ماوەیەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆلێكی بەرز و ئەكتیڤ دەگێڕێت و بووەتە جێگەی ئۆمێد بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، چونكە پێشتریش رۆلێكی كاریگەری هەبووە لە چارەسەر كردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێمی كوردستان لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە بە گشتی و بەغدا بە تایبەتی. ئەگەر ئاراستەی هەموو لایەك بۆ لای نێچیرڤان بارزانییە تەنها بۆ ئەوەیە كە شارەزایە لە چارەسەر كردنی كێشەكان بە رێگەی دیپلۆماسیی. لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی دیلۆماسییەوە توانی هەرەشەكانی توركیا بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەكی دیلۆماسی نێوان دوو وڵات و گەیشتبوونە ئاستێك كە بەغدا بە فەرمی هەڵوێستی وەرگرت و هۆشداری دایە توركیا لە سەر هەلكردنی ئاڵای كوردستان و وەرگەڕانی رووی توركیا لە بەغداوە بۆ هەولێر. پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان گەیشتنە ئاستی دوو وڵات. ئێستاش ئەگەرێكی زۆر هەیە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا لە رێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە، چونكە بۆ توركیا سەلما كە هەرێمی كوردستان دۆستی راستەقینە و دراوسێیەكی باشە نەك وەك بەغدا دوو روو بێت و بۆڕییەكانی نەوت لە رێگەی تارانەوە رەوانە بكات . ئاستی پەیوەندیی ئابووری توركیا لە گەڵ هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردبوو و هەرێمی كوردستان بووە یەكێك لە وڵاتانی ژمارە یەك لە رووی كاركردنی كۆمپانیاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێر و دهوك بە تایبەتی. هەرێمی كوردستان ببووە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ داهاتی توركیا و بەرز بوونەوەی رێژە و بۆژانەوەی ئابووری ئەو وڵاتە، هەمووی ئەوانە لە سەردانێكی نێچیرڤان بارازنی بۆ توركیا دەستی پێكرد و توركیاش وڵاتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چ لە رووی هاوسنوورییەوە و بێت و چ لە رووی لێكنزیكی كەلتووری و ئایینی و ئابووری. بۆیە توركیا بەردەوام دەبێت و پەیوەندییەكانی لە گەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی دەكاتەوە.
سەفەر كردنی سەرۆكوەزیران لە توركیا بۆ فەرەنسا، هەلكردنی گلۆپی سەوز بوو بۆ هەرێمی كوردستان و شكاندنی ئەو ئابلووقە سیاسیی و دیپلۆماسیییەی لە گەڵ هەرێمی كوردستانی هەیە و توركیا ناتوانێ دەستبەرداری هەرێمی كوردستان بێت، چونكە دەتوانێ متمانەیەكی تەواو بە دەسەڵاتدارانی كورد هەبێت، نەخاسمە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كە سەلماندوویەتی بەشێكە لە چارەسەر نەك كێشە.
سەردانی سەرۆكوەزیران بۆ فەرەنسا كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و توركیاش لە قورسایی و كاریگەری بەڕێزیان تێگەیشتووە و هەستی كردووە نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی كاریگەری ناوچەكەیە.
یەكێك لە سیفەتە بەرزەكانی نێچیرڤان بارزانی لە سیاسەتدا، رۆن و ئاشكرا قسەكردنیەتی، ئەمەش هەر سیاسییەك ناتوانێ، بۆیە توركیا باوەڕێكی تەواوی بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەیە و بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەكانی لە گەڵ هەرێمی كوردستان.