دیدی جیاوازی ماكرۆن و عەبادی بۆ كورد

دیدی جیاوازی ماكرۆن و عەبادی بۆ كورد
ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەریكی ئەوەیە بەغدا لەوە تێبگەیەنێ و پێی بڵێ یەكگرتوویی عێراق بەلای ئێمە واتای پێكەوەژیانە لە سایەی دەستووردا، نەك پەراوێزكردنی كورد، پێی دەڵێن كە گرتنەوەی كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانت بۆ چووە سەر، مانای ئەوە نییە تەنیا ویستی شیعە بچێتە سەر.
بەغدا بڕوای بە دەستوور نەبووە و نییە، بۆیە ئەو داوایەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێ قبووڵ ناكرێ، دیداری سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن و سەرۆك حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە 2/12/2017 لە پاریس، هێندەی دی بەغدای نیگەران كردووە، چونكە پێشوازییەكە بەشێوەیەكی فەرمی بووە، هەروەك ئەو پێشوازییەی لە ئۆكتۆبەری رابردوو لە حەیدەر عەبادی كرد.
سەردانی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بۆ پاریس، یەكەم سەردانە دوای 16 ی ئۆكتۆبەر، بەڵام سەردانێكی گرنگ، چونكە جگە لە ئاڵای كوردستان لەسەر سەكۆی سەرۆك وەزیران لە كاتی كۆنگرەی رۆژنامەوانی بە كوردی نووسرابوو، ئەم سەردانە ئەوە دەگەیەنێ كە ئاڵا و زمانی كوردی زنجیری گەمارۆی سەر كوردستانیان پساند.
سەرۆكی فەڕەنسا گووتی:"یەكگرتوویی گەلی كورد شتێكی جەوهەرییە" هەروەها جەختی لە كوردستانێكی بەهێز لە عێراقێكی یەكگرتوودا كردەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ئەگەر لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نەبن، لەگەڵ ئەوەش نین مافی كورد پشتگوێ بخرێ، ئەم تێڕوانینەی پاریس تەواوكەری تێڕوانینی واشنتۆنە، چونكە ئەمەریكاش رایگەیاند كوردستانێكی بەهێزمان لەناو عێراقێكی یەكگرتووی بەهێز دەوێت.
حەیدەر عەبادی ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار دەڵێ پێویستە هەموو لایەنەكان بەشداری گفتوگۆبن، ئەو داوایە پێش ئەوەی عەبادی بیكات، داوای هەولێریشە، بەڵام عەبادی بە لاقرتێوە ئەو داوایە دەكات، بەشێوەی سەپاندن و گوشار پیشانی هەولێری دەدات، هەرچەندە ئەزموونی گفتوگۆ لەگەڵ كورد، ئەوەی لای بەغدا چەسپاندووە، تا چەند پێشمەرگەیەك بەچیاوەبن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنێكیش بێت جێی خۆی ناگرێ، وەك عەبدولرەحمان بەزاز لە كاتی گفتوگۆی لەگەڵ كورد دركاندی و دواتر لە رێككەوتنێكدا لەگەڵ بارزانیی نەمر بەیانی 29 ی حوزەیرانی 1966 راگەیاند، هەرچەندە ئەوكات بەغدا لاوازبوو و باڵی مەكتەبی سیاسیشی لەگەڵ بوو، بەڵام گوشاری نێودەوڵەتیی بۆ گفتوگۆ نەدەخرایەسەر، ئێستا ئەگەرچی دەوڵەتانی ئیقلیمی لەگەڵ بەغدایە بەتایبەتیش ئێران، بەڵام داوایەكی نێودەوڵەتیش هەیە كە بەغدا ببەنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كورد، كەچی عەبادی وای پیشان دەدات حزبی كوردیی لەگەڵە و گرەو لەسەر ناكۆكیی ناوخۆی كوردستان دەكات و گوشارەكانی بۆ سەر پارتین نەك خەڵكی كوردستان.
جیاوازیی ماكرۆن و عەبادی لە یەكگرتوویی كورد و لایەنەكان لەوەدایە، ماكرۆن داوای جێبەجێكردنی دەستوور و بەتایبەتیش ماددەی 140 و نەهێشتنی حەشدی شەعبی دەكات چونكە حەشد لە دەستووردا نییە، پێشی وایە بەهێزیی كورد بۆ بەهێزبوونی عێراقی فیدڕاڵ گرنگە، هەرچی عەبادی و بەغدایە نایانەوێ دەستوور جێبەجێ بكرێت، عێراقی بێ كوردیان دەوێت.
Top