پێشمەرگە لە چاوی بەغدا دا
December 11, 2017
وتار و بیروڕا
دوای 16ی ئۆكتۆبەر، زمانی بەغدا بەرامبەر پێشمەرگە بە ئاشكرا گۆڕا، ئەو پێشمەرگەیەی لە شەڕی دژی داعشدا، بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئاسانكاریی زۆری بۆ سوپای عێراق كرد، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، ئەو سەركەوتنەی عەبادی خۆی پێ بادەدات بە ئاسانی نەدەهاتەدی، بەرپرسی سیاسی و حەشد و سوپای عێراق، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە دوو چاوی جیاوازەوە سەیری پێشمەرگە دەكەن، پێشمەرگەی باش و پێشمەرگەی خراپ.
بەرپرسانی بەغدا رایانگەیاند سوپاسی بەشێكی پێشمەرگە دەكەن كە رێگەیان پێداون بۆ داگیركردنی كەركووك، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و سەركردە لە حەشدی شەعبی، لە دیداری كەناڵی تەلەفزیۆنێكی كوردستان گووتی: ئەو بڕیارەی بەشێكی پێشمەرگە كە شەڕی ئێمەیان نەكرد، بڕیارێكی زۆر ئازایانە و قورس بوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش، شەڕی گرتنەوەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی بە كەمتر لە شەڕی داعش نەزانی، بەمەش ئەو پێشمەرگەیەی رۆڵی سەرەكیی لە سەركەوتنەكانی سوپا و حەشدی شەعبیدا هەبوو، عەبادی وەك داعشی لە قەڵەم دان.
بەغدا وێڕای ئەوەی هەموو مافە دەستوورییەكانی هەرێمی بە مافی پێشمەرگەشەوە پشتگوێ خست، خەریكە بە شێنەیی لە رووێكی دیكەوە كار لەسەر پێشمەرگە دەكات، ئەم شاڵاوە دوو دیوی هەیە، یەكیان سوككردن و ناشیرینكردنی پێشمەرگەیە بە شێوەیەكی گشتی و پیشاندانی وەك هێزێكی بەزیو و خۆڕادەستكەر و بە ئاسانی دەستەمۆكراو، ئەویدیش دروستكردنی كەلێن و ناكۆكی لە نێوان پێشمەرگە، راستە پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام بەغدا باش دەزانێ تا رێككەوتنی ژێربەژێر نەكرا، مەعنەویاتی پێشمەرگە چەند بەرز بوو، هەمووشمان دیمەنی ئەو قارەمانانەمان لە شاشەی تیڤییەكان بینی، چۆن بۆ شكۆی پێشمەرگە دەگریان و بەدەم هەڵڕشتنی فرمێسكەوە دەیانگوت ئێمە نەشكاوین فرۆشراوین.
بەداخێكی زۆرەوە، لە كوردستان هێشتا بەچاوی پەیداكردنی گوشار بۆ ناكۆكی حزبی، ئەو هەڵوێستەی بەغدا بەرامبەر پێشمەرگە وەردەگیرێت، عەبادی و بەغدا كە دەڵێن ئەو پێشمەرگانەی شەڕیان نەكرد نیشتمانپەروەرن، مانای وایە ئەوانەی لەپێش پەلامارەكانیان وەستانەوە نیشمانپەروەر نین، واتە بە پێوەری بەغدا خائینن، كەچی لای خۆمان هەن بەو لێدوانانەی عەبادی و كەسانی دی بزەیان دێتێ، خۆشحاڵن كە پەلاماری شكۆی پێشمەرگە دەدرێ، بۆیە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، چونكە هەموو گوشارەكانی بەغدا، وەك گوشار بۆ سەر پارتی دەبینن، بەغداش حەز دەكات وا بخوێندرێتەوە، نەك دژی تەواوی خەڵكی كوردستان وێنابكرێ.