بۆ كوشتنی كورد، زه‌مین له‌رزه‌ش دان به‌ سنوره‌كان دانانێت

بۆ كوشتنی كورد، زه‌مین له‌رزه‌ش دان به‌ سنوره‌كان دانانێت
لەگەڵ کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئێمەش ورده‌ ورده‌ له‌ كۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٧ نزیك ده‌بینه‌وه‌، له‌م ساڵه‌دا گه‌لی كوردستان بینه‌ری جۆرەها ڕوداوی خۆش و ناخۆش بوو ، سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر تیرۆریستانی داعش و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دوو ڕوداوی زۆر مێژوویی و دڵخۆشكه‌ر بوون ته‌نیا بۆ گه‌لی كوردستانی باشور نا به‌ڵكو بۆ گشت ئازادیخوازان و كوردستانیانی پارچه‌كانیتر و تاراوگه‌ش مایه‌ی شادی بوون .
به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ردوو ڕوداوه‌ گرنگه‌كه‌ به‌ بێ قوربانیدان نه‌بوون ، زۆر ڕۆله‌ی ئه‌و نیشتمانه‌ له‌و پێناوه‌دا ڕوح و ژیانی خۆیان، یان به‌شێك له‌ جه‌سته‌یان به‌خشی و ناوی پێشمه‌رگه‌یان پیرۆزتر و به‌رزتر كرد، زۆرێكیش سامان و ماڵی خۆیان له‌ پێناوی ته‌نیا كورد بوونیان و ئازادیخوازیان له‌ ده‌ستدا و ئاواره‌ بوون، ئه‌و ئازیزانه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ كه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌ و دوره‌ شارو زێدی خۆیان ده‌بن و لاپه‌ڕه‌ی په‌رتوكی مێژووی كاره‌سات ونه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ به‌ر نه‌بوونی كیانێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری هه‌ر ڕو له‌ سه‌ره‌و ژوری ده‌كات.
هه‌ر پیلانه‌ سیاسییه‌كان و هێرشی سه‌ربازی تیرۆریستانی فره نه‌ته‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و هێزه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌كانی عێڕاقی و ئێرانی و لوبنانی نین بۆ سه‌ر خاك و گه‌له‌كه‌مان كه‌ گیانی كوردستانیان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و غه‌رقی خوێنی ده‌كه‌ن و هه‌ناسه‌یان ده‌بڕن، ئابڵۆقه‌ی ئابوری و داراییش له‌ لایه‌ك ژیان و گوزه‌رانی زۆر سه‌خت كردوون و له‌ لایه‌كی تریش كاره‌ساتی سروشتی و زه‌مین له‌رزه‌ش سه‌ر و ماڵی كوردستانیان له‌ دیوی باشور و ڕۆژهه‌ڵات ده‌كاته‌ ئامانج.
خودایا ئه‌وه‌ چ قه‌ده‌ر و چاره‌نوسێكه‌ گه‌ڵی كورد توشی بووه‌ ، كه‌ ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی ئابووری و سیاسی و هێڕشی سه‌ربازی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و سنور بڕ ده‌بێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كانیش دان به‌ سنوری دانراو بۆ جیا كردنه‌وه‌ی كورد له‌ یه‌كتر دانانێن و كورد له‌ كه‌رمانشا و گه‌رمیان و سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ له‌ یه‌ك كاتدا ده‌بن به‌ قوربانی بومه‌له‌رزه‌.
خودایا ، گه‌لی ئێمه‌ گه‌لێكی خوا ناس و مرۆڤ دۆست و خۆ ڕاگر و ڕه‌وشت به‌رزه‌ ، گیانی شه‌هیدان و قوربانیان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكه‌ و گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رچی به‌ڵا و ڕوداوی ناخۆشه‌ و له‌سه‌روی هه‌موانیشه‌وه‌ له‌ برسی بوون و نائه‌منی و له‌ نیفاق و پارچه‌ پارچه‌ بوون و بێ هیوا بوون بپارێزه‌.
خودایا ئه‌و توانایه‌مان پێ بده‌ كه‌ بتوانین ئێمه‌ی كوردستانیانی باشور به‌سه‌ر هه‌واو و نه‌فسی خۆ په‌ره‌ستی و دژایه‌تی كردنی یه‌كتری زاڵ بین، له‌ هه‌ڵه‌كانمان وانه‌ وه‌ربگرین و خرابه‌ و چاكه‌ له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان له‌ یه‌ك به‌ره‌وه‌ و له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا بین.
Top