دیسان بەزمی زمان درێژیە

دیسان بەزمی زمان درێژیە
هەڵس و کەوت و ڕێکردن لەگەڵ هەرزەکاری سیاسی و کاڵفامەکان ئارامیەکی لە ڕادەبەدەری دەوێ، دەبێ ئەوەندە دڵسۆز بوبیت بۆ ئامانجە گەورەکان کە بەرگەی ئەو هەمو چەتونیە و منداڵ بازاڕی و خیانەتە و تۆمەتبارکردنە ناڕەوایە زۆرەت گرتبێت.

جێگەی داخە بەشێکی زۆری میللەت تەنیا لەسەر ڕق لێبونەوەو دژایەتی پارتێک و ماڵباتێک پەروەردە بکرێت کە سەراپا مێژووەکەیان لە باب وباپیرانیانەوە تاکو نەوەکانی ئێستایان تەنیا و تەنیا لەخەمی گەلەکەیاندا بوونە بەبێ پسانەوەو ماندو بون و پاشەکشە بۆ تەنیا یەک ساتیش، لەو ڕێگەیەش هەرچی لە توانایاندا بووە کردویانەو قوربانی زۆریان داوەو هەرچی دەستکەوتی میللەتیش بووە بەرەنجامی ئەو قوربانی و خەباتە بووەو ئەوانیتر تەنیا سەربازی ئەو ماڵباتە پیرۆزە بوونەو زۆر جاریش لە پشتەوە بە فیتی داگیرکەران خەنجەری ژەهراویشیان لێدراوە، دڵسۆزی و گەورەیی ئەو ماڵباتەش لە دوا جاردا لێبوردە بووە لەگەڵیان تاکو بەخۆیاندا بچنەوەو ئەگەر خۆشیان فرچکیان بە خیانەت گرتبێت بەڵکو نەوەکانیان شوێن پێی ئەوان هەڵنەگرن کەوا دیارە ئەو چاوەڕوانیەش لە جێگەی خۆیدا نەبووە، ئەمە وێڕای ئەنجامدانی دەیان چاکسازی کۆمەڵایەتی لەناو ئەو خەڵکەی کە سەرپەرشتیان کردوون.

چۆن ڕەوایە کە سەردەمانێکی زۆر هەموو تاکی ئەو نیشتمانە بە گەورەو بچوکیەوە لەو سەرەتاو تاکە قوتابخانەیە(پارتی و بارزانی) فێری گیان بازی و نیشتمان پەروەری و کوردایەتی دەبون و دەناسران لە کاتێکا ناویان لەکولەکەی تەڕیشدا نەبو ئاوا دژایەتی ئەو لایەنە بکەن و ئەو هەمو ڕقە بێ بنەمایەیان هەبی بەرامبەری و بەو جۆرە دژایەتی بکەن.

کە یەکەم هەڵبژاردنی ئازادیش کرا زۆرینەی میللەت ڕازی بوون بەو لایەنە و ئازادانە ڕابەرایەتیە شۆڕشگێڕی و مەدەنی و کوردایەتیەکەیان قبوڵ کرد. ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەرزۆرینەیە و لەسەر هەمان ڕێبازە نیشتمانی و نەتەوەییەکەیە وتاکە ڕۆژەنەی ئومێدە لەم سەردەمی نائومێدی و گەلەکۆمە و خیانەت و کەم لوتفیەدا.

ئەگەر تۆزقاڵێک دوور لە دەمارگیری و بەویژدانەوە چاوێکی خێرا و سەرسەرەکی لە مێژوو تا دەگاتە ئەو ساتەی تێیدا دەژین بکەین و شەن و کەوێکی ڕووداو و بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشەکان بکەین بۆمان ڕوندەبێتەوە کە پارتی و بارزانی شایەنی ئەوەن تێکڕای گەل لە دەوریان کۆببنەوە چونکە تاکە ڕێگەی گەیشتن بە سەرفرازی و بە ئامانج گەیشتنن، بۆ دەرچون و تێپەڕاندنی هەموو نەهامەتیەکان و ڕوبەڕو بونەوی ئالینگاریەکان تاکە هەڵبژاردە ڕاست و دروستەکەیە، لەکۆتاییدا دەڵێم پارتی و بارزانی تاکە شایەنی کەشتیوانی کردنی مافە ڕەواکانمانن نەک ئەو هەموو ڕق لێبونەوەو زمان درێژیە ناڕەوایانە.
Top