوی گەلیان کردە ئامانج و تیری ژەهراویان ئاڕاستەی بارزانی کرد،ئەمەش بۆ گۆشەگیرکردنی بارزانی،بەڵام لە واقیعدا ئامانجەکەیان کورتی هێناو بارزانیش هەر لە میانەی وتارەکەیدا وەڵامی دانەوە کاتێک وتی (کەس ناتوانێت دەنگی سێ ملیون دەنگدەر بۆ سەربەخۆیی کپ بکاتەوە......بە دەسەڵاتدارانی بەغداد دەڵێم گەر دەیانەوێت کێشەکان بە دەستوور چارەسەر بکرێن ئێمە ئامادەین،وە گەر دەیانەوێت لە هەیبەت و کەرامەتی گەلی کوردستان کەم بکەنەوە وبەهێز ئیرادەیان بسەپێنن،ئەوا باش بزانن کە مردن هەڵدەبژێرین و ڕێگا نادەین بەهیچ کەسێک وەها کارێک بکات)
ئەم وتانەی بارزانی لە دوای خیانەتی ناوخۆ و گەلەکۆمەی هەرێمی کە نیوەی خاکی کوردستانی خستە ژێر دەستی سوپای عێراق و میلیشیا ئێرانیەکان جگە لە گڕدانی دڵی پێشمەرگەو بەرزکردنەوەی ورەی گەلی کوردستان،بەدیوەکەی تردا پەیامێک بوو بۆ بەغدادو پشتیوانەکانی و ئەو ترسەی لە دڵیان بوو لەهەمبەر بارزانی نەک نەڕەویەوە بەڵکو زیادی کردو بەدوایدا داستانی پردێ و مەحمودیە هاتن کە پێشمەرگە وانەی دایە بەغداد،لەکاتێکدا سوپاو میلیشیا عێراقی و ئێرانیەکان بە نیاز بوون لەو دوو قۆڵەوە تا سەر سنورەکانی تورکیا بڕۆن.
ئێستا بەغداد تێگەیشتووە لەوەی بارزانی پێشمەرگە بێت یان سەرۆک کاریگەری بێ ئەندازەی هەیەو هەر ئەوەش وای کردووە ترسی بەغداد لە بارزانی لە دوای پۆستەکەی زیاتر بێت لەو دەمەی کە بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو.