لە هەولێرەوە سەیری بەغدا بكەن

لە هەولێرەوە سەیری بەغدا بكەن
وەك چۆن لایەنە شیعییەكان، وێڕای دمدمەی نێوانیان لەسەر دەسەڵات، لە بەغداوە سەیری كوردستان دەكەن، پێویستە حزبەكانی ئێمەش لە هەولێرەوە سەیری بەغدا بكەن، لایەنە شیعییەكان بە حكوومەت و حەشدی شەعبی كە نزیكەی 70 گرووپن، بە پشتیوانی راستەوخۆی ئێران لەسەر زەوی، رۆژی 16 ی ئۆكتۆبەر بەشدارییان لە پەلاماردانی كوردستان كرد، هەر هەمووشیان شانازی بەو بەشداریكردنەیان دەكەن، كەچی گرووپێك كاریان لەسەر ئەوە كرد، پێشمەرگە توانای وەستانەوەی لەبەرامبەر ئەو شاڵاوەی بەغدا نییە، بەڵام دوای چوار رۆژ ئەو پاساوە لە شەڕی پردێ كۆتایی هات، بەمەرجێك حەشد و پاسدار و سوپای عێراق بە مەعنەویاتێكی زۆر بەرزەوە بەرەو پردێ هاتن، چونكە كەركووكیان گرتبوو، گرووپەكە گەورەترین دیارییان پێشكەشی حەشد كرد، بەداخەوە بەهۆی ناكۆكیی حزبی و رێككەوتنی ژێربەژێرەوە، حەشد كرایە پاڵەوان و كوردیش دەربەدەر و بەعەرەبكردنی كوردستانیش دەستی پێكردەوە.
ئێستا هەموو ئەو لایەنە شیعییانە بە دەوڵەتانی ئیقلیمیشەوە لە بەغداوە سەیری كوردستان دەكەن، كەچی حزبەكانی ئێمە هەر یەكە و لە ماڵی خۆیەوە سەیری بەغدا دەكات، لەم سۆنگەیەوە لە كوردستان دوو تێڕوانین بۆ بەغدا هەیە، بەڵام بەغدا یەك تێڕوانینی بۆ كوردستان هەیە، ئەم دوو تێڕوانینەی كوردستان، هێزێكی دیكەی داوەتە بەغدا، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر رەت دەكاتەوە، كەواتە وێڕای حاڵەتی ئێستامان، هێشتا لە دۆخی ناكۆكیی حزبی داین، بە دیوێكی دیكەدا هێشتا لەسەر حیسابی نیشتمان، حزبایەتیی سەقەت بەدوای ئەو پنت و خاڵانەدا دەگەڕێ كە بیانكاتە گوشار بۆ ناكۆكیی حزبی، لەبەرئەوە نەبوونی دیدێكی هاوبەش، هێندەی دی لاوازیی بە هەرێم بەخشیوە.
دوو مەسەلە هەن، دەكرێ ببنە هەوێنی دیدی هاوبەشی هەرێمی كوردستان، یەكیان تێڕوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەویدیكەش یەكپارچەیی خاكی عێراق، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ گفتوگۆی هەولێر و بەغدا و مافە دەستوورییەكانی كورد دایە، بە ئاشكرا دیارە بەغدا مل بۆ جێبەجێكردنی دەستوور نادات، هۆكارەكەشی ئەوەیە جێبەجێكردنی دەستوور لە بەرژەوەندیی كورد دەبینێ، لەلایەكی دیكەشەوە لایەنە شیعییەكان چاویان لە كۆپیكردنی سیستەمی ولایەتی فەقیهی ئێرانە، ئەم داخوازییەی لایەنە شیعییەكان لەم دەستوورەدا نایەتەدی، بۆیە دەیانەوێ دەستوورەكە بە دەستوورێكی دیكە بگۆڕن كە زەمینە بۆ دامەزراندنی ئەو سیستەمە خۆش بكات.
لە لایەكی دیكەشەوە، یەكپارچەیی خاكی عێراق لە ماوەی تەنیا مانگێكدا دەركەوت چ بەڵایەكی گەورەیە بۆ كوردستان، كەواتە ئەو حزبە كوردییانەی خوازیاری یەكپارچەیی بوون، ئەوە دەرهاویشتەكانی ئەو یەكپارچەییەمان بینی، پێویستە چاو بەو تێڕوانینەیاندا بگێڕنەوە، چونكە ئەوەی بەكاریان هێنا گوایە بەغدا مووچە دەنێرێ و بەو هۆیەشەوە ئەوان لە كوردستان براوە دەبن نەهاتەدی، لە بەغدا تێكشكاندنی كورد بە دەسكەوت بۆ هەڵبژاردن دەزانن، لای خۆشمان تێكشكاندنی هەرێمی كوردستان هەر بەدەسكەوت بۆ هەڵبژاردن دەزانن، ئەرێ ئەمە چ دەسكەوتێكی حزبییە؟!
Top