دەموچاوی ئێمە و تێڕوانینی بەغدا

دەموچاوی ئێمە و تێڕوانینی بەغدا
دوای 16 ی ئۆكتۆبەر، گۆڕینی (دەموچاو) وەك داواكارییەكی هەندێ لایەن و گرووپ خراوەتەڕوو، پاساوەكەش ئەوەیە، ئەم دەموچاوانە شكستیان هێناوە، ناتوانن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان بكەن، دیارە تائێستا ئەو پێداگریە، بەتایبەتیش لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ بەردەوامە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی بۆ ئەوماوەیەی لە درێژكردنەوەی پەرلەماندا ماوە، بەبەرنامەی كاری ئێستایان دادەنێن، لێ لەم داوایەدا خوێندنەوە بۆ بەغدا نەكراوە، ئاخۆ بەگۆڕینی دەموچاو، بەغدا دێتەڕایێ و لە شەو و رۆژێكدا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ دەكات؟ هەر بەڕاستی بەغدا لەبەر ئەو دەموچاوانە پشتی لە دەستوور كردووە و دژایەتی كوردستان دەكات؟ ئەم پرسیارە و زۆری دیكەش پێویستیان بە وەڵامە.
ئەگەر ئەم دەموچاوانە لەلایەن بەغداوە بۆ گفتوگۆ رەتبكرێنەوە، ئایا گوێ لەو دەموچاوانە دەگرێ كە جێگەی دەموچاوە كۆنەكان دەگرنەوە؟ ئەم پێداگریە جۆرە نامەیەكیشە، پێمان دەڵێ بەغدا لە بنەڕەتەوە دژی دۆزی رەوای كورد نییە، بەڵكە دەموچاوەكانی لێ بوونەتە بەڵا، دەنا ئامادەیە چیدی مافی كوردستان زەوت نەكات، لێرەدا پرسیاری دیكە سەرهەڵدەدەن، ئایا بەغدا خۆی بە دڵسۆزتر لەو دەموچاوانە بۆ كوردستان دەزانێت؟ خۆ دەبێ پرسیاری ئەوەش بكەین، بەغدا بۆچی رقی لەو دەموچاوانەیە؟ ئەدی تایبەتمەندیی ئەو دەموچاوانەی خۆیان بە جێگرەوەی دەموچاوە كۆنەكان دەزانن چییە؟
راستی ئەم داوایەی گۆڕینی دەموچاو، بەغداشی هان داوە لەو حزبانە بكەوێتە تەقە كە كاریان بۆ ریفڕاندۆم كردووە، حەیدەر عەبادی نەیشاردۆتەوە، رایگەیاندووە كە زۆر داواكاریی لە كوردستانەوە لێ دەكرێ بۆ گوشار خستنە سەر هەولێر، هەوڵی مۆڵەت وەرگرتنەوە لە پارتی و رێگری لێكردنی بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن نەكات، بە پاساوی دابەشكردنی عێراق، بەرهەمی ئەم تێزەیە كە چۆتە گیرفانی عەبادی، كێشە ئەوەیە، زۆربەی ئەوانەی پێ لەسەر گۆڕینی دەموچاوەكان دادەگرن، توانای خۆیان بۆ یەكپارچەیی عێراق خستۆتەگەڕ، جا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەوانەی مامە حەمەیی و ماستاوچییەتی بۆ بەغدا و عەبادی دەكەن، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر هەولێر زۆربكەن، چۆن دەتوانن لە بەغدا پێ لەسەر داواكارییەكانی كوردستان دابگرن؟
لەوەتەی كوردستان بە عێراقەوە لكێندراوە تا بەرۆژگاری ئەمڕۆ دەگات، هەر كوردێك داوای ئازادی و سەربەخۆیی كردبێت، بە جوداخواز لەقەڵەم دراوە، بەڵام بەغداش ناچاربووە، هەر مامەڵە لەگەڵ ئەو جوداخوازانە بكات، نموونەش سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولە، وێڕای ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پاڵیاندایە بەغدا و لە دوای 1966 یشەوە شەڕی شۆڕشیان كرد، بەڵام بەغدا رێككەوتنامەی 11 ی ئاداری 1970 ی لەگەڵ شۆڕش بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر مۆر كرد، بۆیە هەقە پەند لە مێژوو وەربگیرێ، ئەو راستییەش لەبەرچاوبگیرێ، ئەگەر گوێ لە دەموچاوە كۆنەكان نەگیرێ، لەبەرئەوەیە ریفڕاندۆمیان كردووە، بەڵام بەغدا ناچارنییە گوێ لەوانی دیكەش بگرێ، چونكە داوای ئەوانی بەوە جێبەجێ كردووە، بۆتە كارتی گوشاریان، بۆیە تاكە چارەسەرهەر یەكریزییە.
Top