بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی رەوشتی کوردەواری و هەڵوێستی کوردایەتیدا
December 16, 2017
وتار و بیروڕا
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو پشێویانەی وڵاتانی عەرەبی بە بەهاری عەرەبیان ناوبرد، نەوشیروان مستەفا لە رێگای هەڵسووڕاوە دەمشڕ و هەڵەوەڕەکانی هەوڵیدا پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی بەرێتە ناو پشێویەکانی وڵاتانی عەرەبی، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەرکی سەرای سلێمانیان داگیر کرد و بە درووشمی کوردستان تونس و میسرە و بە زمانی عەرەبی دەیانگوت: ارحل.
دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، وەک مەترسیدارترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانی مەترسیەکانی لەسەر کوردستان و لەناوبردنی ئەزموونەکەی چڕ کردنەوە، لەو کاتەدا پێشمەرگە و خەمخۆرانی کورد سەرگەرمی پاراستنی کوردستان و بەرگری کردن بوون لە شەرەف و نامووسی کورد، دووبارە نەوشیروان مستەفا لە رێگای منداڵەوردکە و هەڵسووڕاوە هەڵەوەڕەکانی کەوتەوە پەلاماردانی بنکە و بارەگاکانی جەنگی داعش دەجەنگان.
ئێستا کە بەغدا هەرێمی کوردستانی تووشی قەیرانێکی دارایی کردووە و بە چاوساغی و دەستکێشی باڵێکی ناو لایەنێکی دیاریکراو، هەڕەشە لە بوون و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد دەکات، بزووتنەوەکەی نەوشیروان مستەفا بە کەڵک وەرگرتن لەو کەتوورە ئاژاوەگێڕیەی بۆی جێهێشتوون، وەک پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ دوژمنکاریەکانی بەغدا لە هەوڵی نانەوەی پشێوی و ئاژاوەگێڕیدان.
هەموو ئەو هەوڵە ئاژاوەگێڕیانەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدا بوون کە دوژمنان سێرەیان لە ئاسایشی نەتەوەیی کورد گرتووە، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستی هەموو گەلانی دونیایە، هەموو گەلانی دونیا کاتێک مەترسی دەکەوێتە سەر ئاسایشی نەتەوەییان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هەموو جیاوازیە سیاسی و حزبییەکان بۆ بەرگری کردن و رەواندنەوەی ئەو مەترسییە دەچنەوە پاڵیەک، کەچی بزووتنەوەکەی نەوشیروان مستەفا پێچەوانەی ئەو راستییە هەنگاوی ناوە و هەر کاتێک مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی روو لە هەڵکشان بووبن، ئەوان نەک هەر ئامادەی بەرگری کردن نەبوون، بەڵکو بۆ لاواز کردنی تواناکانی بەرگری کردنی کورد، ئۆپۆزسیۆن بوونیان کردۆتە دوژمنایەتی و بوونەتە بەشێک لە دوژمنان و موزایەدەی خەمخۆری و بەدەنگەوە چوونی خواست و ئامانجەکانی خەڵکیشیان کردووە.