هیچ ئابڵوقە وپیلانێك ناتوانێ رووبەرووی ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگە، میللەتەكەمان ببێتەوە

هیچ ئابڵوقە وپیلانێك ناتوانێ رووبەرووی ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگە، میللەتەكەمان ببێتەوە
مێژوو سەڵمنێنەری ئەو واقیعیە كە هیچ رژێمێك بە گەورەترین و پێشكەوتووترین چەك و تەكنۆلۆژیان نەیتوانیی ئیرادەی لە بن نەهاتوویی پێشمەرگە ، میللەتەكەمان لاواز بكات .بە درێژایی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان پێشمەرگە، ئەو ئیرادە و هێزە كاریگەرەیە كە لە هەر شوێنك ناو و بوونی هەبوو بێ‌ بۆتە ترس و بوومەلەرزە لە نێو ناخی داگیركەران ، چونكە پێشمەرگە هێمای ئازادی و رٍەتكردنەوەی كۆیڵەبوون و وەك چیاییەكی پۆڵایینە لە بەرامبەر داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستان . بە درێژایی 70 ساڵی رابردوو لە دژی رژێمە یەك لە دوای یەكەكان و لە پێناو گەرٍاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانمان قارەمانانە رووبەرووی دوژمنان بۆتەوە و توانیوێتی ئەو پەیامە بگەێنێ‌ كە تا پێشمەرگەیەك مابێ‌ رێگە نادات بستێك خاكی كوردستان بە داگیركراویی بمێنێتەوە . گەر هەڵوەستەیەك لە سەر بەرگریی بێ‌ وێنەی پێشمەرگە و قوربانیدان و تێكۆشانی نزیكەی چوار ساڵی رابردووی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش چاو دابخات و خۆی لێ بێ ئاگا بكات. چۆن دەكرێت كەسێك لە بەغداوە باسی دەوڵەتی مەدەنی و چەسپاندنی دەستوور و یەكپارچەیی عێراق بكات، چەرمی رووی هێندە ئەستوور بێت، شەرم نەیگرێت و سەری خۆی نەوی نەكات لە ئاست خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و ئازار و برینی بریندارانی هێزی پێشمەرگە. پێشمەرگە پێویستیی بە هیچ ستایشێكی كەسێكی تائیفی و سیاسییەكی بێ ئەتەكێت و دۆستێكی دووڕووی دوێنێی كورد نییە، كە هەتا پێشمەرگە هێڵەكانی بەرگری یەكەم و دووەمی داعشی لە مووسڵ نەشكاند، جورئەتیان نەدەكرد، هەنگاوێك بە ئاراستەی شەڕی مووسڵدا بنێت. پێشمەرگە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە. عەبادیش بە فەرامۆشكردنی پێشمەرگە جگە لەوەی لە شكستی یەكجارەكی خۆی نزیك دەبێتەوە، هیچی دیكەی دەست ناكەوێت. ئەوەی دەمێنێتەوە پێشمەرگەیە. چونكە پێش عەبادی، سەدامی دیكتاتۆر هەتا لە دەسەڵات بوو، ناوی پێشمەرگەی نەدەهێنا و بە تێكدەر ناوی دەبرد، بەڵام سەدام چووە زبڵدانی مێژوو و پێشمەرگەش بە سەربەرزی لە سەنگەری بەرگریدایە. ئێستاش پێشمەرگە خاوەنی فەرماندەیەكی مێژوویی و مەزنی وەك جەنابی سەرۆك بارزانییە، بۆیە هیچ كاتێك چاوەڕێی ستایش و ناوهێنانی لە دوژمنانی راستەقینەی كوردستان ناكات. بۆیە ئاسایی دوژمنێك و كەسێكی كاڵفامی وەك عەبادی سەرەك وەزیری بەغدا زمانی لال بێ‌ و چاویی بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە،سەرۆك بارزانی هەڵنەیەت .

