تامی یەكپارچەیی عێراق

تامی یەكپارچەیی عێراق

لەوەتی عێراق دامەزراوە، دەسەڵات هەر چییەك بووبێت، لە پاشایەتییەوە تا بە حكوومەتی مەزهەبی دەگات، شانازی بەوە كردووە شەڕ لە پێناوی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات، سوپا بە درێژایی ئەو مێژووە، تەنیا بۆ سەركوتكردنی كورد بەكارهاتووە، لە شاڵاوی سەر كوردستان بانگەشەی ئەوەیان كردووە، شەڕی جوداخوازان دەكەن، ئێستاش بەغدا دەڵێ شەڕ دژی جوداخوازان دەكەین.
ئەگەر بپرسین ئەرێ تامی یەكپارچەیی چییە، دەكرێ ئەوانەی لەزەتی لێوەردەگرن، بەم شێوەیە پۆلێن بكەین:
* بەریتانیای ئەندازیاری دامەزراندنی عێراق و ئەمەریكای ئەندازیاری عێراق لە 2003 و ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتانی دی كە بەرژەوەندییان لەگەڵ عێراق هەبووە، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێ لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دادەگرێت.
* دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، ئەگەر ناكۆكیشیان لە نێواندا هەبووبێت، ئەوا عێراق و ئێران و توركیا و سوریا، لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق هاوڕابوون، ئێستا لە ناو ئەو ئاڵۆزییەی لە ناوچەكەدا هەیە، لەسەر هێشتنەوەی یەكپارچەیی خاكی عێراق یەكگرتوون، دەكرێ بڵێین پەیوەندیی عێراق و ئێران و سوریا لە جاران پتەوتر و گرنگترە چونكە دەسەڵاتی هەرسێكیان بەدەست شیعەوەیە.
* یەكپارچەیی خاكی عێراق سازشی لەسەر ناكرێت، قەومییەكان و تایفییەكان بەو دروشمە ژیان وەبەر خۆیان دەدەنەوە، شەقامی عێراقیش بەو دروشمە بارگاوی كراوە و وێڕای ژیانی خراپ، بەڵام لەزەتی لێوەردەگرێت.
لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، مێژووی دەردەسەریی كورد بەهۆی یەكپارچەیی عێراق باش دەزانن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا مەیلێكی بەجۆش و خرۆش بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەركەوتووە، تەنانەت هەندێ جار لە لایەنە عێراقییەكان زیاتر پێیان لەسەر یەكپارچەیی داگرتووە، بەهۆی شاڵاوی دڕندانەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر كوردستان، ئەو مەیلەی یەكپارچەیی لەلایەن هەندێ حزبەوە زیاتر ئاودراوەتەوە.
دوای 16 ی ئۆكتۆبەر و بە عەرەبكردنەوەی كەركووك، بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە بەغدا سوودی زۆری لە مەیلی یەكپارچەیی لای هەندێ حزبی كوردی وەرگرت، ئەو مەیلدارانەی یەكپارچەیی زۆر دژایەتی ئەو حزبانەیان كرد كە كاریان بۆ ریفڕاندۆم كرد، سوودی ئەو دژایەتییە چووە گیرفانی ئێران و بەغدا و كوردستانیش كەوتە بەر هەڕەشەیەكی گەورە، باشە ئەوە گوتمان ریفڕاندۆم قبوڵ نەكرا، ئەدی یەكپارچەیی عێراق بەو شێوەیەی كە وەك دەرمانی هەموو دەردەكانی كوردستان دەرخواردی خەڵك دەدرا كوا بەرهەمەكەی؟ لەوانەیە پێدانی مووچەی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی عێراقدا بەزیان بۆ عەبادی بكەوێتەوە بۆیە خۆی لێ دەدزێتەوە، هیوادارم مەیلی یەكپارچەیی حزبەكانی كوردستان لە ئەنجامی ناكۆكیی حزبییەوە بێت نەك بە قەناعەتەوە بڕوایان بەو یەكپارچەییە بێت، دەركەوت تامی یەكپارچەیی عێراق بۆ كورد تفت و تاڵ و ژەهرە، پێویستە حزبەكان لە جیاتی پشت، روو لە یەكتری بكەن و رایبگەیەنن تامی یەكپارچەیی بۆ ئێمە خۆش نییە و فرە بۆچوونمان لەسەر عێراق یەكدەخەینەوە.
Top