چارەنووسی عەبادیەکان!

چارەنووسی عەبادیەکان!
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق مشتومرێکی زۆر پەیدا بوو بۆ ناساندنی پێشمەرگە وەک هێزێکی دانپێدانراو لە لایەن هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی حوکمی ئەوکات ڕێزی لێ گیراو و ئەم ڕێزگرتنەش بووە بنەما بۆ بەردەوامبوونی کورد لەناو ئەنجومەنی حوکم و نەکشانەوەی لە بەغدا، ئەیاد عەلاوی لەکاتێکدا کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بۆ ماوەیەکی کورت وەرگرت ویستی کار و ئەرک و پیرۆزی پێشمەرگە نادیدە بگرێت بەڵام خۆی وەک سیاسیەکی دۆڕاو لە گۆڕەپانی سیاسی نادیدە گیرا و هەروەها (ئیبراهیم جەعفەری) کاتێک وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەک قۆناغی گواستەنەوە دەست بەکار بوون ، بەجۆرێک کاری دەکرد کە بتوانێت پاڵپشتێکی یاسایی و ڕێکەوتنێکی هەمە لایەنە بۆخۆی بەدەست بهێنێت کە بتوانێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکەم کەس بوو لە میانەی لەناوبردنی گروپە چەکدارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ پێشمەرگە وتی (دەبێ میلیشا چەکداریەکان لەباکورەوە تا باشوور نەمێنن) ئەمە ئەو وتەیە بوو کە سەرکردایەتی کوردی توڕە کرد و سەرۆک بارزانیش بە فەرمی وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە و ناوهێنانی پێشمەرگەی بە میلیشیا بە هێڵی سور ناوبرد بە جۆرێک جەعفەری پەشیمانبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند و وتی کە مەبەستی پێشمەرگە نەبووە، لەوادەی پڕۆسەی نوسینەوەی دەستووری هەمیشەیی یەک لە خاڵە گرنگەکان کە کورد پێداگری لەسەر کرد چەسپاندنی مافەکانی پێشمەرگە بوو لە دەستووری هەمیشەیی دواجار ئەمەیان بە تەواوی چەسپا.

هەموو سەرۆک وەزیرەکانی عێراق لە ڕابردوودا بەم هەڵەیە تێپەبوون کە دواجار بە دانیشتن لە ماڵەوە بۆیان کۆتایی هاتووە یاخود بە پۆستێکی بێ دەسەڵات بۆی دەرچوون، هەندێکیشیان بۆ پاکانە لە ئێستادا دەیانهەوێ وەک فریادڕەسی ڕەوشی کوردستان دەربکەون و پڕۆژە و پێشنیار بۆ ارەسەری گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بخەنە ڕوو تاکو متمانەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە داهاتوودا بەدەست بهێنن، مالکی لە 2012 هێزەکانی دیجلەی بە فەرماندەیی زەیدی هێنایە نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان وگرژیەکان کەوتنە حاڵەتی مەترسیدار و بۆ چەندین مانگ پێشمەرگە ڕووبەڕوی ئەو هێزانە وەستایەوە کە دواجار بە هاتنە خوارەوەی مالکی لە پۆستی سەرۆکوەزیران کۆتایی هات، ئێستا کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانە دەیهەوێ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی تاریک پەرستانی داعش نادیدە بگرێت و جگە لەوەی ئەو کە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لوتی بردووە بە ئاسماندا پێ وایە سەرکەوتووە بەسەر ڕیفراندۆمدا و سەرکەوتنەکەشی دەهێنێتە ڕیزی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، بەم لێدوانە و نادیدە گرتنی سەرکوتنەکانی پێشمەرگە لە جەنگی لەناوبردنی داعش دواجار وەک کورد دەڵێ (سەری خۆی دەکات بە قوڕدا)، چونکە تەواوی جیهان شاهێدی نەبەردی و قارەمانیەتی پێشمەرگەن و چەندین کەسایەتی و سەرۆکی جیهانی باسیان لە نەبەردیەکانی پێشمەرگە کردووە و جگە لە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتان فڕەنسۆ ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا خۆی سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کردووە و لە حزووری بارزانیدا سەری ڕێز و نەوازشی بۆ پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان نەوی کردووە، بۆیە ئێستا کە پێشمەرگە وەک هێزێکی ئاشتی پارێز و پارێزەری مافی مرۆڤ سەیر دەکرێت هەر نادیدە گرتنێک لە هەوڵ و ئازایەتی و قوربانیەکانی یەکسانە بە کۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی نەیارانی پێشمەرگە و کوردستان.
Top