نێچیرڤان بارزانی، خاوەن پێگەیەكی بەهێزی نێودەوڵەتی و ئۆمێدی نیشتمانێك

نێچیرڤان بارزانی، خاوەن پێگەیەكی بەهێزی نێودەوڵەتی و ئۆمێدی نیشتمانێك
ئیداریی و سیاسییەكی زیرەك و وشیار ئەوەیە كە دووربین بێت و بتوانێ‌ كات و واقع و بارودۆخەكە بخوێنێتەوە؛ نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو ئیداری و سیاسییانەی كە هەمیشە بەرنامە و چارەسەری بۆ چۆنێتی چارەسەر كردنی گرژی و ئالۆزی و قەیرانەكانی پێیە و، هەر وڵات و هەرێمێكی دیكە بوایە لە جیاتی هەرێمی كوردستان تووشی ئەم شەڕ و ئالۆزیانە ببوایە، بۆ ساڵێكیش بەرگەی ئەم هەموو فشارانەی نەدەگرت، ئەگەر هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەم قەیران و ئالۆزییانەی ناوچەكەی گرتووە، هیچ حنرێك تێیدا نییە و حنرەكەی بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە.
بەر لەوەی گرژی نێوان هەولێر و بەغدا بگەیێتە ئەم ئاستە نالەبار و ئالۆزە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد دەستوور جێبەجێ‌ بكەن و پێویستە مافە دەستوورییەكانی گەلانی عێراق بە پێی دەستوور دەستەبەر بكرێت، دەنا شتێك نامێنێ‌ بە ناوی عێراقی فیدرال و یەكگرتوو و عێراقی ئارام. ئێستاش دوای ماوەیەكی زۆر و دروستبوونی گرژی و نائۆمێد بوون لە چارەسەری كێشە و گرفتەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەر هەموو وڵات و لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆیی و دەرەوە داوای جێبەجێ‌ كردن و كار كردن بە دەستوور دەكەن. هەر لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانەوە بگرە تاكوو فەرەنسا و رووسیا و بریتانیا و ئەو وڵاتانەی داوای یەكپارچەیی عێراق دەكەن، ئەو لایەنانە پەیوەندی بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی بەغداوە دەكەن بۆ جێبەجێ‌ كردنی دەستوور و دەرباز بوون لەو گێژاوە سیاسییەی عێراق تێیكەوتووە.
ئەگەر بەغدا وا بیر بكاتەوە كە هەرێمی كوردستانی پشتگوێ‌ خستووە و خستوویەتییەتی پاش فاریزە، ئەوە بە هەلەدا چووە و لە پێش چاوی بەغدا، هەر وەكوو سەرۆكوەزیرانی وڵاتێكی سەربەخۆ، سەرۆكوەزیرانی وڵاتانی زڵهێز و خاوەن بڕیار پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن و جێگەی بایەخ و رێزێكی تایبەتی خۆیەتی و، ئەمەش جێگەی ئۆمێد و دڵخۆشییە بۆ هەرێمی كوردستان و پەیامێكیشە بۆ بەغدا و ئەو لایەن و وڵاتانەی پێیانوایە هەرێمی كوردستانیان لاواز كردوە و پیلانەكەیان سەری گرتووە.
هیچ وڵاتێك و هەرێمێك نییە لە ژیانی سیاسی و ئیداری خۆیدا تووشی قەیران و كەوتن نەبووبێت، بەڵام دوای هەستانەوە و تێپەڕاندنی قەیران، زۆر بەهێزتر بووە و بە گڕوتینێكی بەهێزترەوە هەستاوەتەوە و، بەرەو ئامانجی گەورەتر هەنگاوی ناوە. ئێستاش هەرێمی كوردستان وا خەرێكە لەو بارودۆخە سەختە دەرباز دەبێت و، نێچیرڤان بارزانی جەولەیەكی سیاسی و دیپلۆماسیی بەهێزی دەست پێكردووە و، ئێستا زیاتر لە جاران خەڵك ئۆمێدوار بووە. بۆیە نزیك بوونەوە لە مافە رەواكان، زۆر لە جاران نزیكترن.
Top