شکست و پاساو

شکست و پاساو
هەر شکستێک گەورە یا بچوک هۆکارێکی لە پشتە، گەڕان بە دوای هۆکاری شکستەکەدا خۆی لە خۆیدا هەستانەوە و سەرکەوتنە بەسەر شکستەکەدا، بۆیە ئەوانەی بڕوایان بە هەستانەوە و شکست پێهێنانی شەکستە بە دوای هۆکاری شکستەکەدا دەگەڕێن، ئەوانەش کە بڕوایان بە هەستانەوە نییە و بەردەوام لە چاوەڕوانی شکستی تردان پاساو بۆ شکستەکانیان دێننەوە.
ئێستا کەسانێک دەرکەوتوون جیا لەوەی پاساو بۆ شکستەکانیان دێننەوە، ئەوەندە چاو و روو قایمن نەک پاساو بۆ شکستەکانیان دێنەوە، ئەوەتا شانازی بە خیانەت و وڵاتفرۆشییەوە دەکەن و بە تامی خەبات و وڵات پەروەری بە گەرووی خەڵکی کوردستانیدا دەکەن.
رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک جەستەی کوردایەتی تەزاند و کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانی تووشی شۆک کرد، چونکە هیچ کوردێک چاوەڕوانی خیانەت و وڵاتفرۆشییەکی لەو جۆرەی نەدەکرد، لە بەرامبەردا دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیش لە هەر چوار پارچە سوپاسگوزاری ئەو گرووپە وڵاتفرۆشەیان کرد، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەش خیانەتکار و وڵاتفرۆشان هێشتا شانازی بە خیانەت و وڵاتفرۆشیەکەیانەوە دەکەن و کەرکوک ئارامە و پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک، بەوەش دەیانەوێ هەموو لایەنەکان بکەنە شەریکی ئەو وڵاتفرۆشیەی کە تەنها ئەوان لێی بەرپرسن.
Top