نامەیەکی بێ پێچوپەنا بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی

نامەیەکی بێ پێچوپەنا بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی
بەڕێز کاک نێچیرڤان
سڵاو و رێز
بابەت \ موزایەدەی عێراقچی و وڵاتفرۆشان و بێدەنگی بەڕێزتان
بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی.. بەو هۆیەی چەند جارێک بە خزمەت باوکی رەحمەتیت گەیشتووم و لە بۆچوون وئامۆژگاریە شۆڕشگێڕیەکانی بەهەرەمەند بووم، بە هۆی ئەو دیدارانە و بەدوادا چوونی خۆشم بۆ زیاتر ناسینی، ئاوا ئەو سیاسی و سەرکردە مەزنەم ناسیوە، لە رووی دوژمن و نەیاراندا کێوێک بوو لە ورە و هەڵوێست و بڕوا بە خۆبوون و خۆراگری، لە رووی دۆست و شۆڕشگێڕانیش مێژوویەک بوو لێوانلێو لە ئەزموون و ئامۆژگاری و بەرچاو روونی، ئێستا بە مافی خۆمی دەزانم جەنابتان وەک سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی و کوڕی ئەو پیاوە مەزن و بە سەلیقەیە ئەو نامەیە ئاراستەی بەڕێزتان بکەم.
بەڕێز.. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەولێر هاوپەیمانە و لە سەرکەوتنەکانی حکومەت شەریکە و کاک قوباد وەک کوڕی مام جەلال جێگری بەڕێزتانە، لە سلێمانی هێرۆخان وەک هاوسەری مام جەلال و دایکی کاک قوباد ئۆپۆزسیۆن و لە بەرەی خەڵکە و بانگەشە بۆ بوونی گەندەڵی و شکستخواردوویی حکومەت دەکا و لە گەندەڵی و شکستەکانیش خۆی بە دوور دەگرێ و دەڵێ: بەشەکەی یەکێتی گەندەڵ نییە و لە بوونی شکستەکەش تەریکە، لە بەغداش پاڤێڵ و لاهور و ئاڵا تاڵەبانی وەک کوڕ و برازا و خوارزای مام جەلال لە بەرەی عەبادی و مالیکی دان و لێبڕاوانە کار لەسەر رووخاندنی حکومەتی هەرێم دەکەن.
بەڕێز.. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە سێ فاقیە و ئەو ئیرهابە فیکریەی لە پەنای حکومەتی شەراکەتەوە دژی پارتی دەستیان داوەتێ، پارتی لەبەر چاوی خەڵک کراوەتە دێوەزمە و خۆیانی دیوەزمەش کراونەتە فریشتە، ئەرێ بەڕاست کاتی ئەوە نەهاتووە باوکت ئاسا قۆڵی لێ هەڵماڵی و راستییەکان بخەیە بەرچاوی خەڵک و ئەوەی بن بەڕە بێنیتە سەر بەڕە؟!
بەڕێز.. کورد گوتەنی ئەو بایە لەو کونەوە بێ و پارتی ئاوا بێدەنگ و یەکێتیش ئەو سێپێیە سیاسیەی بە دەورەدا بکات و راستییەکان نەخرێنە بەرچاوی خەڵک، زۆری تر نابات کەرکوک فرۆشیەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش دەکرێتە مارەکەی شێخ ئۆمەر و لە گەردنی پارتی دەهاڵێندرێ.
بەڕێز.. بە قەولی ئەوان گەندەڵ (پارتی)یە، دز و بە تاڵان بردنی داهاتی کوردستان و دواکەوتنی مووچە (پارتی)یە، چی قەیرانی سیاسی و ئابوری هەیە لەبن سەری (پارتی)یەوەن، تەنانەت موزایەدە بە کەرکوک فرۆشیەوە دەکەن و دەڵێن: ئەگەر ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ حەشد و سوپای عێراق رێکنەکەوتباین و پاشەکشەمان نەکردبا و کەرکوکمان رادەست نەکردبا، پارتی کەرکوکی بە دەردی موسڵ و حەلەب دەبرد، بێدەنگی بەڕێزیشتان وای کردووە ئەسپی موزایەی سیاسی بە پێدەشتی چەواشەکاریدا تاو بدن و منەتی خەمخۆری و دڵسۆزیش بە خەڵکی کوردستان بفرۆشن.
بەڕێز کاک نێچیرڤان.. دەزانم بێدەنگی بەڕێزتان لە پەرۆشی و خوێندنەوەی کوردانەتانە بۆ هەستیاری قۆناغەکە، بەڵام بێدەنگی تا ئەو کاتە باشە کە بەرامەبەرەکەشت هەست بە بەرپرسیارێتی بکا و رێز لە بێدەنگیت بگرێ، نەک وەک ئێستا کە هەوڵدەدرێ ئەو بێدەنگیەی بەڕێزتان بکرێتە چەکێک و رووبەڕووی خۆتان بتەقێنرێ، بۆیە پێویستە و پێشنیار دەکەم جەنابت و کاک قوبادی جێگرت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بە دەرخستنی راستییەکان تەمی ئەو ئیرهابە فیکیری و پیلانگێڕیە فرەجەمسەریە بڕەوێنیەوە کە شکست پێهێنانی حکومەتی هەرێم و خەونی سەربەخۆیی کوردستانی بە ئامانج گرتووە.
سوورە مەرگەیی
Top