لە ماوەی نزیكەی چوارساڵی رابردوو، دۆزی كورد رووبەرووی درٍندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی و تیرۆریستان بۆوە ، مەحاڵە بێ‌ هۆكار بوو بێ‌ ، چونكە دۆزی كورد لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لەرووی دیپلۆماسی ،سیاسی و ئابووری پێشكەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بوو ، ئەمەش وایكردبوو كە كورد بەرەو قۆناغی دەوڵەتبوون هەنگاو بنێ‌ و نزیك ببێتەوە . بۆیە ئەو هێزە درٍندەیە گەر مەبەستی تێكدان و لەباربردنی ئەو دەسكەوتە گەورانە نە بووبێ‌ ، دوژمنان و داگیركەران بۆ چ داعشی درٍندەیان لە دژی ئێمە بەكارهێنا.ئەوەی جێی هەڵوەستەیە ئەوەیە كە كاتێك بە هێزوئیرادەی پێشمەرگە قارەمانەكانی لووت و هەیبەتی شكاند و نەیتوانی بەرگەی ئەو قارەمانییەتە بگرێ‌ ، ئەوا رژێمی ئێران هەر زوو بە خێرایی هێزێكی تری میلیشایی بە ناوی " حەشدی شیعی " ، كۆپی كراوی بەسیجی ئێرانی بە ناو فەتوا مەرجعەییەت هێنایە مەیدانەوە كە بەدڵنییاییەوە ئەو هێزە میلیشاییە جگە لە جێبەجێی كردنی فەرمانەكانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بە سەر ناوچەكە و بە تایبەت سرٍینەوە و لاوازكردنی دۆزی كورد ئامانجێكی تر نییە .چونكە بیستمان وبینیمان كە گشت سەركردە باڵاكانی رژێمی ئێران ، هەرێمی كوردستانیان بە ئیسرائیلی دووەم و گەورەترین مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەكانی خۆیان بینی و ئەوەشمان بینی كە پێش هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان رێككەوتن و پەیماننامەیەكی سێ‌ قۆلییان بە مەبەستی لە ناوبردنی دۆزی كورد لەگەڵ یەكتر بەستی . گەر قارەمانیی و فیداكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی سەرۆك بارزانی لە رۆژی 20/10/2017 پردێ‌ و دواتر سحێلا نەبوایە ، ئەگەر داگیركردنی كوردستان لە ئارادا بوو.بۆیە دەبێ‌ پێشمەرگە و میللەتی كورد هەموو سات و كاتێك ئامادەی رووبەرووبوونەوەی داگیركەرانی حەشدی شیعی و پاراستنی دەسكەوتەكان بن ، چونكە ئەوانە پیاویی دانووستان و گفتگۆ نین و دەبێ‌ بە شەرٍ كوردستانیان لە ژێر پۆستاڵە گڵاوەكانیان رزگار بكەین.
ماوەی سێ ساڵی رابردوو، میللەتی كوردی خاوەن هێزی پێشمەرگە ، سەرۆك بارزانی، خاوەن ئیرادەی پۆڵایین و بە چەكی ئیرادە توانی بە شاهیدی هەموو جیهان درٍندەترین دوژمن و تیرۆریستی بە گەورەترین چەك و تەكنۆلۆژیان تێك و پێك شكاند. ئەمەش وانەیەك بوو بۆ هەموو ئەوانەی كە بیر وزكریان داگیركردنی خاكی كوردستان و شكاندنی ئیرادەی میللەتەكەمان بوو . گەر هەڵوەستەیەك لە سەر مێژوویی خەباتمان بكەین دەبینن كە بە درێژای نزیكەی 60 ساڵی رابردوو هیچ كاتێك نە بارزانیی نەمر و نە سەرۆك مسعود بارزانی دیالۆگ و دانوستاندنیان رەدنەكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردەكە لەنێوان تەسلیمبوون بە ئیرادەی بەرامبەر و شەڕكردن و بەرگری لە شكۆی كوردستاندا بووبێت، ئەوا بە درێژایی ئەو مێژووە هەردووكیان شەڕ و بەرگریكردنیان لە شكۆی كوردستان هەزار جار لە تەسلیمبوون بە باشتر زانیووەـ بەدڵنییاییەوە چۆن لە رابردوو بە سەر رژێمە و پیلانەكانیان و جبەخانەكانیان سەركەوتنین بە هەماشێوە بە سەر پیلان و ئابڵوقەدانی رژێمی ئێستاش دا سەردەكەوین و دەسكەوتی گەورە و مێژوویی بەدەست دێنین .
Top