تاوانێک لە فرۆشتنی کەرکوک تاوان تر

تاوانێک لە فرۆشتنی کەرکوک تاوان تر
تا ئێستاشی لەگەڵدابێ روون نییە کەرکوک فرۆشراوە یان بەخشراوە، ئەگەر فرۆشراوە بە چەند فرۆشراوە؟ ئەی ئەگەر بەخشراوە چۆن و لە پێناو چیدا بەخشراوە؟ با لە باسی فرۆشتن و بەخشین دەرچین، چونکە چ فرۆشرا بێ یان بەخشرا بێ تاوانێکە بەرامبەر بە کوردستانی بوون و ئەو خەبات و خوێن و فرمێسکە کراوە کە لە پێناو کوردستانی بوونی کەرکوک و سەربەخۆیی کوردستان و گەیاندنی کورد بە کەناری ئارامی کراوە، ئەوەی لەم باسەدا مەبەستمە تیشکی بخەمە سەر ئەو تاوان و خیانەتەیە کە لە فرۆشتنی کەرکوک تاوان تر و خیانەت ترە.
لە دوای فرۆشتنی کەرکوک، کەرکوک فرۆشان لە کەرکوک کڕان توندتر و گەرمتر کەوتنە شاردنەوەی ئەو تاوانگەلەی لە کەرکوک و خورماتوو و ناوچە فرۆشراوەکانی تر دەکرێن، وەک ئەوەی پێشتر کەرکوک لە دۆزەخی نائارامیدا بووبێ کەرکوک فرۆشان کەوتنە بانگەشەی ئارامی بۆ شارەکە، لەوەشدا دووئامانجی سەرەکیان هەبوو، لە ئامانجی یەکەمدا مەبەستیان بوو فرۆشتنی کەرکوک دیزە بە دەرخۆنە بکەن و وای پیشان بدەن کە ئەوەی لە کەرکوک روودەدات، رووداوێکی ئاساییە و هێشتا کەرکوک لەژێر هەژموونی کورد و خودی کەرکوکیەکان دایە، دووەمیشیان: دەیانویست بە رای گشتی کوردستانی و نێودەوڵەتی بڵێن: کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هیچ تاوانێکیان لە کەرکوک و ناوچەکانی تر ئەنجاوم نەداوە و ئەوەی دەگوترێ پڕوپاگەندەی سیاسییە و مەبەست لێی تاوانبار کردنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقە، ئەگەرنا ئەوەتا کورد لەژێر سێبەری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەپارێزرێ و بە یەکچاو سەیری کورد و پێکهاتەکانی تری ناو کەرکوک دەکرێ.
بە هەموو پێوەرە سیاسی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەکان لە تاوان تاوان تر شاردنەوەی تاوانە و پاکانە کردنە بۆ تاوانباران، ئەو بانگەشەی کەرکوک فرۆشانیش بۆ ئارامی کەرکوک کردیان شاردنەوەی ئەو تاوانگەلەیە کە هەموو سنوورەکانی مرۆڤبوونی بەزاند و پاکانە کردنیشە بۆ ئەستۆ پاکی تاوانباران، لە هەمان کاتدا رێگا خۆش کردنیشە بۆ بەردەوامی لەسەر ئەنجامدانی تاوانی زیاتر و گەورەتر،
Top